فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان سەبارەت بە کوژرانی نیان چەڵەبیانی، منداڵی تەمەن ٧ ساڵ لە شاری بۆکان
شەممە ۰۶-۱۱-۱۴۰۳   |  25-01-2025

ڕێگە نەدەین ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی لەسەر کورسیی قەزاوەت دانیشێت!

کوژرانی دڵتەزێنی نیان چەڵەبیانی، منداڵی تەمەن حەوت ساڵ کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی مانگی بەفرانبار لەلایەن یەکێک لە کەسوکاری خۆیەوە دەستدرێژی کرایە سەر، ئیعتڕازی بەرینی لێکەوتەوە و هەستی ئینسانیی زۆرێک لە خەڵکی کۆمەڵگای کوردستان و ئێرانی ئازاردا. بێگومان دواکەوتوویی و وەحشیگەری بەرامبەر بە ژنان کە دەسەڵاتی سەرمایەداریی نگریسی کۆماری ئیسلامی و یاسا دژەژنەکانی بووەتە هۆی پەرەسەندن و ڕەسمییەت پێدانی، زۆر کەسی لەم کۆمەڵگایەدا کردووەتە قوربانی. بەڵام بەبیانووی ئەم تاوانە خۆفناکە، کۆماری ئیسلامی کە لە قەیراندا نوقم بووە و کەوتووتە بەر نەفرەت و بێزاریی ملیۆنیی خەڵک، نابێ دەرفەتی ئەوەی پێ بدرێ لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێت.

ڕۆژی ڕابردوو لە کۆبوونەوەی خەڵکی ناڕازی لە بەرامبەر فەرمانداریی شاری بۆکان، بەکرێگیراوێکی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگ کردن و کەڵک وەرگرتن لە تووڕەیی خەڵک بە قازانجی حکوومەت، ئیدیعای کرد کە قاتڵی نیان سەنگسار دەکرێت و فەرماندار و فەرماندەی هێزی ئینتزامیش خوازیاری بەڕێوەبردنی ئەوپەڕی سزا بۆ کەس یان کەسانێک بوون کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر.

بەڵام بەڕاستی کێ هەیە نەزانێ کۆماری ئیسلامی خۆی داڕێژەری قەتڵ و جەنایەت و کوشتارە. کێ هەیە نەزانێ کە کۆماری ئیسلامی و یاسای کۆنەپەرست و دژەمنداڵ و دژەژنی ئەم نیزامە خۆی ڕەگ و ڕیشەی هەموو تاوان و وەحشیگەرییەکە. ناوی نیان چەڵەبییانیش دەبێ بە لیستی بێشوماری قوربانییانی نیزامی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی زیاد بکرێت. کۆماری سێدارە و سەنگسار دەبێ لەسەر کورسیی تاوانبار دانیشێت نەک لەسەر کورسیی قەزاوەت.  بەکرێگیراوان و جەنایەتکارانی ڕژیمێک کە دەیان ملیۆن کەسی ئەم کۆمەڵگایە لەدژی ئێعدام و قەتڵە دەوڵەتییەکانی هاتوونەتە مەیدان، نابێ دەرفەتی ڕیاکاری و تاوانی زیاتریان پێبدرێت.

خەڵکی ئازادیخوازی بۆکان‌!

کۆماری ئیسلامی بەخاتری ئێعدام و سەنگساز خۆی تاوانباری سەرەکییە. هەزاران منداڵی تەمەن ٩ ساڵی هاوشێوەی نیان بە حوکمی یاسای قیزەونی ئەم ڕژیمە دەستدرێژییان پێکراوە. ئێعدام و سەنگسار شێوازی دڕندانەی کۆماری ئیسلامییە بۆ پەرەپێدانی ترس و تۆقاندن و ئاسایی کردنی توندوتیژی لە کۆمەڵگادا. کۆماری ئیسلامی بەخاتری هەر ئەم تاوانانەی کەوتووەتە بەر تووڕەیی و ئیعتزازی گشتی و لە مەسیری ڕووخاندایە.

بێگومان ئەم تاوانە وەحشیانەیە دەرحەق بە نیان چەڵەبیانی دەبێ بدرێتە بەر بێزاری و ناڕەزایەتیی خەڵک، بەڵام کۆماری ئیسلامی کە ڕۆژی پێش ئەم جەنایەتە شایەدی ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان دژبە سزای ئێعدام بووە لە هەوڵی ئەوەدایە لە ئاوی لێڵ ماسی بگرێت و لەم فورسەتە کەڵک وەرگرێت. بۆ ئەوەی ئیعتڕازی ئێوەی خەڵکی تێکۆشەر کە ئەساسەن دەبێ لەدژی نیزامی کۆماری ئیسلامی و یاسای کۆنەپەرستانەی بێت، بەلاڕێدا بەرێت.

قەتڵی دڕندانەی نیان بێگومان دەبێ لەلایەن هەموو ویژدانێکی بەخەبەرەوە مەحکووم بکرێت بەڵام ئێعدام و سەنگساز لە دووپات بوونەوەی ئەم تاوانانە لەئاستی کۆمەڵگادا ڕێگری ناکات. ڕێگە مەدەن کۆماری ئیسلامی لەم جەنایەتە بە قازانجی خۆی و بۆ ئاساییکردنی سزای ئێعدام و دووپات کردنەوەی ئێعدام و سەنگسار کەڵک وەرگرێت. کۆماری ئیسلامی وەک بڕیاردەر و ئەنجامدەری هەموو جەنایەتەکان و پەرەپێدەری فەرهەنگی کۆنەپەرستیی ئایینی و دژەژن، بکەنە ئامانجی ئیعتڕاز و ناڕەزایەتیتان.

سەنگسار و ئێعدام وڵامی ئەم جەنایاتە نییە!

بڕووخێ ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٣

٢٤ی ژانویەی ٢٠٢٥