فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: مسەوەبەی حەقدەستی ساڵی ١٤٠٣، پەرەپێدانی هێرشی سەرمایەداران بۆسەر سفرەی بەتاڵی کرێکارانە!
سێشەممە ۰۷-۰۱-۱۴۰۳   |  26-03-2024

ناوەندی دەوڵەتی – خاوەنکاریی “شۆرای باڵای کار” لە دوایین ڕۆژی مانگی ڕەشەممەی ١٤٠٢دا مسەوەبەی زیادکردنی ٣٥ لەسەدی حەقدەستی پایەی بۆ ساڵی ١٤٠٣ ڕاگەیاند. ئەم ڕادەیە لە زیادکردنی حەقدەست تەنانەت لەگەڵ ڕێژەی تەوەرۆمی ساختەی بانکی مەرکەزیش یەک ناگرێتەوە و هەزینەی واقعیی ژیان لەگەڵ حەقدەستی پایەی حەوت ملیۆنی فاسلەی یەکجار زۆرە. خەرجی دابینکردنی ژیانێکی لانیکەم لە شارە گەورەکان باڵای سی ملیۆن تمەنە و لە شارە چکۆلەکان بە کەمتر لە بیست و پێنج ملیۆن تمەن مەقدوور نییە. هەروەها شۆکی ئابووریی خامۆش و پلیکانی لەوانە گرانیی نان و بەرق و ئیحتمالەن بێنزین لە ساڵی تازەدا، هاتنەخواری بەهای ڕیاڵ و پەرداختی هەزینەکان بە دۆلار، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ توانای کڕینی کرێکاران بەردەوام دێنێتە خوارێ و ڕێژەی یەکجار کەمی ئیزافەکراو بە حەقدەستەکان لە هەمان مانگی یەکەمدا بەهۆی تەوەرۆمەوە تەواو دەبێت.

مەسەلەکە لەسەر نەبوونی زانیاری و تێگەیشتنی حکوومەت و سەرمایەداران نییە سەبارەت بە تێچوو و هێڵی هەژاری و ڕێژەی تەوەرۆم و ئاستی نەهامەتی و گرانی و برسێتی خەڵک. سیاسەتی بۆرژوازی ئێران بریتییە لە هەرزانکردنی هێزی کار و درێژەدان بە هێرشکردنە سەر سفرەی چینی کرێکار بە ئامانجی زیادکردنی پشکی سەرمایەدار لە سەروەت و سامانی بەرهەمهێنراو و زیادکردنی قازانجی سەرمایە. بۆ ئەمەش بەهای هێزی کاری کرێکار و حەقدەست و یارمەتییە پەیوەندیدارەکان و بەگشتی ئاستی ژیانی کرێکاران پێویستە بێتە خوارێ. ئەوەش یانی زیندوو ڕاگرتن و بەرهەمهێنانەوەی هێزی کار بە هەرزانترین شێوەی مومکین. هەروەها کرێکاران بەهۆی قەدەغەکرانی ڕێکخراو و سازمانی جەماوەری و حیزبیی خۆیان لە پڕۆسەی دیاریکردنی حەقدەستدا نوێنەرایەتی ناکرێن و کەمترین ڕۆڵیان لە دیاریکردنی حەقدەستدا نەبووە. هەربۆیە پەسندکراوەکانی ناوەندی دژەکرێکاریی “شۆرای باڵای کار” بۆ کرێکاران هیچ ئیعتبارێکی نەبووە و نییە. لەو نێوەدا ئەگەرچی لایەنی سێهەمی شۆرای باڵا، واتە “نوێنەرانی کرێکاران” پەسندکراوەکەیان واژۆ نەکرد، بەڵام ئەم کەسانە نەک “نوێنەر”ی کرێکار، بەڵکوو خزمەتکار و لایەنگری خاوەنکار و دەوڵەتن لەناو کرێکاراندا. تەنانەت ئەگەر لەم شۆرایەدا نوێنەرانی ڕاستەقینەی کرێکارانیش بەشدار بووایەن، بەخاتری ئەوەیکە مێکانیسمی ئیجرایی “شۆرای باڵای کار” بەپێی سێ لایەنەگەراییە و پەسندکراوەکانی چ بە حزووری نوێنەرانی واقعیی کرێکاران و چ بە بێ حزووری ئەوان، بە زۆرینەی دوو دەنگی نوێنەرانی دەوڵەت و خاوەنکار دەبێتە یاسا، لەم ڕووەوە نمایشی بەناو بوێریی نوێنەرانی ساختەی کرێکاران لە ئیمزا نەکردنی ئەم مسەوەبەیە، تەنها بۆ دروستکردنی گومان و دوودڵییە لەناو کرێکاران و بۆ کۆنتڕۆڵکردنی حەرەکەت و ناڕەزایەتییەکانی داهاتوویانە. کرێکاران ئەساسەن ئەم ناوەند و پێکهاتە دژەکرێکارییە بەڕەسمی ناناسن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، مسەوەبەی حەقدەستی سێ بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری بە مەحکومکردنی کرێکاران بە ژیان لەسەر هێڵی مەرگ دەزانێت. بە دڵنیاییەوە کرێکاران بەرانبەر بەم زەرووە ئیسلامییانە بێدەنگ نابن و بە چڕکردنەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتن وەڵامی حکوومەتی سەرمایەداران دەدەنەوە. ئێمە نوێنەرانی ڕاستەقینە و هەڵبژێردراوی کرێکاران بەتاکە دەسەڵاتی کارامە و سەلاحیەتدار بۆ دیاریکردنی بڕی حەقدەست دەزانین. چینی کرێکار بۆ قەرەبووکردنەوەی چەند دەیە داسەپاندنی هەژاری و حەقدەستی کەم و مەمرە و مەژی، بۆ تێکشکاندنی سیاسەتی پەرەپێدانی هەژاری لەلایەن دەوڵەت و خاوەنکاران، ناچارە بەر لە هەموو شتێک بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی خۆی لەپێناو زیادکردنی حەقدەستەکاندا تێبکۆشێ و بزووتنەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ بردنەسەری ئاستی حەقدەست بەپێی هێڵی خوشبژێوی و دابینکردنی ژیانێکی گونجاو لە کۆمەڵگای ئەمڕۆدا ڕێک بخات. بە باوەڕی کرێکاران، کەمترین حەقدەست پێویستە لە سەرووی هێڵی هەژارییەوە بێت و پێداویستییەکانی ژیانێکی ئاسوودە و ئینسانی دابین بکات. لە ڕوانگەی کرێکارانەوە ئەم حەقدەستە پێویستە ببێتە بنەمای حقووقی کارمەندان و خانەنشینان و کرێکارانی کەرتی خزمەتگوزاری و کرێکارانی بێکار و بەشەکانی دیکە. بە واتایەکی تر لانیکەمی حەقدەست و حقووقی پایەی پێویست و گونجاو دەبێ بۆ هەمووان زەمانەت بکرێت.

شۆرای هاوکاری، لە کرێکارانی پێشەنگ و ڕابەرە کردارییەکان و تۆڕەکانی کرێکاری، لە کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کرێکاران داواکارە کە نوێنەری خۆیان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا دیاری بکەن و هەنگاوی کردەوەیی بۆ زیادکردنی حەقدەستی خوازراو بگرنەبەر.

پووچەڵکردنەوەی مسەوەبەی فەلاکەتباری حەقدەست، تەنها بە کردەوەی ڕاستەوخۆ و بە پەرەپێدانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران دەستەبەر دەبێت. لە نەبوونی ئەم چالاکییە سەربەخۆیەدا، حکوومەت و خاوەنکاران تەنانەت هەرئەم ئاستەی حەقدەست بە زۆربەی کرێکارانی ژێردەستەی یاسای کار نادەن و پڕۆسەی چڕکردنەوەی هەژاری و ڕەقابەت و بێکاری و نائەمنی کرێکاران زیاتر پەرە دەستێنێت. کرێکاران ناچارن ڕاستەوخۆ و وەک لەنگەرێک بۆ ڕەفاهی گشتی بێنە مەیدان. لەم مەسیرەدا، جەماوەری ملیۆنیی کرێکار و زەحمەتکێشی شارەکان کە لەژێر باری هەژاری و گرانیی کەمەرشکێندان، پشتیوانی بزووتنەوەی زیادکردنی حەقدەست و حقووقی پایە بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا و بۆ بنەماڵەی گەورەی کرێکارانن. چونکە کرێکاران ژیانێکی شیاوی ئینسان بۆ هەمووان دەخوازن.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٢١ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی

٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی

واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت