فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: ڕووخانی بەشار ئەسەد و داهاتووی ناڕوونی خەڵکی سووریە
یەکشەممە ۲۵-۰۹-۱۴۰۳   |  15-12-2024

خەڵکی سووریە کە بزووتنەوەی ئازادیخوازییان پاش “بەهاری عەرەبی” بە کوژرانی نیو ملیۆن کەس و بە ئاوارەبوونی ملیۆنی و بە وێرانیی شارەکان سەرکوت کرا، دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد،  بە ترس و هیواوە سەیری پێکهاتنی دەسەڵاتی داهاتووی سووریە دەکەن. دوای ڕووخانی بشار ئەسەد دەسەڵات نەکەوتە دەستی خەڵک. کۆنەپەرستانی ئیسلامیی هەیئەتی تەحریری شام هاتنە سەر دەەسەڵات و ئەمریکا، تورکیە، ئیسرائیل و یەکیەتیی عەرەب هەوڵ دەدەن جێگای کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە لە سووریە پڕ بکەنەوە.

ئیسرائیل داگیرکردنی ناوچەکانی سووریەی پەرەپێداوە و ناوەندە نیزامییەکانی سووریەی لەناوبردووە بۆ ئەوەیکە ئەرتەشی داهاتووی سووریە لاواز بێت و نەتوانێ بۆ ئیسرائیل ببێتە هەڕەشە. لە لایەکی دیکەوە ئامانجێکی تورکیە لە پەرەپێدانی ناوچە داگیرکراوەکان، سەرکوتی خەڵکی کوردستانی سووریەیە کە لە بەرامبەر داعشدا ڕاوەستان و شێوازێکی خۆبەڕێوەبەرییان لە کوردستان پێکهێناوە. ئامانجێکی تریشی بەدەستهێنانی زۆرترین سەهمە لە پێکهاتەی سیاسی، نیزامی، ئەمینەتی و ئابووریی سووریەدا.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی سووریە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسییەکانی وەک داعش، هێرشی بەردەوامی هێزە میلیشیاکانی سەربە حکوومەتی تورکیە لەژێرناوی “ئەرتەشی نەتەوەیی سووریە” و پاشەکشەکردن بە سیاسەتی داگیرکەرانەی ئەم دەسەڵاتە تەنیا بە پشت بەستن بە دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی هەتا ئێستا لە بواری بەرابەریی ژن و پیاو، بەرابەریی کەمینە نەتەوەیی و مەزهەبی و جنسییەتییەکان لە بەرامبەر یاسا، ئازادی سیاسی و پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب لە سەرتاسەری سووریە و ناوچەکە دەتوانێ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ تێپەڕبوون لەم قۆناغە بەرەوڕووی خەڵکدا بکاتەوە. ئەمریکا کە لە بەرامبەر هێرشەکانی داعشدا، هێزەکانی کوردستانی بە هاوپەیمان خۆی دەزانێ، لەئێستادا بەپێی بەرژوەندی ئیمپریالیستیی خۆی لە سات و سەودایەکی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیەدا، ئەوانی لە بەرامبەر هێرشی بەردەوامی میلیشیای سەربە تورکیە، تاوانی شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیە بەتەنیا هێشتووەتەوە. هەر لەم ماوەیەدا هێزە دیموکراتیکەکانی سووریە لەژێر فشاری هاوئاهەنگی ئەمریکا و تورکیەدا ناچار بوون شارەکانی “تەل ڕەفعەت” و “منبج” ڕادەستی هێزەکانی تورکیە بکەن.  ئەرکی سەرشانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی سووریەیە کە ڕاستییەکان سەبارەت بە سرووشتی سیاسەتی ئەمریکا بە خەڵک بڵێن.

کێشمەکێشی نێوان کۆنەپەرستانی ئیسلامیی هەیئەتی تەحریری شام لەگەڵ تورکیە، ئیسرائیل و ئەمریکا و یەکیەتیی عەرەب بۆ دیاریکردنی سەهمی سیاسی، ئابووری و نیزامیی هەر لایەک هێستا لە سووریە کۆتایی نەهاتووە و لەم ڕووەوە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی سووریە بوونی نییە. ئەوەی ئێستا ڕوودەدات کردەوەی تاوانکارانەی تەوژمە ئیسلامییە چەکدارە کۆنەپەرستەکانە کە لە گیانی خەڵکی سووریە بەربوون. بۆ ئەوەی ترس لە دیکتاتۆریی غەیرەئیسلامی بەشار ئەسەد بگوازنەوە بۆ دیکتاتۆرییەکی ئیسلامیی دژەژن. ئامانجی کوشت و کوشتاری ڕەوتە ئیسلامییەکان ڕێگری کردن لە پێکهاتنی هەر ڕێکخراو و حەرەکەتێکی پێشکەوتنخوازە کە بەتایبەت بە یارمەتیی ملیۆنان ئاوارە کە بۆ سووریە دەگەڕێنەوە دەتوانێ بەهێز بکرێت.

دۆراوی سەرەکیی ڕووداوەکانی سووریە کۆماری ئیسلامی و ڕووسیەن. تا بەر لە ڕووخانی ڕژیمی بەشار ئەسەد کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە شەریکی تاوانی کوشتنی نزیکەی نیو ملیۆن کەس لە خەڵکی سووریە، ئاوارە بوونی نزیک بە دە ملیۆن کەس و وێرانی شارەکانی سووریە بوون. ئێستا ڕژیمی ئیسلامی هەزاران کەس لە هێزە نیزامییەکانی خۆی کە دەیان کەسیان لە فەرماندە باڵاکانی سپا بوون لەدەست داوە، دەیان ملیارد دۆلاری بەفیڕۆ چووە و دوای کرانەوەی دەرگای زیندانەکانی سووریە پەروەندەی جەنایەتەکانی بەخاتری پشتێوانی کردنی لە ڕژیمێک کە ئینسانییەتی لە زیندانەکاندا کوشتووە، قورستر بووە.

ڕژیمی دیکتاتۆری غەیری ئیسلامیی بەشار ئەسەد ڕووخا بەڵام دامەزراندنی دیکتاتۆریی ئیسلامی و دژەژنی هەیئەتی تەحریری شامیش لەگەڵ دژواری و ئاستەنگی زۆر بەرەوڕووە. داهاتووی سووریە تەنیا بە ئیرادەی کۆنەپەرستانە و دژەئینسانیی هەیئەتی تەحریری شامەوە گرێ نەدراوە و مەیدانی کێشمەکێشی هێزە جۆراوجۆرەکانی سووریە و دەسەڵاتە ناوچەیی و جیهانییەکانە. ئەگەرچی ئاسۆیەکی ڕوون لەبەردەم کۆمەڵگای سووریەدا نییە بەڵام هەر ئەوەیکە دیکتاتۆرییەتی بەشار ئەسەد ڕووخاوە خەڵکی ئەم وڵاتەی شاد کردووە.

بێگومان بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی سووریە، ڕووخانی ڕژیمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد، دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ بێت بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاری لە هەژاری و برسیەتی و جیاکاری و زەبروزەنگ و کوشتار. بەڵام هەنگاو هەڵگرتن بەرەو ڕزگاریی ڕاستەقینە، لە گرەوی ئەوەدایە کە جەماوەری خەڵک بتوانن بە کەڵک وەرگرتن لە بۆشایی ئیداری و حکوومەتیی ئێستا بە هەر ڕادەیەک دەتوانن ڕیزەکانی خۆیان ڕێکبخەن و بە دامەزراندنی ناوەندەکانی دەسەڵاتیان، مۆری خۆیان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان بدەن.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٣ی هەتاوی – ١٣ی دێسامبری ٢٠٢٤ی زایینی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت