ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی مانگی سێپتامبەر لە درێژەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئیسلامی، دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەئامانجی چەکداماڵین و گواستنەوەی زۆرەملێی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئاسایشی سلێمانی ڕاگواستنی سێ ئوردووگای ناسراو بە کۆمەڵەیان دەستپێکرد و بەشێک لەم هێزانەیان ڕەوانەی کەمپی پەنابەران لە ناوچەی سوورداش کرد.
ئاشکرایە ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی کە لە بەرامبەر تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ملیۆنیی کۆمەڵگای ئێراندا وەزاڵە هاتووە، بە سەرکوت و زیندان و ئێعدام، بە تاکتێکی کۆنەپەرستانەی لەم شێوەیە دەیهەوێ درێژە بە دەسەڵاتی نگریسی بدات و بیروڕای گشتیی خەڵکی ئێران بەلاڕێدا بەرێت. دەوڵەتی کۆنەپەرستی عێراق و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی سەرمایەداریی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەران و ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە دژەئینسانییەن.
ئەم پیلانگێڕییەی کۆماری ئیسلامی کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی سلێمانییەوە بەڕێوەچووە پێویستە بدرێتە بەر نەفرەت و ناڕەزایەتیی هەموو ئینسانێکی وشیار و شەریفەوە. بەم کردەوە تاوانکارانەیە داهاتوو و ئەمنیەتی کۆمەڵێک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی و بنەماڵە و کەسوکاریان کەوتووەتە مەترسییەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، بەدەر لە هەر ڕادەیەک جیاوازیی سیاسی کە لەگەڵ ئەم لایەنانە هەیەتی، ئەم کردەوە بێشەرمانەیە سەرکۆنە دەکات و داوا لە خەڵکی شەرافەتمەندی کوردستانی عێراق دەکات کە بەدژی ئەم هەوڵ و کردەوە دژەئینسانییانە ناڕەزایەتی دەربڕن.
ئێمە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی لەئاست ئەمنیەت و پاراستنی گیانی پەناخوازان و لایەنگرانی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نیشتەجێ لە کوردستانی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین و لە خەڵکی بەشەرەفی کوردستانی عێراقیش چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە حکوومەتی هەرێم لەم پەیوەندییەدا بخەنە ژێر گوشارەوە.
مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی بەرابەر بە ٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤ی زایینی