فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: لە مانگرتنی کرێکارانی واگۆنسازیی پارس پشتیوانی بکەین
یەکشەممە ۲۱-۰۵-۱۴۰۳   |  11-08-2024

شەقامەکانی ئەراک لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتندا شایەدی ڕێپێوان و هاواری کرێکارانی واگۆنسازیی پارس لەدژی گەندەڵیی سیستماتیکی حکوومەت، بێ عەداڵەتی و هەڵاواردن بوو. لە گەرمای بەتینی مانگی گەلاوێژی ئەراکدا، کرێکارانی مانگرتوو لە کارخانە هاتنە دەر، لە پردی شاری سەنعەتی تێپەڕین و ڕووبەڕووی ئۆستانداری مەرکەزی کۆبوونەوە. کرێکاران لەدژی گەندەڵیی سیستماتیکی بەڕێوەبەران، سیاسەتی هەرزانکردنی هێزی کار، نەبوونی ئەمنیەتی پیشە، نەبوونی ستانداردە سەرەتاییەکانی ئەمنیەت و سڵامەتی شوێنی کار و دژبە هەڵاواردنی ئاشکرا دروشمیان وتەوە و خوازیاری گۆڕینی بەڕێوەبەرایەتی و سیاسەتی ناعادڵانە و غەیرەئینسانی لەدژی کرێکارانن.

شیرکەتی “واگۆنی پارس” سەربە گرووپی سەنعەتیی “مپنا”یە کە بەشێکی زۆری سەهامەکەی هی وەزارەتی نیرو و ئاستانی قۆدسی ڕەزەوییە و لە دەستی باندە حکوومەتییەکاندایە. “مەلانژاد” لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٠دا، لەڕێگە نفووزی سپا و باندەکانی حکوومەتەوە، بوو بە بەڕێوەبەری گشتی و جێگری سەرۆکی هەیئەت مودیرەی شیرکەتی واگۆنی پارس. ئەو بە دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لە ئاشنایان و نزیکانی خۆی لە پۆستەکانی مودیریەتی چەوساندنەوە، بە کردەوەی فاشیستی لە سەردەمی مودیریەتیدا، بارودۆخێکی کۆیلەئاسا و پڕ لە بێمافیی بۆ کرێکارانی پێکهێناوە. لەم ڕاستایەدا ١٢ کرێکاریی ناڕازیی دەرکردووە، بە هەڕەشە و فشار و بێڕێزێ دەیهەوێ سیاسەتی دژەئینسانیی کرێکاری هەرزان و بێمافی بەسەر زیاتر لە هەزار و ١٧٠ کرێکاردا پسەپێنێت.

کرێکاران دەڵێن: لە دەورەی مودیریەتی “پادگانی”ی مورتەزا مەلانژاد، ئەگەرچی بەرهەمهێنانی واگۆنی پارس بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەڵام داهاتی کرێکاران هیچ ئاڵوگۆڕێکی بەسەر نەهاتووە.” لە کاتێکدا کە هەموو هێڵەکانی بەرهەمهێنانی ئەم کارخانەیە چالاکن و بەرهەمهێنان لە ئاکامی چەوساندنەوەی بەرینی کرێکاران هەروا ڕوو لە زیادبوونە، بە بردنەسەری ئاستی ئیزافەکاری، حەقدەستی کرێکاران کەم بووەتەوە و حەقدەستی کرێکارێک کە دوای ٢٠ ساڵ کار بە ئیزافەکارییەوە، ٢٥ ملیۆن تمەنی پێدەدرا، بۆ ٢٠ ملیۆن تمەن کەم کراوەتەوە. لەکاتێکدا کە ژوورەکانی شوێنی پشووی کرێکارانیان لەناو بردووە و کرێکاران ناچارن لەسەر زەوی و لەسەر کارتۆن دانیشن، مودیرەکان حەقی سەفەر و هەزینەی وەرزشیان زیاد دەکرێت و لە مافی دامەزرانی دایم، بێمەی کامڵ و تایبەت، لە ڕانتی حکوومەتی و دەیان مەزایای دیکە بەهرەمەندن.

کرێکاران ڕایانگەیاندووە کە هەتا هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، درێژە بە مانگرتنیان دەدەن. موڕتەزا مەلانژاد، لە وڵام بە کرێکاران بە جنێودانەوە وتی: “حەوت هەشت کرێکارمان وەردەنا” و باقییەکەشیان ئەگەر درێژە بە ناڕەزایەتی بدەن دەردەکرێن. کرێکارانیش لە ڕاپۆرتی میدیایی خۆیاندا وڵامیان پێ داوە و وتیان: ئەوە کرێکاران بوون کە بە “یەکگرتووییەکی کەم وێنە” خودی مەلانژادیان “لە کارخانە وەدەرنا”! دروشمی “مەلانژاد حەیا کە! کارخانە ڕەها کە!” بەشێوەیەکی بەهێز لەم ئاخێزە کرێکارییەدا نیشانەی هاوپشتی و ئیرادەی چینایەتیی کرێکارانە. بە وتەی کرێکارێکی بەشداربوو لەم ناڕەزایەتییە: “هاتنە خواری حەقی ئیزافەکاری، وەدواخستنی حەقدەست، بێڕێزی و تەوهینی مودیر عامل و مودیری کارخانە، گۆڕینی ڕۆژانی تەعتیلی پێنجشەممە و جومعە لەگەڵ ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە بەهۆی کەمبوونی بەرق”، بەتایبەت “بێڕێزیی مودیر عاملی شیرکەت کە ئەوانی بە ئەرازل و ئەوباش وەسف کردووە”، بووەتە هۆی ناڕەزایەتیی بەرینی کرێکاران. هەروەها کرێکاران لەم ناڕەزایەتییەدا خوازیاری گەڕانەوەی ١٢ کەس لە هاوکارانی خۆیانن کە بە دەستووری مودیریەت لە چوونەوە بۆ کارخانە ڕێگرییان لێدەکرێت.

ناڕەزایەتی و مانگرتنی ئەم دواییەی کرێکارانی واگۆنی پارسی ئەراک، هاوشێوەی ناڕەزایەتیی زۆرێک لە بەشەکانی تری کرێکاران لەوانە کرێکارانی پەیمانی و پڕۆژەیی نەوت و گاز و پێترۆشیمی و مەعادن، ناڕەزایەتیی بەرین و بەردوام و هەفتانەی خانەنشینان لە هەموو شارەکانی ئێران، هەر هەموویان نیشانەی پەرەسەندن و گەشەی بزووتنەوەی کرێکارییە. بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران لەم قۆناغەدا کە پڕە لە قەیرانی ئاڵۆز و دژوار، هەروا بڕبڕەی پشتی خەباتی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕانەیە بۆ ئازادی و بەرابەری و ڕووخاندنی ڕژیمی سەرمایەی ئیسلامی. ڕژیمێک کە لەسەر بەستێنی قەیرانی ناوخۆیی و جیهانی، سیاسەتی دژەکرێکاری، دژەئینسانی و تاڵانکەرانەی بە زەبری سەرکوتی خوێناوی، بە زیندانی کردنی چالاکانی کۆمەڵایەتی و کرێکاری و مەدەنی، بە تەنافی ئامادە بۆ خنکاندنی زیندانیان بەڕێوەبردووە. بێهۆ نییە کە سەرەڕای هەزینە و سزای قورس، دەنگی ئازادی و بەرابەری تەنانەت لە ناو زیندانەکانی ڕژیمیش دەبیسترێت و بوێری و بێباکیی ژنان و پیاوانی بەندکراو دەسەلمێنێت.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بە هەموو توانایەوە لە ناڕەزایەتی و مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکارانی واگۆنسازیی ئەراک پشتیوانی دەکات. شۆرا، لە هەموو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، لە هەموو خەڵکی شەریف و ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، لە هەموو ناوەند و ڕێکخراوێکی کرێکاری و ئازادیخواز و ئینساندۆست داوا دەکات کە لەم خەباتە ڕەوا کرێکارییە پشتیوانی بکەن. ئەم خەباتە دژبە سیاسەتی تاوانکارانەی داسەپاندنی برسیەتی، بێمافی، هێنانەخواری حەقدەستی چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژارییە. دژبە پەرەپێدانی ستەم و چەوساندنەوەی چینایەتی و دژبە هەڵسووکەوت و سیاسەتی پڕ لە سووکایەتی و بێڕێزیی حکوومەت بەرامبەر بە کرێکاران و هەموو خەڵکە. پێویستە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران، بۆ لەسەر کارلابردنی مودیرعاملی فاشیستی شیرکەت، بۆ گەڕانەوە سەرکاری کرێکارانی دەرکراو، بە هەموو تواناوە یارمەتیدەر بین.

بڕووخێ ڕژیمی ئیسلامی سەرمایەداری

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت