
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی مانگی ڕێبەندان، “ئەمیر محەممەد خالقی” خوێندکاری تەمەن ١٩ ساڵی زانکۆی تاران لە نزیک کوی دانشگاه لەلایەن دوو کەسی مۆتۆرسوارەوە درایە بەر چەقۆ و گیانی لەدەستدا. ئەگەر ئەم ڕەوایەتە قەبووڵ بکەین پێویستە بڵێین کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کۆمەڵگای ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک لە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری و نائەمنی کە دزی ناو کۆڵان و بازاڕ بەخاتری لەپتاپێک دەستیان داوتە ئەم تاوانە. ئەم ڕووداوانە ڕۆژانە بەردەوام دووپات دەبنەوە. ژنان بەدەستی کەسانی نزیکی خۆیان لە ڕۆژی ڕووناکدا دەکوژرێن. دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان و منداڵان بەڵام کاردانەوەیەکی جیددی نابیندرێت. بەڵام ئەمجارە بەخاتری خوێندکاربوونی قوربانییەکە و شوێنی کوژرانی، کە وەبیرهێنەرەوەی مێژووی سەرکوت لە کوی دانشگاه بوو، هەواڵی ئەم ڕووداوە بەخێرایی هەموو کۆمەڵگای گرتەوە و سەرەنجی خەڵکی بەرەوخۆی ڕاکێشا.
٢٦ی ڕێبەندان خوێندکارانی زانکۆی تاران لە کۆبوونەوەیەکدا لە حەساری زانکۆ بە دروشمی “خوێندکار دەمرێ بەڵام سەرشۆڕی و ژێردەستەیی قەبووڵ ناکات”، “خوێندکار دەنگ هەڵبڕە، مافت هاوار بکە”، “کوشتەمان نەدا کە سازش بکەین، مەسئوولی قاتڵ ستایش بکەین”، “حەراسەت، سپاهی دوژمنی ئێمە ئێوەن” لەدژی نائەمن بوونی زانکۆ ئیعتڕازیان کرد. ئەم ناڕەزایەتییانە بەهۆی هێرشی هێزەکانی حەراسەرت یان “لیباس شەخسییەکان” توندوتیژیی لێکەوتەوە. کە تێیدا چوار خوێندکار دەستگیرکران و خوێندکارێکی ژنیش بەدەستی هێزەکانی حەراسەت برینداربوو.
هاوکات بەشێک لە بەرپرسانی هەلپەرستی زانکۆ، لە هەوڵێکدا بۆ هێورکردنەوە و چەواشەکردنی ئامانجەکانی ناڕەزایەتییەکان، لەناو خوێندکارە ناڕازییەکاندا دەرکەوتن و کەسانی نەناسراو و لیباس شەخسییەکان بە هۆکاری ئەو تێکهەڵچوونانە پێناسە کرد. بەڵام بزووتنەوەی خوێندکاری کە سەرکوتی خوێناویی ساڵەکانی ١٣٧٨، ١٣٨٨، بەفرانباری ٩٨ و خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاویی ئەزموون کردووە لەبیری ناچێتەوە کە هەموو ئەم سەرکوتانە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و سپای پاسداران و بەکێرگیراوانی ڕژیم لە زانکۆکان ئەنجامدراون. بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆ لە سەرەتادا بۆ ئەوەی تاوانەکە بگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە ڕایگەیاند: ڕووداوەکە لەسەر ئۆتووبان ڕوویداوە و هیچ پەیوەندییەکی بە زانکۆوە نییە. ئەوان خۆیان باش دەزانن کە لەسەر بەستێنی ناڕەزایەتیی گشتیی خوێندکاران هەر ڕووداوێک دەتوانێ ناڕەزایەتی گەورەتری خوێندکاران بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ترسی تەشەنەسەندنی ئەم ناڕەزایەتییانە بۆ دەرەوەی زانکۆ، هەوڵ دەدات بەهەر شێوەیەک کە دەتوانێ خامۆشی بکات و بەلاڕێیدا بەرێت. ئەوان ئاستی ئەم ڕووداوە بۆ تاوانی دوو گەنج نزم دەکەنەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە وردە دزانی سەر شەقام لەڕووی هەژارییەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕێک پارە بەرەو ئەنجامدانی تاوان و کوشتن دەڕۆن. بەڵام تاڵانکەرانی سەرەکی و دزە گەورەکان کە هەر هەموویان لە بازنەی دەسەڵاتدان ساڵەهایە لەپێناو بەرژەوەندیاندا ئینسان دەکوژن و بەرهەمی کاری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش تاڵان دەکەن و خۆیان سەرچاوەی هەژاری و نەهامەتی و سەرهەڵدانی هەموو تاوانەکان لەئاستی کۆمەڵگادان.
سەرەنجام کاتێک فریوکاریی بەرپرسانی بەکرێگیراوی زانکۆ کاریگەر نەبوو، هەر هەموویان تێکڕا کەوتنە خۆ. بەڕێوەبەری بەشەناوخۆیی دەستی لەکار کێشایەوە. سەرۆکی زانکۆ کەسانی نەناسراو و لیباس شەخسی بە تاوانبار دەزانێت. ئەوەی تر داوای لێبۆردن دەکات. وە سەرەنجام یەکیان بە زەینی دەگات کە کامێرا دانێن و شەقامەکانی دەوروبەری کوی دانشگاه بکەنە چراخان بۆ ئەوەی دز نەیەت. دەوڵەت و سەرۆک کۆماریش کە هەست بە مەترسی دەکەن دەستوور دەدەن کە بەدواداچوونی بۆ بکرێت و کاربەدەستانی قەزاییش کۆمیسیۆنی بۆ پێکدەهێنن. بەڵام خوێندکارانی ئازادیخواز و خەباتکار ساڵەهایە هاوار دەکەن: “زانکۆ پادگان نییە”. ئەوان خوازیاری پاک کردنەوەی زانکۆ و ناوەندەکانی پەروەردەن لە هەرجۆرە هێزێکی ئینتزامی و ئەمنیەتی. ئەوان گەلێک جار داوای دەرکردنی ئەو بەرپرسانەیان کردووە کە لە هەر ئاستێکدا دەستیان بووە لە سەرکوتکردنی خوێندکاراندا.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان هاوسۆزیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و هاوپۆلەکانی خوێندکاری تێکۆشەر “ئەمیر محەممەد خالقی” دەردەبڕێت. دەوڵەت بەرپرسە لە پاراستنی ئەمنیەتی خوێندکاران لە زانکۆکاندا. ئێمە، دەوڵەت لەئاست کورژانی “ئەمیر خالقی”دا بە بەرپرسیار دەزانین. لە ناڕەزایەتیی خوێندکاران بۆ داخوازیی ڕەوایان واتە دەرکردنی هێزە ئەمنیەتییەکان لەوانە حەراسەت، بەسیجی و لیباس شەخسییەکان لە زانکۆکان، ناوەندەکانی پەروەردە و بەشەناوخۆییەکانی خوێندکاران پشتیوانی دەکەین. هەروەها پشتگیری لە داواکاری خوێندکاران دەکەین بۆ خوێندنی بێبەرامبەر و پێکهێنانی ڕێکخراوی سەربەخۆی خوێندکاران.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی
١٧ی فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت