فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: کۆماری جەنایەتکاری ئیسلامی دوای هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی، ئێعدامی بەندکراوانی پەرەپێداوە!
دوشەممە ۲۲-۰۵-۱۴۰۳   |  12-08-2024

لە فەزای جەنگی و گرژیی پێکهاتوو لە نێوان دەوڵەتانی کۆنەپەرست و تیرۆریستی ئیسرائیل و ئێران، ئێعدام و زەبروزەنگ پەرەی پێدراوە و کۆماری ئیسلامی لە ڕووی داماوی و بێتواناییەوە بە ئێعدامی بەندکراوان تۆڵەی تیرۆری هەنییە لە خەڵک دەکاتەوە.

لە سەرەتای گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییەوە هەتا ئێستا، دەیان زیندانی لە زیندانە جۆراوجۆرەکان لە سێدارە دراون. ڕەزا ڕەسایی زیندانیی سیاسی لە دەستبەسەرکراونی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١، بەرەبەیانیی سێشەممە شەشی مانگی ئاگۆست بە بێ دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی ئێعدام کرا و لە کەشوهەوایەکی توندی ئەمنیەتیدا بە خاک سپێردرا. ڕۆژی چوارشەممە حەوتی مانگی ئاگۆست، ٢٢ بەندکراو بەکۆمەڵ لەسێدارە دران. ڕێکەوتی ٩ی مانگی ئاگۆستیش دیوانی باڵای ڕژیم حوکمی ئێعدامی شەش زیندانیی سیاسیی لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد پشتڕاست کردەوە.

کۆماری ئیسلامی کە لە کوشتار و ئێعدام و جەنایەت وەپێش هەمووان کەوتووە، لە فەزای جەنگی و گرژییەکان کەڵک وەردەگرێت و ئێعدامی لاوان لە زیندانەکان و دەستبەسەرکردن و زەبروزەنگی پەرەپێداوە. ئەم ڕژیمە کە خۆی لەگەڵ هێزە نیابەتییەکانی پایەکی شەڕ و تیرۆر لە ناوەوە و دەرەوەی سنوورەکانە، لە فەزای جەنگی و توندبوونەوەی گرژی لەگەڵ ڕەقیبەکانی لەپێناوی پەراوێزخستنی ناڕەزایەتیی خەڵک لە ناوەوە کەڵک وەردەگرێت.

کۆماری ئیسلامی کە لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و فەرهەنگیدا نوقم بووە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و نەفرەتی گشتیی خەڵک ناچار بووە ئارایشی بگۆڕێ و ئەمجارە پزیشکیانی هێناوەتە مەیدان بە ئومێدی ئەوەیکە تەمەنی دەسەڵاتەکەی زیاتر بکات. کابینەی پزیشکیان کە بە پشتیوانی لە هێزە نیابەتی تیرۆریستەکان و بە پەرەپێدانی ئێعدام لە ئێران دەست بە کار بوو، لەڕێگەی زیاترکردنی ئێعدامی زیندانیان و بە کەڵک وەرگرتن لە فەزای جەنگی، بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خەڵک و ڕێگری لە ئاخێز و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان هاتووەتە مەیدان.

ئێعدام، دەستبەسەرکردن و پەرەپێدانی زەبروزەنگ ئەگەرچی خەڵک دەکاتە قوربانی، بەڵام نەیتوانیوە کۆمەڵگا چاوترسێن بکات. ئێعدامی ڕەزا ڕەسایی و حوکمی ئێعدام بۆ چالاکانی ژن، شەریفە محەممەدی، پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و نەسیم غوڵامی سیمیاری بەرەوڕووی کاردانەوەی زیندانیانی سیاسی، بەتایبەت ژنانی زیندانی بووەتەوە و بێزاری و نەفرەتی لە کۆماری ئیسلامی زیاتر پەرەپێداوە. ناڕەزایەتیی کرێکاری بەشێوازی جۆراوجۆر هەروەها لەئارادایە. خانەنشینان شەقام چۆڵ ناکەن. کرێکارانی واگۆنسازیی پارس چەند ڕۆژە ناڕەزایەتییەکانیان هێناوەتە سەر شەقامەکان. ژنان لەدژی حیجابی ئیجباری لەگەڵ سەرکوتگەرانی ڕژیم بەشەڕ دێن.

هەڵسووکەوتی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامی، ئێعدامی بەردەوامی زیندانیان، پەرەپێدانی زەبروزەنگ و کاردانەوەی توند بەرامبەر بە ناڕەزایەتییەکان، بەخاتری ترس لە خەبات و خۆڕاگریی گشتیی خەڵکە. شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، هەموو خەڵکی ئازادیخواز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بانگەشەی پەرەپێدانی ناڕەزایەتی لەدژی ئێعدام و زەبروزەنگ دەکات.

ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە دەستی خەڵک و لەڕێگەی شکڵ گرتنی مانگرتنی سەرتاسەری و بە یەکگرتوویی کرێکاران و خەباتی ژنان و ئازادیخوازان دێتە دی. ئەم واقعیەتە ڕوونە تەنیا ڕێگای ڕزگاری لە جەنایاتی کارەساتباری ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان


واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت