فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دژبە سیرکی “هەڵبژاردنەکان”ی جەنایەتکاران! هەڵبژاردەی کۆمەڵگا: ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی!
چوارشەممە ۰۶-۰۴-۱۴۰۳   |  26-06-2024

کۆماری ئیسلامی لە دوایین شکستی گەورەی لە هەڵبژاردنەکانی دوازدەهەمین دەورەی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی “خوبرگانی ڕێبەری” پشتی ڕاست نەکردبووەوە کە کوژرانی ڕەئیسی، بەرپاکردنی شانۆی ئینتخاباتێکی دیکەی بەسەردا سەپاندووە. ڕژیمی ئیسلامی لە دوو هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆک کۆماری و مەجلیسدا تووشی شکستێکی سەرشۆانە بوو. دەسەڵات دەزانێت ئەمجارە بەرەوڕووی شکستێکی قورستر دەبێتەوە. خامنەیی بە یارمەتیی باندە گەندەڵ و جەنایەتکارەکانی ناو حکوومەت ناسراو بە ئیسلاح تەڵەبەکان و میانەڕەوەکان، بە دروستکردنی دوو جەمسەری درۆینە و بە هێندێک وادەی پووچ و بێبنەما، هەوڵ دەدات تا ئاستێک کۆمەڵگا و بەشە قازانجبەرەکان بەرەو گەمەی هەڵبژاردن ڕابکێشێت. ئامانجی ئەم سیاسەتە کە لەئێستادا بە شەش کاندیدی تاقیکراوە و ئینسانکوژ ئەم شانۆیەیان ڕێکخستووە، گەرم کردنی تەنووری ساردی ئینتخاباتە بۆ قەرەبووکردنەوەی مەشرووعییەتی فۆرماڵی یاسایی. باندە جۆراوجۆرەکانی حکوومەت بۆ جارێکی تر بۆ پاراستنی نیزام و دژبە ڕەوتی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگا لە دەوری خامنەیی بەڕێز بوون.

بەڵام ئەم سیاسەتانە لە سەردەمی خۆیاندا شکستیان هێنا. تابووتی “ئیسلاح تەڵەب و ئوسوولگەرا” ساڵی ٩٦ نێژرا. کۆمەڵگا لەسەر ڕێڕەوی ڕووخاندن و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەیە. کۆمەڵگا گۆڕاوە، نەوەیەکی نوێ و هۆشیار هاتۆتە ناو گۆڕەپانی سیاسەتەوە، کە ڕیفۆرمخوازی تێپەڕاندووە. ژنان بەشێوەی بەرین و شۆڕشگێڕانە لە دژی حیجاب و ئاپارتاید و حکوومەتی ئایینی هاتوونەتە مەیدان و لەپێناوی گەیشتن بە بەرابەری کۆتا نایەن. چینی کرێکار و ناڕەزایەتی بێ وەستانی کرێکاران کە بزوێنەری هەموو ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگایە، دەمێکە دژی هەژاری و کۆیلایەتی و چەوسانەوە هاوار دەکات. ڕیفۆرمخوازان لە چەشنی دواکەوتووانی سیاسین کە بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ خامنەیی و سیستەمی ئیسلامی، هەوڵی بنیاتنانەوەی ئەو مێژووە دەدەن کە تێپەڕیوە.

بەڵام بەرەی شۆڕشگێڕ، ترس و نەبوونی متمانەبەخۆیی لە ڕوخساری ئەو تاوانکارانەدا دەبینێت. کۆمەڵگا هاوشێوەی بۆمبی سەعاتییە، ڕژیم یەکجار شڵەژاوە و ململانێی بەرژەوەندیی باندەکانی ناو حکوومەت شەڕ و کێبڕکێی ئەوانی توندتر کردووە. هەموویان نیگەرانی ڕووخانی دەسەڵاتن و خۆیان بۆ دوای خامنەیی ئامادە دەکەن. ئەمجارە ڕژیم تووشی شکستێکی قورستر دەبیت. هەڵبژاردن بۆ دەسەڵاتداران قەرارە وڵام بەم کێشانە بداتەوە. بەڵام بۆ کۆمەڵگا و بەرەی شۆڕش، وریایی سیاسی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوی چاوەڕواننەکراو، تێکشکاندنی پلان و سیاسەتی خامنەیی و گشت ڕژیم لە نمایشی ئینتخابات، بەکارهێنانی هەموو دەرفەتێک بۆ زەربە لێدان و پاشەکشەکردن بە حکوومەتی ئیسلامی، پرسی سەرەکییە، نەک خودی “ئینتخابات”.

بێگومان ئەمجاریش نەتەنیا لە گاڵتەجاڕی دابەشکردنی دەسەڵات و سەروەت لە نێوان باندە سەرمایەدارەکان و باڵەکانی حکوومەت بەشداری ناکەین بەڵکوو چالاکانە بۆ داسەپاندنی شکستێکی گەورەتر بەسەر کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدەین. لەم دەرفەتەی کە ماوە دژبەم شانۆیە بە داهێنانی جۆراوجۆر چالاکانە تێبکۆشین و لە ڕۆژی “ئینتخابات”دا، بە بایکۆتکردنی بەرین بیساتی مەزحەکەی “ئینتخابات” بەسەر سەریاندا وێران بکەین. گەورەترین بلۆکی دەنگی کۆمەڵگای ئێران “نەویستنی کۆماری ئیسلامییە”!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، کرێکارن و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران بۆ خەباتێکی بەهێز و بەرین لەدژی “ئینتخابات”، واتە سیرکی جەنایەتکارانی ئیسلامی، بانگەشە دەکات. داسەپاندنی شکستێکی لێبڕاوانەی دیکە بەسەر کۆماری ئیسلامی، پێگەی لاوازی ئەمڕۆی ڕژیم لاوازتر و بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە ئامادەتر دەکات. دەنگی کۆمەڵگا بریتییە لە: کۆماری ئیسلامیمان ناوێ! حیجاب و هەڵاواردنمان ناوێ! هەژاری و نەهامەتیمان ناوێ! سەرمایەداریمان ناوێ!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!

٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٣ی هەتاوی – ١٤ی ژوئەنی ٢٠٢٤ی زایینی


واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت