فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: تەبلیغاتی شەڕخوازانەی ئۆپۆزیسیۆنی لایەنگری ڕۆژئاوا مەحکوومە!
سێشەممە ۲۴-۱۱-۱۴۰۲   |  13-02-2024

لەگەڵ هێرشی نیزامیی گرووپە کۆنەپەرستەکان و هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ناوەندە نیزامییەکانی ئەمریکا لە ئۆردۆن و کوژرانی چەند سەرباز، گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەرەیان سەندووە. ئەمریکا دەستبەجێ ڕایگەیاند کە ئەم کردەوەیە تەحەمول ناکات و ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە سزا دەدات. کۆماری ئیسلامی و هێزە کۆنەپەرستەکانی سەر بە ڕژیم، دوای پەیامەکەی ئەمریکا دەستبەجێ پاشەکشەیان کرد. بەشێک لە فەرماندەکانی سپا لە یەمەن و سووریەش لەو ناوچانەی گرژی و ناکۆکییان لەسەرە چوونە دەرێ. لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەمریکا و هاوپەیمانانی پێگە و بنکەی هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەمەن، سووریە و عێراقیان بە درۆن و ئەنواعی مووشەک بۆمباران کردووە. بەم حاڵەوە دەوڵەتانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامی هەروەک ڕابردوو ڕایانگەیاندووە کە نایانهەوێ بکەونە ناو شەڕی نیزامیی ڕاستەوخۆوە.

هاوکات بەشێکی زۆر لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بە واستەی “شرۆڤەکاران و کارناسان” و یان ڕێبەرانی خودخاندە، لە میدیاکانی بورژوازییەوە دەرکەوتوون و بێشەرمانە خوازیاری هێرشی نیزامیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆسەر ئێرانن. ئەوان بۆ پاساوکردنی ئەم سیاسەتە، هێرش بۆسەر “بەیتی ڕەهبەری” و یان ناوەندە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکەنە چاشنیی وتاری شەڕخوازانەیان. ئەم تەبلیغاتە لە بارودۆخێکدایە کە لە ڕابردوودا هێرشی نیزامیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لەژێرناوی “نەزمی نوێی جیهانی” و بە نیقابی سدووری دیموکراسی بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس، نابوودیی ژێرخانەکانی کۆمەڵگا و هاتنە سەرکاری گرووپە ڕاست و کۆنەپەرستەکانی ئیسلامی سیاسی لە ئەفغانستان، عێراق، لیبی و یەمەن. وە ئاکامێکی بێجگەلە پەراوێزخرانی داخوازیی دیموکراتیک و یەکسانیخوازی و بەدیلی شۆڕشگێڕانە و کرێکاری نەبووە. هێرشی نیزامی بۆسەر ناوەندە ئەتۆمییەکان دەتوانێ کارەساتێکی گەورەی ئینسانی و ژینگەیی لێبکەوێتەوە. بەهۆیەوە سەدان هەزار کەس بکوژرێن و ملیۆنها ئینسان بەرەوڕووی مەترسیی تەندروستی ببنەوە و ژێرخانەکانی کۆمەڵگا وێران بێت. زۆرێک لەوانەی وا ئەم قسە بێ بنەمایانە دەکەن خۆیان لە ناوەندەکانی پەروەردەی ڕژیمی ئیسلامی دەرکراون. پێویستە هەموو بانگەشەکارانی سیاسەتی هێرشی نیزامی لەبەردەم ڕای گشتیدا شەرمەزار و ڕیسوا بکرێن.

لەڕاستیدا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای “نەزمی نوێی جیهانی” چووەتە قۆناغێکی تازە لە ئاڵوگۆڕی ژێئۆپۆلیتیکی جیهانی. لە وەها بارودۆخێکدا، ئەکتەرە جۆراوجۆرەکان بۆ بەهێزکردن و سەقامگیرکردنی پێگەی خۆیان لەم ناوچەیە هەوڵ دەدەن. کۆماری ئیسلامی کە بەرەوڕووی قەیرانی هەمەلایەنە بووەتەوە و نیگەرانی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئێرانە، فریوکارانە هەوڵ دەدات قەیرانەکانی خۆی بە دەخاڵەتگەری سیاسی و نیزامی لە ناوچەکەوە گرێ بدات. وە بە پاساوی بارودۆخی جەنگی و ئیدیعای دەسەڵاتی یەکەمبوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاراستنی ئەمنیەت، لە هەوڵی ئەوەدایە پێگەی لاواز و تێکشکاوی خۆی لە ناوەوەی ئێران لەڕێگەی سەرکوت، زیندان و ئێعدامەوە نۆژن بکاتەوە. کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەموو دروشم و ئیدیعاکانی بەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل، سنوورەکانی مانۆڕی خۆی باش دەناسێ و بینیمان کە لە جەریانی قەتڵوعامی فەلەستینییەکان لەلایەن ئیسرائیل لە غەززە و تەنانەت کوژرانی بەکرێگیراوانی خۆی بێجگەلە هەڵیت و پڵیت و قسەی بێناوەرۆک هیچی تری لەدەست نەهات. ئەمریکاش لەئێستادا و لانیکەم لە سەردەمی بایدێندا دەرگیری قەیرانی جۆراوجۆری ناوخۆیی و سیاسەتی ژێئۆپۆلیتیکی جیهانی و شەڕی ئۆکراینە و دوای شکستی سەرشۆڕانەی لە عێراق و ئەفغانستان بە نەزەر ناگات بیهەوێ بکەوێتە ناو شەڕێکی دیکە لەم ناوچەیە.

لەم بارودۆخە هەستیارە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەدا پێویستە هەرجۆرە نیزامیگەری و شەڕ لە ناوچەکە مەحکووم بکرێت و شەڕخوازان ڕیسوا بکرێن. شەڕ و میلیتاریزم بێجگەلە وێرانی و کوشتاری ئینسانەکان، بزووتنەوە شۆڕشگێڕ و پێشکەوتنخوازەکانیش دەخاتە پەراوێزەوە. هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، چالاکانی پێشڕەوی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و هەموو مرۆڤێکی شەریف و پێشکەوتنخواز پێویستە بۆ ڕێکخستنی چینی کرێکار و جەماوەری ستەمدیدە و چەوساوە و بۆ سەرهەڵدانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی بەهێزتر تێبکۆشێ و ڕێگای ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە بەدەستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش هەموارتر بکات. تەنها حکوومەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و دەوڵەتی کرێکاری – شۆرایییە کە توانای خەباتی بەردەوام بەدژی سەرمایەداری و چەوسانەوە و بەدژی دیکتاتۆری و میلیتاریزیمی هەیە و دەتوانێ کۆتایی بە هەڵاواردنی ڕەگەزی و ستەمی نەتەوایەتی و هەموو زوڵم و ستەمێک بێنێت و سڵامەتی ئینسان و ژینگە بپارێزێت و ئازادی و بەرابەری زەمانەت بکات. دەسەڵاتی کرێکاری سرووشتی ئەنترناسیۆنالیستیی هەیە و مزگێنیدەری ڕزگاریی ئینسانە لە چنگ هەموو ئەو نەهامەتییانەی نیزامی سەرمایەداری بەسەر جیهانیدا سەپاندووە.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

ڕێبەندانی ١٤٠٢ – فێوریەی ٢٠٢٤


واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت