فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان: بژی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکار
شەممە ۰۱-۰۲-۱۴۰۳   |  20-04-2024

یەکی مەی ڕۆژی جیهانیی چینی کرێکار بەڕێوەیە. کرێکاران و لەشکری ستەمدیدەی ڕەنج و کار و چەوسانەوە لەم ڕۆژەدا فرسەتی ئەوە پەیدا دەکەن تا بۆ جارێکی تر لەسەر جیهانی بوونی خۆیان، لەسەر ژان و ڕەنجی هاوبەش و ڕێگاچارەی چینایەتییان پێداگری بکەن.

سەرمایەداریی هەوسارپچڕاوی سەردەمی ئێستا، مرۆڤایەتی و ژیانی سەر گۆی زەویی بەرەوڕووی مەترسی کردووەتەوە و گەیاندوویەتە سەر سنووری لەناوچوون. شەڕ و وێرانی و کوشتار، برسیەتی و نائەمنی و ئاوارەیی و ئاکامە دژەئینسانییەکانی، ژیانی مرۆڤایەتیی لەئاستێکی چند ملیاردیدا بەرەوڕووی نابوودی کردووەتەوە.

بەڵام هیچ کام لەم نەهامەتییانە چارەنووسی حەتمیی کۆمەڵگا و مرۆڤی ئەمڕۆ نییە. ئێمەی کرێکاران و هێزی ملیاردیی کار، خاوەنانی سەرەکیی ئەم جیهانە پڕ لە نیعمەت و سەروەت و ئیمکاناتەین. دەتوانین و تەنانەت بە واتایەکی تر ناچارین بۆ گۆڕینی ئەم بەربەریەتە بێینە مەیدان و خۆمان و هەموو کۆمەڵگا لەم ژان و ئازار و قەیرانانەی نیزامی سەرمایەداری ڕزگار بکەین.

لە ئەوەڵی مانگی مەیدا دەبێ هاواری ڕەسای ئێمە لە هەموو جیهان دەنگ بداتەوە.

کرێکارانی جیهان یەکگرین!

یەکگرین بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاری کرێگرتە و بۆ لەناوبردنی خاوەنداریەتیی تایبەت بەسەر ئامرازی کار و بەرهەمهێنان، بۆ بەهرەمەندکردنی هەمووان لە نیعمەتە بێ ئەژمارەکانی کۆمەڵگا. ڕۆژی کرێکار ڕۆژی ئەم بانگەوازە چینایەتی و جیهانییەی ئێمەیە! ڕۆژی هیچ ئایین و کلتوور و نەتەوە و ڕەگەزێکی تایبەت نییە. ڕۆژی بانگەوازی ئێمە بۆ شۆڕشی کرێکاری و بۆ ڕزرگاریی مرۆڤایەتییە و هیچی تر.

چینی کرێکاری ئێران وەک بەشێک لەم ئەرتەشە میلیاردییەی کار، بەرەنگاری ئەو چەوسێنەرانە بووەتەوە کە دەسەڵاتی سەرمایەدارانەیان بە زەبری ئایین و کۆنەپەرستی بەڕێوەدەبەن. خەباتی چینی کرێکاری ئێران لەدژی ڕژیمی ئیسلامی بۆ بەرگری لە ژیان و لەدژی زۆروێریی خاوەنانی کار بە درێژایی هەموو ئەم ساڵانە بێپسانەوە بەردەوام بووە.

پتر لە چوار دەیە دەسەڵاتی ڕژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی، دژواری و بێمافیی بەرینی بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشدا سەپاندووە. بێکاری، لەسەر کار دەرکردن، گرانی و داسەپاندنی حەقدەستی ژێر هێڵی هەژاری و تەنانەت بەبارمتەگرتنی حەقدەستی دواخراو، هێرشی ڕاستەوخۆی سەرمایەداران بۆ سەر ژیان و سفرەی کرێکاران و بنەماڵەکانیان بووە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە چینی کرێکار لە هەموو ئەم بوارانەدا بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییەکانی خۆی بەردەوام لە گۆڕەپانی خەباتدا بووە و نەسرەوتووە.

مانگرتنە کرێکارییەکان لە ناوەندە گەورەکان و ناڕەزایەتیی هەمیشەیی مامۆستایان و خانەنشینان چەند نموومەن لە بەدواداچوونی چینی کرێکار بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانی. لە یەکی ئایاردا بۆ جارێکی تر لەسەر مافە ڕەواکانی خۆمان پێداگری دەکەین. لە کارخانە و کارگە، مامۆستا و خانەنشین، هەر هەمووان، لێبڕاوانە نەبەردمان لەدژی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی، لەدژی گرانی و هەژاری و فەلاکەت و لەپێناوی دابینکردنی ژیانێکی ئینسانی درێژە دەدەین.

لە کوردستان سەرەڕای هەموو دژوارییەکان و فشاری سەرمایەداران و داسەپاندنی دیاردەی دژەئینسانیی کۆڵبەری بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، ناڕەزایەتی و خەبات دژبەم بارودۆخە فەلاکەتبارە بەردەوام لەئارادا بووە. لە کرێکاران و ڕیزی سۆسیالیستیی کۆمەڵگای کوردستان، کە مێژوویەکی نەک زۆر درێژ بەڵام دەرەوشاوەیان لە ڕێزگرتن لە ئەوەڵی مانگی مەی هەیە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە بە ئامادەیی و بە بەرنامە لەم ڕۆژە چینایەتییە پێشوازی بکەن. چ لە سەردەمی درەوشاوەی ڕێوڕەسمە شکۆمەند و جەماوەرییەکانی ساڵەکانی شەست و چ ساڵەکانی دواتر و هەتا بە ئەمڕۆ، یادی ئەوەڵی مەی لە کوردستان بەردەوام و بەشێوەی جۆراوجۆر ڕێزی لێ گیراوە. لە کەشوهەوای ناڕەزایەتیی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێران و لە هاوسەنگیی ئێستای هێزدا، پێویستە بە کارامەیی و نەخشەمەند بۆ ڕێزگرتن لە ئەوەڵی مانگی مەی ئەمساڵ دەست بە کار بین.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە هەموو کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز، داوا لە هەڵسووڕاوانی کرێکاری و سۆسیالیست لە کوردستان دەکات بە هەر شێوەیەک کە بۆیان دەگونجێ، بەتایبەت بە کۆبوونەوە لە شارەکان و بە ڕێوڕەسمی وتاربێژی و شادی، ڕێز لە ڕۆژی کرێکار بگرن. لە ڕۆژی کرێکاردا پێویستە هەموو خەڵکی کۆمەڵگا بۆ ڕێزگرتن لەم ڕۆژە و هەوڵ بۆ هاوپشتی و یەکگرتووییی زیاتر بانگەشە بکرێن.

بژی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار!

بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٤ی ئاوریلی ٢٠٢٤ی زایینی