فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، دژبە دەرکرانی دووبارەی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی
شەممە ۲۷-۱۱-۱۴۰۳   |  15-02-2025

بەگوێرەی هەواڵی بڵاوکراوە لەلایەن پارێزەرانی “شەریفە محەممەدی”، ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی دووبارە بۆ ئەم چالاکە ناسراوە کرێکارییە حوکمی ئێعدامی دەرکردووە و جیا لە تۆمەتی تەبلیغ دژی نیزام و ئەندامیەتی لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، چەندین تۆمەتی بێبنەمای دیکەشی بەسەردا سەپاندووە. دەزگای قەزایی ڕژیمی گەندەڵ و سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی هیچ کات بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان هەڵسووکەوتی لەگەڵ دۆسیەی بەندکراوانی سیاسی نەکردووە. بەڵکوو هەر چالاکێکی کرێکاری، هەر ژنێکی ئازادیخواز و هەر نەیارێکی سیاسیی بە مەیلی خۆی و بەپێی فەرمانەکانی وەلی فەقیە بەهەر تۆمەتێک کە ویستوویەتی تۆمەتباری کردوون و خستوونیە زیندانەوە.

نیزامی کۆماری ئیسلامی کە لە بناغەوە لەسەر هەڵاواردن و نابەرابەری دامەزراوە، چالاکیی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بە تاوان پێناسە دەکات. ئازادبیری و چالاکیی سیاسی لەم نیزامەدا بەتوندی سەرکوت دەکرێت و هەرجۆرە دژایەتییەک لەگەڵ سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم سزای سەختی بەدواوەیە.

کرێکارێک کە بۆ وەرگرتنی حەقدەستی شیاوی خۆی دەێتە سەر شەقام، بە تاوانبار دەناسرێت. خانەنشینکراوێک کە بۆ وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خۆی بێباکانە خەبات دەکات لەم نیزامەدا تاوانبارە. ڕێکخستن و سازماندانی کۆمەڵایەتی تاوانێکی گەورەیە. ژنێک کە تەسلیمی جیاکاریی ڕەگەزی نابێت و بۆ بەرگری لە مافە جیهانییەکانی موقاومەت و خۆڕاگری دەکات، تاوانبارە. دەسەڵاتێک کە چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ژنان بەتوندی سنووردار دەکات و چالاکیی ژنان بەرەوڕووی حوکمی زاڵمانە و دڕندانە دەکاتەوە.

ئەو خەڵکەی بۆ نەمانی ستەمی نەتەوایەتی و دژبە سەرکوتگەریی ڕەگەزپەرستانە تێدەکۆشن، هەر هەموویان بەکۆمەڵ بەتاوانبار دەناسرێن. لەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستەدا، ئازادبوون و دەربڕینی بیروبۆچوون بەمانای ڕاستەقینەی وشە، تاوانە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سیاسەتی سەرکوت، زیندان، ئەشکەنجە و ئێعدام بۆ زاڵ کردنی ترس و وەحشەت بەسەر کۆمەڵگادا بەکار دێنێت. هەموو دامودەزگاکانی حکوومەت و باندە گەندەڵەکانی پارێزگاری ئەم ڕژیمە، چەکی سەرکوت وەک ستراتێژی مانەوەی ئەم نیزامە دیکتاتۆر و سەرمایەدار و کۆنەپەرستە بەکاردێنن و لەماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا لە سیاسەتی سەرکوت وەک سەرەکیترین تاکتیک بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتە نگریسەکەیان کەڵکیان وەرگرتووە.

ڕژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دووبارە حوکمی ئێعدامی “شەریفە محەممەدی”ی ڕاگەیاندووە، لەکاتکێدا مەترسیی ئێعدامی لەسەر سەری پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و دەیان چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی دیکە ڕاگرتووە، لە کاتێکدا دوژمنایەتی لەگەڵ چینی کرێکار، ژنانی تێکۆشەر و هەرجۆرە بزووتنەوەیەکی خەباتکارانە درێژە دەدات کە سەرتاپێی دەسەڵاتە گەندەڵەکەی بەرەڕووی قەیرانی قووڵی سیاسی، ئابووری، پەراوێزخرانی نێونەتەوەیی بووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی داڕمانێکی هەمەلایەنە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە خەڵکی تێکۆشەری ئێران بۆ ساتێکیش لە بەدواداچوونی داخوازییەکانیان پاشگەز نەبوون و دەنگی ئیعتڕازی بەردەوامی کرێکاران، ژنان، خانەنشینان، پەرستارانی خەباتکار و هەموو خەڵکی وەگیانهاتوو، ترسی خستووەتە ناو سەران و کارگێڕانی ڕژیمەوە.

خەڵکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز!

چ لە ناوەوە و چ لە دەرەوەی ئێران خەبات لەدژی سزای ئێعدام، ئەشکەنجە و زیندان، خەبات لەپێناوی ئازادیی هەموو بەندکراوانی سیاسی ئەرک و بەرپرسایەتیی بەکۆمەڵمانە. ساڵەها تێکۆشان و خەبات لەدژی ئەم ڕژیمە فێری هەموومانی کردووە کە تەنیا بە خەباتی لێبڕاوانە، بە ناڕەزایەتیی گشتی لە کارخانە، زانکۆ و شەقام دەتوانین ئەم ڕژیمە تاوانکارە ناچار بە پاشەکشە بکەین. بێگومان ئەمجاریش تەنیا بە هێزی ئیعتڕازی کۆمەڵایەتی دەتوانین ڕژیم مەجبوور بکەین حوکمی زاڵمانەی ئێعدامی “شەریفە محەممەدی”، “وریشە مورادی”، “پەخشان عەزیزی” و باقی بەندکراوان هەڵوەشێنێتەوە.

ئەم ئینسانە ئازادیخوازانە، ئەم بەندکراوە سیاسییە تێکۆشەرانە کە لەناو سیاچاڵەکانی ڕژیمدا زیاتر لە یەک ساڵە هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدامیان درێژە داوە، نابێ بەتەنیا بهێڵینەوە. بە هەر شێوەیەک بۆمان دەگونجێ و لە هەر شوێنێکین ئەرکی سەرشانمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی دژەئینسانیی ئێعدام و بۆ ئازادیی هەموو بەندکراوانی سیاسی لە هیچ هەوڵێک دەریغ نەکەین.

سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!

بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان!

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

٢٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٤ی فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی