فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: کۆتایی بە شەڕی ڕەگەزپەرستانە دژبە ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێران بێنن!
یەکشەممە ۰۸-۰۷-۱۴۰۳   |  29-09-2024

زیاتر لە چوار دەیەیە کە ئەفغانستان ناوەندی شەڕ و نائارامییە و هاووڵاتییانی ڕۆژێکی بێ شەڕ و خوێن ڕشتنیان تەجروبە نەکردووە. لەم چوار دەیەیەدا ملیۆنان ئەفغانستانی لە ترسی کوژران بەهۆی شەڕە ناوخۆییەکانی موجاهدین و تاڵەبان و تاقمەکانی تر، لەتاو قاتی و برسیەتی و بێکاری و کارەساتە سرووشتییەکانی وەک بوومەلەرزە و لافاو ناچار بوون ئەم وڵاتە جێبهێڵن و لە وڵاتانی دەوروبەر هەتا ئورووپا و ئەمریکا و ئۆسترالیا جێگیر بن. زۆربەیان بەهۆی کەم هەزینە بوونی سەفەر و کورت بوونی ڕێگا و مەترسیی کەمتر پەنایان بۆ دوو وڵاتی پاکستان و ئێران بردووە. کۆمەڵێک لەم خەڵکەش بۆ گەیشتن بە ئورووپا و وڵاتانی پێشکەوتوو، ڕێگا پر مەترسییەکانیان گرتە بەر و هێندێکیان لە دەریاکاندا خنکان و هەرگیز نەگەیشتنە شوێنی مەبەستیان.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامیدا بەپێچەوانەی ئیدیعای میدیاکان و ڕێبەرانی نیزام کە دەڵێن پەنابەرانی ئەفغانستانی “ڕەئفەت”ی ئیسلامییان بەرکەوتووە، ئەم “ڕەئفەت” و میهرەبانییەی باسی دەکەن بێجگەلە بێڕێزی پێکردن و بێمافی و هەڵاواردنی ئاشکرا هیچ شتێکی تر نەبووە. هەزاران نموونە لە هەڵسووکەوتی وەحشیانە و دژەئینسانی و ڕەگەزپەرستانە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامی لە سەرتاسەری ئێران و هەروەها بەداخەوە هێندێک جار لەلایەن بەشێک لە کۆمەڵگای ئێرانەوە دەرحەق بەم ئینسانە لێقەوماوانە ئەنجام دراوە.

بێبەری کردنی ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێران لە خوێندنی باڵا، بێبەری کردنی منداڵی ژنانی ئێرانی و هاوسەرانی ئەفغانستانی لە شناسنامە بەتایبەت ئەگەر ژنانی ئێرانی لەگەڵ پیاوانی ئەفغانستانی بنەماڵە پێکبێنن، پێنەدانی ژمارە حیساب و یان داخستنی حیسابە بانکییەکان، دەستبەسەرکردن و سزادانی بەکۆمەڵ، چەند نموونەیەکن لەم سزایانە. چەند ساڵ لەمەوبەر لە پارێزگای فارس هێزی ئینتزامیی ڕژیم لە کردەوەیەکی بێشەرمانە و دژەئینسانیدا ژمارەیەکی لە پەنابەرانی ئەفغانستانیی خستە ناو قەفەزی ئاسنەوە و ئەوانی لە شوێنی گشتی بە نمایش دانا. ئەم کردەوە قیزەونەی ڕژیم ساڵەهایە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەست بە دەست دەکرێت و لەلایەن خەڵکەوە شەرمەزار دەکرێت.

لە تازەترین نموونەدا دادستانی شارێکی ئێران بڕیاری داوە کە نابێ نانەواییەکان نان بە کەسانی ئەفغانستانی بفرۆشن، کە ئەوەش ئەوپەڕی دژەئینسانی بوونی ئەم ڕژیمە نیشان دەدات و وەبیرهێنەرەوەی ڕەفتاری نازییەکانی ئاڵمان بەرامبەر یەهوودییەکانە لە شەڕی جیهانیی دووهەمدا. “ڕەئفەتی ئیسلامی”ی ڕژیم بۆ پەنابەرانی ئەفغانستانی ڕێگە نادات کە لە ١٦ پارێزگای ئێراندا نیشتەجێ بن و کار بکەن. تازەترین پارێزگاش کە لێیانی قەدەغە کردووە پارێزگای کرماشانە.

کوشتاری پەنابەرانی ئەفغانستانی لە سنوورەکانی نێوان ئێران و ئەفغانستان بە وەحشیانەترین شێوە لەلایەن هێزی ئینتزامی، ئێعدامی تەبەعەی ئەفغانستانی بە بێ ئەوەیکە پێویست بە سەلماندنی تاوان بکات، تەبلیغاتی دژەئینسانیی و پێناسەکردنیان بە سەرچاوەی تاوان و جینایەت و بێکاری بەئامانجی پاساوکردنی هەموو جۆرەکانی نادادپەروەری، ئەو زوڵم و زۆرەیە کە دەرحەق بەم ئینسانە بێ پەنایانە ئەنجام دەدرێت.

ئەفغانستانییەکانی دانیشتووی ئێران زیاتر لە چوار دەیەیە لە مەزرا و کارگاکانەوە بگرە هەتا بواری بیناسازی هاوشانی کرێکارانی ئێران ڕەنجیان بینیوە، چەوساونەتەوە و سەروەتیان پێکهێناوە و بێگومان بەشێکی جیانەکراوە لە چینی کرێکاری ئێرانن. بەڵام لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە بە “بێگانە” پێناسە دەکرێن و لە هیچ مافێکی هاووڵاتیبوون بەهرەمەند نین.

هێرش بۆسەر ماڵی پەنابەران لە یەزد دوای کوژرانی کچێک لەم شارە، تەقەکردن لە ئۆتۆمبێلی هەڵگری پەنابەرانی ئەفغانستانی، دەیان و سەدان نموونەی دیکە لە بیری هەزاران پەنابەری ئەفغانستانی ناچێتە دەر و بێزاریی ئەوان زیاتر پەرەپێدەدات و ئەم ڕژیمە سەرچاوە و پەرەپێدەری ئەم نەفرەت و بێزارییەیە.

پەنابەرانی ئەفغانستانی هاونەوعی ئێمەن و لە دەست حکوومەتە جینایەتکارەکان ڕایانکردووە و خوازیاری ژیان و کار لە شوێنێکی ئەمن و ئارامن. ئێمە خەڵکی ئێران نابێ بە هیچ شێوەیەک بکەوینە داوی ڕژیمی ئیسلامی تاڵەبانیی تارانەوە و هەڵسووکەوتی دژەئینسانی بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستانی قەبووڵ بکەین.

ناسیۆنالیزمی ئێرانی بۆ پاساوکردنی هەڵسووکەوتی نامرۆڤانەی خۆی بەرامبەر ئەفغانستانییەکان، ئەوان بە بێ فەرهەنگ و دواکەوتوو و زیانبەخش بۆ کۆمەڵگا پێناسە دەکات. بێگومان ئەمە ئیدیعایەکی بێبنەمایە. ئەوان هەر ئەو سیاسەتە دەگرنە بەر کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و تاڵەبان لە ئەفغانستان و دەوڵەت و تاقمە ڕەگەزپەرستەکانی ڕۆژئاوا بەرامبەر بە پەنابەران گرتوویانەتە بەر.

پێویستە ڕوو بە پەنابەرانی ئەفغانستانیی داینشتووی ئێران چەند ڕستەیەک بڵێین. بە هەموو وجوودەوە لە ژان و ئازارتان تێدەگەین. ژانی پێ نەفرۆشتنی نان، نەکردنەوەی حیسابی بانکی، دانەمەزران و بێبەری بوون لە ژیان لە ١٦ پارێزگای ئێران و مەحرووم بوونی منداڵەکانتان لە خوندن، هەر هەموویان دەتوانێ نەفرەت و بێزاریی گشتیی لەئاست دەوڵەت و هاوڵاتییانی ئەم کۆمەڵگایە پێکبێنێت. بێزاری لە حکوومەتی ئیسلامی بەڵێ بەڵام بێزاری لە خەڵکی ئێران ڕەوا نییە. ئێوە دەتوانن وەک بەشێک لەم کۆمەڵگایە هاوچارەنووسیی خۆتان لەگەڵ بزووتنەوەی خەڵکی ئێران بە دژایەتیکردنی دەسەڵاتی مفتەخۆر و تاوانکار گرێ بدەن. کەم نەبوون ئەو ئەفغانستانییانەی کە لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١دا بەشدارییان کرد و تەنانەت هێندێکیشیان گیانیان بەختکرد.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە هەموو هێزێکی چەپ و کۆمۆنیست، لە هەموو ئینسانێکی ئازادیخواز و داکۆکیکاری ماف و کەرامەتی ئینسان بەتایبەت پەنابەرانی ئەفغانستانی داواکارە کە بە هەموو تواناوە بەرەنگاری سیاسەتی دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامی بنەوە. هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بە بێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی نەتەوەیی و زمانی و ئایینی، پێویستە بە شێوەی یەکسان لە ئیمکاناتی پەروەردە، تەندروستی و دەرمان، هاتوچۆ و نیشتەجێبوون بەهرەمەند بن.

بڕووخێ نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٢٥ی سێپتامبری ٢٠٢٤ – ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣


واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت)