دوای ١٥ مانگ شەڕ و کۆمەڵکوژی، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی ٦ هەفتەیی لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و حەماس، بە گۆڕینەوەی دیلەکان و ناردنی یارمەتیی ئینسانی دەستپێکردووە. لە قۆناغەکانی دیکەی ئاگربەستدا قەرارە ئەرتەشی ئیسرائیل پاشەکشە بکات و خەڵکی فەلەستین بۆ ناوچەکانی غەززە بگەڕێنەوە. ئەگەرچی بەهۆکاری ناکۆکیی ناوخۆیی دەوڵەت و کۆمەڵگای ئیسرائیل لەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست و بەهۆی ناڕوون بوونی شێوازی ئیدارەی غەززە ئەم ئاگربەستە لاوازە، بەڵام ئەم هەواڵە بۆ ئەو فەلەستینییانەی لە ١٥ مانگی ڕابردوودا لە ترس و دڵەڕاوکێی مەرگ و کوشتار و وێرانیدا ژیاون، بووەتە هۆی شادی و دڵخۆشییان و ئومێد بە ژیانی پێداون. بێگومان ڕەوتی ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوو لە غەززە تەنیا لە کاناڵی مەحکووم کردن و خستنە ژێر فشاری زیاتری دەوڵەتی ئیسرائیلەوە تێناپەڕێت.
هێرشی ٧ی ئۆکتۆبری ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل، دەرفەتێکی دیکەی بۆ دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل خوڵقاند تا گەورەترین کوشتار و کۆمەڵکوژی لە سەدەی ئێستادا بەدژی خەڵکی فەلەستین ڕێکبخات. جینۆسایدی ئیسرائیل بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە ٤٦ هەزار فەلەستینی کە بەشێکی زۆریان خەڵکی سڤیل و ژنان و منداڵان بوون. بەڵام بەرینایی تاوان و وێرانکاریی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل زۆر لەم ئامارە و ئەرقامە زیاترە. تەرمی زۆرێک لە قوربانییان هێستا لەژێر وێرانەکاندا ماون. لەگەڵ وێرانبوونی ناوەندەکانی پەروەردە و تەندروستی و نەخۆشخانەکان نەتەنیا بریندارەکان بەڵکوو هەزاران نەخۆشیش گیانیان لەدەستدا. غەززە و هەموو ژێرخانەکانی بەجۆرێک وێران بوون کە ئیمکانی گەیاندنی یارمەتیی ئینسانیی یەکجار دژوار کردووە و نۆژنکردنەوەی دەیان ساڵ دەخایەنێت.
بەپێچەوانەی پڕوپاگەندەی دەوڵەتی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی، کە بەردەوام درێژەی هەیە، ٧ی ئۆکتۆبر دەستپێکی گرژیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان نییە بەڵکوو بەپێچەوانەوە ٧٠ ساڵ داگیرکاری، سەرکوتی هێزە پێشکەوتنخوازەکانی فەلەستین، پێشێلکردنی ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان، پێشێلکردنی مافی خەڵکی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ و داگیرکردنی ناوچەکانی فەلەستین لەلایەن گرووپە کۆنەپەرستە یەهوودییەکان، بەستێنی گەشەی ڕەوتی ئیسلامگەرای حەماس و میحوەری موقاومەتی فەراهەم کرد. بێگومان دەوڵەتی ئەمریکا و زۆربەی دەوڵەتەکانی ئورووپا لەم کۆمەڵکوژییەدا شەریک و هابەشن. بە بێ پشتیوانیی نیزامی، دارایی، لۆجستیک، زانیاری، دیپلۆماتیک و میدیایی ئەوان دەوڵەتی ئیسرائیل هەرگیز نەیدەتوانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر فەلەستینییەکاندا تا بەم ڕادەیە سەرکەشی بکات. لەماوەی ١٥ مانگی ڕابردوودا شەپۆلی پڕوپاگەندەی میدیایی ئەم دەسەڵاتانە دژبە خەڵکی فەلەستین و هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان، بەستێنی کوشتار و وێرانیی زیاتری لە غەززە بە بیانووی “مافی ئیسرائیل بۆ بەرگریکردن لەخۆی” پێکهێناوە.
لەماوەی مانگەکانی ڕابرودوودا ئەوەیکە فەزای سیاسی و بیروڕای گشتیی جیهانی بە قازانجی فەلەستین گۆڕی ئیعتڕازاتی بەرینی خوێندکاران، هێزە پێشڕەوەکان، و هەموو ئیسنانە شەریف و ئازادیخوازەکانی جیهان لەدژی دەوڵەتی ئیسرائیل بوو. لەژێر کاریگەریی ئەم ناڕەزایەتییانەدا دادگای نێودەوڵەتی حوکمی دەستگیرکردنی نەتانیاهۆ و گالانتی بە تاوانی نەسلکوژی و جەنایەتی جەنگی دەرکرد. لەئێستادا دەوڵەتی ئیسرائیل سەرکەوتنی نیزامیی بەسەر حەماس و میحوەری موقاومەت و حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامیدا ڕاگەیاندووە کە هەڵبەت بەهاکەی بۆ خەڵکی فەلەستین کوشتار و وێرانیی غەززە بوو. بەڵام ناڕەزایی جەماوەری لە سەرانسەری جیهان دژبە تاوانەکانی جەنگ و جینۆساید و تەنانەت ناڕەزایی دەوڵەتانی دیکە لە دامەزراوە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان، حکوومەتی ئیسرائیلی لەبەردەم بیروڕای گشتی تووشی شکستێکی گەورە کردووە.
لەدوای ڕاگەیەندرانی ئاگربەست، هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی حەماس، حیزبوڵڵا و کۆماری ئیسلامی بارودۆخی ئێستا بە سەرکەوتنی خۆیان وەسف دەکەن. بەڵام لەڕاستیدا ئەوان جگە لەو زەربە قورسانەی بەریان کەوتووە ئاکامی سیاسەت و کردەوەیان تەنیا هاندانی دەسەڵاتی ئیسرائیل بووە بۆ کوشتاری خەڵکی فەلەستین و وێرانی و ئاوارەیی زیاتر. لە بارودۆخی ئێستادا ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی میحوەری موقاومەت یەکجار لاواز بوون. وەها بارودۆخێک ئیمکان و بەستنێی ئاڵوگۆڕ و سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی دیموکراتیکی فەلەستینی، پێکهاتوو لە ئاراستە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی فەلەستین فەراهەم دەکات. سەرهەڵدانی ڕاستەقینەیەی وەها بزووتنەوەیەک تەنیا بە هاوپشتیی جیهانیی هێزە چەپ و پێشکەوتنەخوازەکان، بە پشتیوانیی ناوەندە کرێکارییەکان لە سەرتاسەری جیهان و بە حمایەتی خەڵکی ئازادیخوازی ئیسرائیل دێتە دی.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیسەکان وێڕای مەحکووم کردنی دەوڵەتی نەسکوژ و داگیرکەری ئیسرائیل، هاوڕێ لەگەڵ هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکان و خەڵکی ئازادیخوازی سەرتاسەری جیهان پشتیوانیی خۆی لە خەڵکی فەلەستین بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووس و خەبات لەدژی داگیرکاری و لەپێناوی کۆمەڵگایەکی بەدوور لە سوڵتە و ستەم و چەوسانەوە ڕادەگەیەنێت.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیسەکان
٢٠ی ژانویەی ٢٠٢٥ی زایینی
١ی بەفرانباری ١٤٠٣ی هەتاوی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت