فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان: کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری کوردستان شکست بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی ئیسلامی دێنن!
دوشەممە ۳۰-۱۱-۱۴۰۲   |  19-02-2024

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ١١ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی وەک ڕۆژی بەڕێوەبردنی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی دەورەی دوازدەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و دەورەی شەشی مەجلیسی خبرگانی ڕەهبەری دیاری کردووە. بەپێی یاسای کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی و زەوابتی دیاریکراو تەنها کەسانێک کە باوەڕ و ئیلتزامی کرداریی خۆیان بە ئیسلام و وەلایەتی فەقیه و قانوونی ئەساسی سەلماندووە و بێجگەلە ئەمەش لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعات و شۆرای نیگەهبانەوە تەئید کراون، دەتوانن بۆ ئەم دوو ناوەندەی جەهل و خورافە و گەندەڵی و دزی خۆ کاندید بکەن. لەم دەورەیەدا نەتەنها سەلاحیەتی ئیسلاح تەڵەبەکان بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی دەورەی ئێستا و کەسانی نزیک بە ئاڵقەی ڕەهبەری بەهۆکاری لەقاودانی دزی و گەندەڵیی باڵەکانی دەسەڵات، ڕەدی سەلاحیەت کراون. حکوومەتی گەندەڵ و تاوانکاری ئیسلامی بە ڕەدیف کردنی ناوی ژمارەیەک لە دزان و جەنایەتکاران و قاتڵانی ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ، داوا لە خەڵک دەکات کە بێنە پای سندووقەکانی دەنگدان. تا بۆ جارێکی تر ئەم تاقمە ڕەوانەی ئەم دوو ناوەندە بکات و بۆ دەورەیەکی تر بە پەسندکردنی یاسای دژەئینسانی و بە داسەپاندنی ژیانێکی فەلاکەتبارتر و بە تاڵانکردنی سەرمایە گشتییەکان، ژیانی مفتەخۆرانەیان درێژە بدەن. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری، سیاسی و نەبوونی مەشرووعیەت بەرەوڕووە و ژیانێکی فەلاکەتباری بەسەر کرێکاران و جەماوەری بێبەشی کۆمەڵگادا سەپاندووە و دەستە دەستە لاوان لەسێدارە دەدات، ژنانی خەباتکار و ئازادیخواز بەبیانووی ڕەعایەت نەکردنی حیجابی ئیسلامی زیندانی دەکات، لەبارودۆخێکدا کە گەندەڵی، دزی و ئیختلاسی باندەکانی دەسەڵات بەوپەڕی خۆی گەیشتووە، نەزانانە چاوەڕوانی ئەوەیە کە خەڵک بێنە پای سندووقەکانی دەنگدان و تەنووری ئەم شانۆ ڕیسوایەی ڕژیم گەرم بکەن. کرێکاران، خانەنشینان، ژنانی تێکۆشەر، مامۆستایان و باقیی توێژ و ڕێکخراوە جەمارییەکان لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانەی خۆیاندا بە دەنگی ڕەسا بە ڕژیمی دژەئینسانی کۆماری ئیسلامییان ڕاگەیاندووە کە لە گشت ئەم نیزامە گوزەریان کردووە و بەختەوەری و خۆشبەختیی خۆیان لە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە دژەئینسانە و لە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی بەدوور لە ستەم و چەوسانەوە و هەڵاواردن و نابەرابەریدا دەبینن.

خامنەیی سەردەستەی دزان و تاڵانکاران لە حاڵێکدا داوا لە خەڵکی ئێران دەکات کە بێنە پای سندووقەکانی دەنگدان کە کەمپەینی شانۆی هەڵبژاردنەکانی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خبرگانی ڕەهبەری بووەتە مەیدانی کێشمەکێشی نێوان باڵەکانی حکوومەت لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و لەسەر بەشخوازی لە بەرهەمی چەوساندنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و لەسەر تاڵانکردنی سەروەت و سامان و سەرچاوەکانی کۆمەڵگا. ئەگەرچی باڵی ئیعتدالگەرا و ڕیزی شێواوی ئیسلاح تەڵەبان لە بەشداری لە هەڵبژاردن ناکام و ڕەدی سەلاحیەت بوون و لە دانی لیست لە تاران بێبەری کراون، بەڵام بەهۆکاری ئەوەیکە مەوجودیەتی نیزامی ئیسلامییەکەیان لە مەترسیدا دەبینن، هەوڵ دەدەن شان بە شانی ئوسولگەراکان، ئیعتدالگەراکان و هەموو باندەکانی ڕژیم، خەڵک بەرەو سندووقەکانی دەنگدان ڕەوانە بکەن.

ئاخێزی مانگی بەفرانباری ٩٦ گشت نیزامیی ئیسلامیی کردە نیشانە و بە دروشمی ئیسلاح تەڵەب ئوسولگەرا ئیتر تەواو بوو ماجەرا نیشانی دا کە جەماوەری ملیۆنیی ئێران هیوایان بە هیچ کام لە باڵەکانی ڕژیم نییە و ڕزگاریی خۆیان نەک لە سندووقی دەنگدان بەڵکوو لە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیدا دەبینن. ئاخێزی بەرینی مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٨ کە تێیدا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بەدەستی خوێنڕێژانی کۆماری ئیسلامی کوژران، نیشانی دا کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ڕەنجدیدە و تێکۆشەری ئێران لە گشت نیزامی ئیسلامی بە هەموو باڵەکانییەوە گوزەریان کردووە و گاڵتەجاڕی ئینتخاباتی ڕژیم بەلایانەوە هیچ بایەخێکی نییە. ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەریی ساڵی ١٤٠١ دوای کوژرانی ژینا بە دروشمی سەرەکیی ژن ژیان ئازادی و بە دروشمەکانی مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر، پێداویستییەکانی گەشەی خەبات و پێکهێنانی ڕێبەری و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی فەراهەم کرد.

خەڵکی شەریفی کوردستان، کرێکاران، ژنانی شۆڕشگێڕ، لاوانی تێکۆشەر، جەماوەری بێبەش

کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بە وەڕێخستنی ئەم نمایشە گاڵتەجاڕییە ژمارەیەک بێنێتە پای سندووقەکانی دەنگدان و لەم ڕێگەوە مەشرووعیەت بە دەسەڵاتە تاوانکارەکەی بدات. خەڵکی کوردستان نەتەنها فریوی تەبلیغاتی ڕیاکارانەی ڕژیمیان نەخواردووە بەڵکوو لێبڕاوانە بەرەنگاری هەڕەشە و ملهوڕییەکانی ڕژیم بوونەتەوە. فیداکاری و گیانفیدایی ژنان و لاوانی شۆڕشگێڕ لە جەریانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ بە ڕوونی نیشانی دا کە خەڵکی کوردستان بڕیاریان داوە کۆتایی بە تەمەنی ئەم دەسەڵاتە نگریسە بێنن. پێویستە یەکگرتووانە شکست بەم نمایشە گاڵتەجاڕییە بێنین. دەنگدان بە دزان و جەنایەتکاران بەمانای درێژەدانی ئەو ژیانە فەلاکەتبارەیە کە ئەم خوێنڕێژانە بەسەریاندا سەپاندوون. بەمانای تەئیدکردنی قەتڵ و ئێعدامی لاوانە. دەنگدان بەمانای درێژەی ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی جنسیەتی بەدژی ئەو ژیانەیە کە لە جەریانی ئاخێزی یەکساڵی ڕابردوودا گەلێک دیمەنی شکۆداریان لە خەبات و خۆڕاگری خوڵقاند.

یەکگرتووانە و بە عەزمێکی قایمەوە شکست بە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی ڕژیم بێنن!

بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان


شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٥ /١١/ ١٤٠٢

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co

https://t.me/peshrawcpiran

www.facebook.com/Peshrawcpiran

www.instagram.com/Peshrawcpirn

https://t.me/KomalaCpiranTv