شازدەی سەرماوەز ڕۆژی خوێندکار لەناو بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خوێندکاران و لاوانی کۆمەڵگای ئێران دژبە ڕژیمەکانی سەڵتەنەتی و کۆماری ئیسلامی بۆنەیەکی بەناوبانگ و ناسراوە. حەوت دەیە بەسەر ئەم بۆنە ناڕەزایەتییە و گیانبەختکردنی سێ خوێندکاری تێکۆشەری زانکۆی تاران لە جەریانی ناڕەزایەتیی خوێندکاران دژبە سەفەری نیکسۆن جێگری ئەوکاتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا تێدەپەڕێت. لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٣٢ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ئەم ڕۆژە بۆنەیەکی زیندوو و خەباتکارانە بۆ خوێندکاران و لاوان و ڕۆژێکی جێی نیگەرانی بۆ هەر دوو دەسەڵاتە کۆنەپەرستەکان بووە. لە زۆربەی ئەم ساڵانەدا چ لە سەردەمی ڕژیمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا شایەدی ناڕەزایەتیی خوێندکاران لەدژی ئیستبداد و زەبروزەنگ و لەپێناو وەدیهاتنی خواستی ڕەوا و ئازادیخوازانەیان بووین.
بە دەستپێشخەری و ئامادەبوونی کاریگەری تەوژمە چەپ و سۆسیالیستەکان لە زانکۆدا خەباتی خوێندکارانی ڕادیکاڵ هەمیشە وەک بەشێکی جیانەکراو و کاریگەر لە خەباتی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵگای ئێران ڕۆڵی گێڕاوە. بزووتنەوەی خوێندکاریش پێ بە پێی پەرەسەندنی خەباتی چینایەتی و سیاسی لە کۆمەڵگا و گەشەی ئاراستە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە. ئەم دیاردەیە لە ماوەی دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا ڕوونتر و شەفافتر بووە. ئاراستە جۆراوجۆرەکان، لق و پۆپە جۆراوجۆرەکانی ڕەوتە ئیسلامییەکان و لایەنگری کۆماری ئیسلامی و دۆخی ئێستا، ناسیۆنالیستە ڕەنگاوڕەنگەکان و لیبڕاڵەکان بەردەوام بوونەتە بەربەستی سەر ڕێگای بزووتنەوەی ڕادیکاڵی خوێندکاری. لە هەمان کاتدا ڕەوتی چەپ و سۆسیالیست لە زانکۆ بە تایبەتمەندیی دیار و حاشاهەڵنەگر، بەرەی ڕادیکاڵ و چەپی بزووتنەوەی خوێندکاریی بەهێز کردووە.
لە دەیەی هەشتای هەتاوییەوە بەرەو ئەملا بە دەورونەخش و بەشداریی داهێنەرانەی خوێندکارانی سۆسیالیست و ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب، بزووتنەوەی خوێندکاریی ڕادیکاڵ ڕۆڵێکی گرینگی لە خەباتی زانکۆ و لە هاوئاراستەکردنی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان گێڕاوە. ئەمڕۆ بزووتنەوەی خوێندکاری و زانکۆکان وەک سەنگەری دیفاع لە ئازادیی بیر و باوەڕ و ڕادەربڕین، سەنگەری دیفاع لە زیندانیانی سیاسی، سەنگەری دیفاع لە مافی کرێکاران، سەنگەری دیفاع لە ئازادیی ژن و سەنگەری خەباتی پتەو دژبە ئیستبداد و زەبروزەنگ و سەرکوت و ئێعدام چاویان لێدەکرێ. خوێندکارانی سۆسیالیست بە دروشمی بەهێز و درەوشاوەی وەک “ڕۆڵەی کرێکارانین، هەردەم پشتیوانیانین” بەکردەوە هاوهەنگاوی و هاوچارەنووسیی خوێندکارییان لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵ و مافخوازەکان پتەو و قایم کرد.
ئەمساڵ لە بارودۆخێکدا بەرەوپیری ١٦ی سەرماوەزەوە دەچین کە لە بزووتنەوەی خوێندکاری چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت بە پشت بەستن بە ئەزموونە بەنرخەکانی بەشدارییان لە ئاخێزە ئینقلابییەکانی مانگی بەفرانباری ٩٦، خەزەڵوەری ٩٨ و بەتایبەت ئاخێزی ڕادیکاڵی خەرمانانی ١٤٠١ دوای قەتڵی دەوڵەتی مەهسا ئەمینی (ژینا)، ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان لە بەهێزکردن و گەشەی خەباتی شۆڕشگێڕانە لە زانکۆ هاوهەنگاو لەگەڵ خەباتی کرێکاران، پەرستاران، خانەنشینان، مامۆستایان و بەشە ناڕازییەکانی دیکەی کۆمەڵگا بەجێبێنن. لەئێستادا کۆماری ئیسلامی لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕوویە. ئەم ڕژیمە بۆ جارێکی تر بە داسەپاندنی فشاری زیاتری ئابووری بەسەر کرێکاران و بە پەرەپێدانی سەرکوتگەری و ئێعدام و ئەشکەنجە و زیندان دەیهەوێ خۆی لەو قەیرانە قورسانەی کە بەرۆکیان گرتووە دەرباز بکات. لە بەرامبەردا کرێکاران، پەرستاران، موعەلیمان، ژنان و باقیی بەشە ناڕازییەکانی کۆمەڵگا بە گەشەپێدانی مانگرتن و ناڕەزایەتی بەرەنگاری ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی دەبنەوە. ئاسۆی سەرهەڵدانەوەی ئاخێزی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەری بووەتە مۆتەکەی سەرانی کۆماری ئیسلامی. بێگومان لاوان و بزووتنەوەی خوێندکاری دەتوانن دەورونەخشێکی گرینگیان لە بەهێزکردنی خەباتی ئێستا و شکڵدان بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی داهاتوودا هەبێت.
لە ١٦ی سەرماوەزی ئەمساڵدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروا شایەدی شەڕ و تیرۆریزمی وێرانگەرە. فاشیزیمی دەسەڵاتدار لە ئیسرائیل زیاتر لە یەک ساڵە بە جینۆساید لە غەززە و بە پەرەپێدانی شەڕ بەرەو لوبنان، بەستێنی شەڕێکی ناوچەیی ئامادە کردووە. کۆماری ئیسلامی و باقیی ڕەوتە تیرۆریستەکانی میحوەری موقاومەتیش پەرەپێدەری ئەم شەڕەن. بێگومان بزووتنەوەی خوێندکاریی ڕادیکاڵ بە دەنگی ڕەسا شەڕ و تیرۆریزمی ئێستا لە ناوچەکە و سەرچاوەکانی بەتایبەت دەسەڵاتی فاشیستی ئیسرائیل و پشتیوانانی مەحکووم دەکات. ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و تیرۆریزم و کۆمەڵکوژی لە غەززە و بە ڕەسمی ناسینی مافە ڕەواکانی خەڵکی فەلەستین خواستی بەپەلەی هەموو بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە و بزووتنەوەی خوێندکاریشە. هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی ئێرانی کە چاوی هیوایان لە شەڕ و دەستتێوەردانی نیزامیی ئیسرائیل و ئەمریکا بڕیوە و ئامانجیان بەلاڕێدابردنی خەباتی جەماوەرییە، پێویستە لەقاوبدرێن و ڕیسوا بکرێن. لەم پەیوەندییەدا بە کۆماری ئیسلامی و ڕەوتە ئاڵقە لەگوێکانی میحوەری موقاومەت دەبێ ڕاگەیەندرێ کە زاڵکردنی کەشوهەوای شەڕ و بەکارهێنانی دژبە خەڵک مەحکووم و قەبووڵنەکراوە. دەکرێ و پێویستە میحوەری موقاومەتییەکان و باقیی ڕەوتەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی زانکۆکان و لە کۆمەڵگادا بخرێنە پەراوێزەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان وێڕای پیرۆزبایی ١٦ی سەرماوەز، هەموو خوێندکارانی خەباتکار و تێکۆشەرانی دیکەی زانکۆ بۆ یەکگرتوویی، بۆ هاوپشتی و هاوکاریی زیاتری بزووتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان لەپێناو پەرەپێدانی ناڕەزایەتی لەدژی فشار و سەرکوتگەرییەکانی کۆماری ئیسلامی بانگەشە دەکات. چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە لە ناڕەزایەتی و ئاکسیۆنەکانی ئەمساڵدا بە بەرجەستەکردنەوەی داخوازی و دروشمەکانی “نا بۆ ئێعدام”، “ئازادیی دەستبەجێی چالاکانی کرێکاری و هەموو زیندانیانی سیاسی”، “نا بۆ حیجاب”، “نا بۆ هەڵاواردنی ڕەگەزی”، “نا بۆ شەڕ و تیرۆریزم”، “کۆمەڵکوژی لە غەززە دەبێ ڕاگیرێت”، خواستە خێراکانی خەڵکی ئازادیخواز نوێنەرایەتی بکرێن و لە دەوری ئەم خواستانە ئەوپەڕی یەکگرتوویی و هاوپشتیی خەباتکارانە پێکبێت.
پیرۆز بێت ١٦ی سەرماوەز، ڕۆژی خوێندکار
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی – دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت