فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: پیرۆز بێت یەکی مەی، ڕۆژی یەکڕیزی و هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران!
چوارشەممە ۱۲-۰۲-۱۴۰۳   |  01-05-2024

لە سەروبەندی یەکی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی هاوبەشی کرێکارانی جیهانداین. ئەو ڕۆژەی کە کرێکاران بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ڕەنگ و پێست و ئایین و نەتەوە، یەکگرتوو و یەکپارچە لە دژی ستەمکارانی چەوسێنەر و سەرکوتگەرانی نیزامی سەرمایەداری لەئاستی جیهاندا ڕێپێوان دەکەن و سروودی ئەنترناسیۆناڵ دەڵێنەوە.

ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا لە ئەوەڵی مانگی مەی پێشوازی دەکەین کە جیهانی سەرمایەداری بەرەوڕووی گەلێک قەیرانی جۆراوجۆر بووەتەوە. شەڕ و نائەمنی جیهانی داگرتووە. بۆشایی چینایەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر دەبێتەوە. چەوساندنەوە پەرەیستاندووە و بەهای هێزی کار لەچاو ڕابردوو کەمتر بووەتەوە. سەرمایەداری جیهانی بۆ ئەوەی لە قەیرانە سروشتییەکانی خۆی دەرباز بکات، جگە لە پەرەپێدانی چەوساندنەوە، شەڕ و نائەمنیش بەسەر کرێکاران و زەحمەتکێشانی جیهاندا دەسەپێنێت. درێژەی شەڕی ماڵوێرانکەری ڕووسیە و ئۆکراین و ئاکامە ئابوورییەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە نە تەنیا بەسەر سەری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ڕووسیە و ئۆکرایندا شکاوەتەوە، بەڵکوو بەرە بەرە کاریگەریی زیانباریشی خستووەتە سەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و هاووڵاتییانی ئورووپا.

هاوکات لەگەڵ دەستدرێژییە سەربازییەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، هێرشی هێزە ئیسلامی و کۆنەپەرستەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بوو بە بیانوویەک بۆ ڕژیمی ڕاستڕەو و داگیرکەری ئیسرائیل تا خەڵکی بێ دیفاعی فەلەستین لە زەوی و دەریا و ئاسمانەوە بە دڕندانەترین شێوە کۆمەڵکوژ بکات. شەش مانگ درێژەی ئەم شەڕە و ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ ناوچەکە نەتەنیا هەڕەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات بەڵکوو لەگەڵ ماجەراجوویی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی، سێبەری شەڕێکی ماڵوێرانکەر باڵی بەسەر ژیان و ڕەوتی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێرانیشدا کێشاوە.

بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم شەڕخوازی و نائەمنییانەی کە نیزامی سەرمایەداری لەپێناوی سوود و قازانجی زیاتر بەسەر کرێکارانی وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا سەپاندوویە، لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان کرێکاران بۆ ڕێگری لە هێرشی زیاتری چینی سەرمایەدار و بۆ دەستڕاگەیشتنی چینی کرێکار بە ژیانێکی باشتر لەڕێگەی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرشەقام لە بەرامبەر چەوسێنەراندا ڕاوەستاون.

لە ئێرانیش چینی کرێکار بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییە ڕەواکانی، ساڵێکی پڕ لە ناڕەزایەتی و مانگرتن و خەباتی دژبە چینی سەرمایەدار و دەوڵەتی پشتیوانیان تێپەڕاندووە. پێشوازیمان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکار لە بارودۆخێکدایە کە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا گرفتارە. ئەو قەیرانانەی کە ڕژیمیان گەمارۆ داوە و ڕێگای دەربازوونی چینی دەسەڵاتدار لەم بارودۆخەیان بەتەواوی بەستووە. بێگومان کۆتایی هاتنی هەلومەرجی قەیراناوی و شۆڕشگێڕانەی ئێستا تەنها لە گرەوی پەرەپێدان و قووڵبوونەوەی خەباتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی ئێران لەپێناو بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیدایە.

لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەباتی کرێکاران بەجۆرێک گەشەی کروودە کە لەئێستادا دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بین کە چینی کرێکاری ئێران شان بە شانی کرێکارانی جیهان، یەکی ئایار بکاتە ڕۆژی ڕەزمی هاوبەش و ڕۆژی گەشەپێدانی ناڕەزایەتی و مانگرتن بەرامبەر بە سیاسەتی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامی و نیزامی چینایەتیی ئێستا. بەتایبەت لە بارودۆخی قەیراناویی ئێستادا کە کۆماری ئیسلامی هێرشی بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران پەرەپێداوە، ئەمنیەتی کاری لێ زەوت کردوون، بێکاری و هەژاری و نەداریی لەئاستێکی بەریندا بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا سەپاندووە. لەم ڕووەوە، جێگەی خۆیەتی کرێکارانی ئێران لە ڕەوتی خەباتی خۆیاندا بە یەکگرتوویی و هاوپشتیی سەرانسەری و بەرینتر لە ڕابردوو بەرەنگاری ستەمکاران و چەوسێنەرانی دەسەڵاتداری ئێران ببنەوە.

چونکە ئەوەڵی مانگی مەی – ڕۆژی ڕەزمی جیهانیی کرێکار – دەرفەتێکە بۆ ئەوەی کرێکارانی ئێران بە ئەزموونی زیاتر لە سەد ساڵ خەبات و خۆڕاگری بەرامبەر بە سەرمایەداران و بە ئەزموونی نەبەردی هەتا ئێستای خۆیان، لەم قۆناغە لە مێژووی خەباتی جەماوەری ئێران کە یەکجار چارەنووسسازە و گشت خەڵکی ئێران چاویان لە خەباتیان بڕیوە، بە نمایشی هێزی چینایەتی و هاوپشتیی خەباتکارانە، بڕیاری مێژوویی خۆیان بۆ بەجێهێنانی ئەو ئەرکە گرینگانەی کە لە پێشیانە نیشان بدەن. کار ڕابگرن، خەبات قووڵتر بکەنەوە و بە دروشمی سەربەخۆ و هەنگاوی پتەو بەرەو بەدیهێنانی ئامانجە کۆتاییەکانیان کە بریتین لە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، وەدیهێنانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی، و دامەزراندنی دەسەڵاتی شۆرایی کرێکاران و زەحمەتکێشان، هەنگاو هەڵگرن.

بەرینتر بێت خەباتی کرێکاران لە یەکی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم


واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت