شەوی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی بە ١٨٥ درۆن و ١١٠ مووشەکی بالیستیک و ٣٦ مووشەکی کروز ئیسرائیلی کردە ئامانج کە زۆربەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی نیزامی لە دەرەوەی ئیسرائیل خرانە خراوەوە و ژمارەیەکی یەکجار کەم گەیشتنە ئەم وڵاتە کە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو. کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکات کە وەڵامی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر کۆنسوولخانەی کۆماری ئیسلامی داوەتەوە کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەکانی سپای پاسداران. حکوومەتی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە کە لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵامی ئەم هێرشە سەربازییە دەداتەوە. پەرەسەندنی ململانێی سەربازیی نێوان دەوڵەتانی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و ئیسرائیل ئاگری شەڕێکی کۆنەپەرستانەی تەواو لە ناوچەکەدا دادەگیرسێنێت کە دژ بە بەرژەوەندی جەماوەری خەڵکی هەردوو وڵات و ناوچەکەیە و جگە لە وێرانکاری و کوشتن و ئاوارەیی و گرانی هیچ ئاکامێکی تری نابێ.
بەرەیەکی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و دژەئینسانە، دەوڵەتی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامییە. دەسەڵاتێکی دینی، دیکتاتۆر، تیرۆریست، دژەکرێکار و دژەخەڵکی کە کۆمەڵگای ئێرانی بەرەو وێرانی بردووە، بۆشایی چینایەتیی ڕۆژ بە ڕۆژ قووڵتر کردووەتەوە و هەموو جۆرە ناڕەزایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرکوت دەکات. ئەم ڕژیمە لەگەڵ هێزە نیابەتییەکانی لە ناوچەکە بە شوێن ئامانجی زێدەخوازانە و کۆنەپەرستانەوەیە و ئیدیعای درۆینەی دیفاع لە خەڵکی فەلەستین دەکات. بەرەیەکی دیکەی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە، دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیلە کە دوژمنی خەڵکی فەلەستین و ئازادیخوازانی ئیسرائیلە. ململانێکانی ناوچەکە لە دوای هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستدا، پەرەی ستاندووە. کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی ئەم هێرشەیان بە سەرکەوتن ڕاگەیاند. لە تۆڵەی ئەم هێرشەدا، دەوڵەتی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆی قەساب، بە بۆمباران، بە هاوپشتی مووشەک و هێرشی نیزامیی زەمینی، غەززەی وێران کردووە و بەهۆیەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٣ هەزار کەس کوژراون کە زۆربەیان منداڵان و ژنان بوون. زۆربەی حکوومەتەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا کوشتنی خەڵکی ئاساییان لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە بە “مافی بەرگریکردن لە خۆ” وەسف کرد و لەم دەوڵەتە ڕەگەزپەرست و داگیرکەرە پشتیوانییان کرد.
لە ماوەی شەش مانگی هێرشە بەردەوامەکانی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، سیاسەتی گەمارۆدان و برسیکردنی خەڵکی غەززە ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەرینی ڕای گشتی و خەباتی کۆمەڵایەتی بووەتەوە و حکوومەتەکانی ڕۆژئاوای ناچارکردووە فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئاگربەست قبوڵ بکات. حکوومەتی دەستی ڕاستی ئیسرائیل دوای شکستی ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی لە غەززە و گۆشەگیری لەئاستی جیهاندا بەهۆی کۆمەڵکوژی لە غەززە، هێرشی کردە سەر کۆنسوولخانەی ڕژیمی ئیسلامی و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی کوشت تا کۆماری ئیسلامی بێنێتە ناو شەڕی ڕاستەوخۆوە و لەم ڕێگەوە مەسەلەی غەززە بخاتە پەراوێزەوە. کۆماری ئیسلامی کە لە مەنگەنەی فشاری ناوخۆیی و هێزە نیابەتییەکانیدا بوو، هەروەها بەخاتری ڕێگری لە ئیمکانی شکستی سیاسەتی بەرگرانە و کەوتنە پەراوێز لە ناو هاوپەیمانانی، بژاردەی هێرشی نیزامیی ڕاستەوخۆی بۆسەر خاکی ئیسرائیل هەڵبژارد. لەگەڵ هێرشی نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆسەر ئیسرائیل بارودۆخی ناوچەکە گۆڕدراوە و چووەتە قۆناغێکی نوێوە کە زەمینەسازی پەرەسەندنی نیزامیگەری و شەڕی ڕەسمی و ئاشکرایە. زۆربەی دەوڵەتەکانی ناوچەکە و جیهان لەوانە ڕووسیە و چین لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکەدا نین. حکوومەتە ڕۆژئاواییەکان سەرەڕای پشتیوانییان لە ئیسرائیل، گەلێک جار ڕایانگەیاندووە کە خوازیاری چارەسەری دیپلۆماتیک بۆ ئەم کێشمەکێشانەن و دژی پەرەسەندنی شەڕن. ئەمریکا کە پشتیوانی سەرەکیی ئیسرائیلە ڕایگەیاندووە کە کاردانەوەی ئیسرائیل بەم هێرشە نیزامییە نابێ ببێتە شەڕێکی یەکجاری.
لەڕاستیدا جیهان لە ژێر سایەی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکاندا لە قەیرانێکی ئاڵۆزدایە. شەڕەکانی ئوکراین و غەززە، ئاکامەکانی لاوازبوونی هەژموونی ئەمریکا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، زیادبوونی قەیرانی سیاسی و سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جیهانی هاوچەرخ بەرەو جەنگ و میلیتاریم دەبات، کە ئەوەش جگە لە کۆمەڵکوژی و وێرانکاری هیچ ئاکامێکی تری نییە. ئەرکی هەموو هێزێکی چەپ و کۆمۆنیست، هەموو هێزێکی پێشکەتنخواز و هەر ئینسانێکی شەریف و ئازادیخواز، شەڕمەزارکردنی شەڕخوازی و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی دەوڵەتانی کۆنەپەرست و ئایینی لەوانە دەوڵەتی ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامییە.
کۆماری ئیسلامی دوژمنی کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز و ستەملێکراوی ئێرانە. لەئێستادا سیاسەتی شەڕخوازانەی ڕژیمی ئیسلامی بە هێرشی نیزامیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئیسرائیل پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ. ئەم ڕژێمە هەوڵدەدات ئاستی سەرکوت و زەبروزەنگ بە بیانووی هەلومەرجی جەنگ پەرەپێبدات و پاشەکشە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بکات.
درێژەی سیاسەتی جەنگی دەبێتە هۆی لەناوچوونی کۆمەڵگا و لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕدا، جەماوەری خەڵک بە قەتڵوعام و کوشتار، بە لەناوچوونی ژێرخانەکان، بە گرانیی بەرین و وێرانی و ئاوارەیی بەهاکەی دەدەن. کرێکاران، زەحمەتکێشان، ئینسانە ئازادیخواز و شەریفەکان، پێویستە بە هاوپشتی و بە موقاومەت بەرەنگاری ڕژیم و سیاسەتی شەڕخوازانەی بینەوە.
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم
٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣
١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٤
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت