فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: ٨ی مارس، هێمای خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری!
شەممە ۰۴-۱۲-۱۴۰۳   |  22-02-2025

لە سەروبەندی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنداین. ٨ی مارس داهێنانی ژنانی سۆسیالیستی جیهان، ئەم بەرگریکارە لێبڕاوانەی ڕزگاریی ژنە کە بۆ یەکەم جار ئاڵای خەباتێکی ڕادیکاڵیان لەدژی هەڵاواردن و نایەکسانیی ڕەگەزی و لەپێناوی ڕزگاریی ژن لە سەرتاسەری جیهان بەرز کردەوە. ٨ی مارس لە دووهەمین کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژنانی سۆسیالیستدا کە لە ساڵی ١٩١٠ لە کۆپێنهاگ بەڕێوەچوو، لەسەر پێشنیاری کلارا زێتکین وەک ڕۆژی جیهانیی ژن ڕاگەیەندرا. لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ، بزووتنەوەی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و زۆرێک لە داواکارییەکانی خۆی بەسەر پێکهاتەی باوک – پیاوسالاری و سیستەمی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی و سەرمایەداریدا سەپاندووە کە موناسبانی ستەم لە دژی ژنان بەرهەم دێنێتەوە. خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهان لە دژی نیزامەکانی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ڕەگەزی بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر درێژەی بووە.

ڕەوتی بزووتنەوەی ژنان لە ئێرانیش لە بزووتنەوەی مەشرووتەوە هەتا ئێستا لەگەڵ زۆر هەوراز و نشێو بەرەوڕوو بووەتەوە. پاش دەسەڵاتداریەتیی نیزامی دژەژنی کۆماری ئیسلامی، خەباتی بزووتنەوەی ژنانیش پێی نایە قۆناغێکی تازەوە. هێمای ئاشکرای ئەم قۆناغە تازەیە لە خۆپیشاندانی ژنان دژبە سەرکوت و نایەکسانیی ڕەگەزیدا خۆی نیشاندا کە لە ڕۆژی ٨ی مارسی ١٣٥٧دا لەدژی فەرمانی خومەینی بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەڕێوەچوو. خەباتی ژنان لە هەموو ئەم ساڵانەدا سەرەڕای هەڵشکان و داکشانەکانی، سەرەڕای سەرکوتی بێسنووری کۆماری ئیسلامی، لەدژی کۆنەپەرستی و جیاکاریی ڕەگەزی درێژەی بووە.

بێگومان ئەو زوڵم و ستەمەی کە لەماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا لە ژنانی ئێران کراوە، جیا لە ژنانی ئەفغانستان لە سەردەمی تاڵەبان، لەگەڵ ژنانی هیچ وڵاتێکی جیهان بەراورد ناکرێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا کەمتر وڵاتێک هەیە کە تێیدا ئەو ئاستە لە ستەم و هەڵاواردن بەسەر ژناندا سەپابێت. کۆماری ئیسلامی لەو دەگمەن حکوومەتانەیە کە بە فەرمی جیاکاری و نایەکسانی لە یاساکانیدا پەسەند کردووە. سەرەڕای هەموو ئەم هەڵاواردن و ستەم و سەرکوتانە کە بەسەر ژنانی ئێراندا دەسەپێت، کەم بزووتنەوە هەن کە ژنان تێیدا حزوور و بەشدارییەکی چالاکییان نەبێت. ئەم ڕادەیە لە چالاکی و ڕادیکالیسمی خەباتکارانەی ژنان، سەرچاوەگرتوو لە هوشیاریی ئەوانە و لە ژێر کاریگەری ئەو هەڵاواردن و ستەمکارییە دڕندانەیەدایە کە حاکمانی کۆنەپەرستی ئیسلامی بەسەریاندا سەپاندوون.

لە نیزامی دیکتاتۆر و سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامیدا، ئەگەرچی بەگشتی جەماوەری خەڵکی ئێران هەر کام بەجۆرێک لەژێر ستەم و سەکوت و نابەرابەریدان، بەڵام ستەم و هەڵاواردنێک کە بەسەر ژنانی ئێراندا دەسەپێت، وەحشیانەترین و بێبەزەیانەترین جۆری هەڵاواردن و ستەم لە ئێرانە. هەروەها لەناو ژنانی ئێرانیشدا کە بە گشتی بەرەوڕووی هەڵاواردنی ڕەگەزین، بەشێکی زۆریان ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشن کە هاوکات لەگەڵ ستەمی چینایەتی و چەوساندنەوەی وەحشیانەی سەرمایەداریش بەرەوڕوون.

خەباتی ژنانی ئێران بۆ نەمانی هەڵاواردنی ڕەگەزی و دەستەبەرکردنی مافی یەکسان، ئەگەرچی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامییەوە دەستیپێکرد و بەردەوام بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی بووە، بەڵام بارودۆخی ئێران و هەڵاواردنی یەکجار زۆر و هەمەلایەنە، عەزم و ئیرادەی ژنانی لەدژی کۆماری ئیسلامی تا هاتووە قایمتر کردووە. ژنانی ئێران لەماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا واتە لە ئاخێزی بەفرانباری ساڵی ٩٦، لە ڕاپەڕینی شکۆداری خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ و لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا، شان بە شانی پیاوان لەدژی کۆماری ئیسلامی بێباکانە خەباتیان کرد و تەنانەت لە زۆر نموونەدا لە جەرگەی خۆپیشاندانەکانی شەقامدا ڕۆڵی پێشەنگیان نواند. بێگومان هەمووی ئەمانە لە گڕوتینی شۆڕشگێڕانە، لە تێگەیشتنی سیاسی، لە ئاستی هوشیاری و لە ئەزموونی خەباتکارانەی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت.

لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویدا، ژنانی ئێران بە نەبەردی قارەمانانەی خۆیان زۆر حەماسەیان خوڵقاند. ئەم بزووتنەوەیە بۆشاییەکانی ناو چینی دەسەڵاتداری قووڵتر کردەوە و ڕژیمی لەگەڵ ئاستەنگی گەورە بەرەوڕوو کردەوە. ئێستا کەم نین ئەو کەس و گرووپانەی کە تەنانەت لەناو چینی دەسەڵاتداردا ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنن کە درێژەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئیتر بەشێوەی ڕابردوو مومکین نییە.

خەباتی ژنان لە دژی جیجابی ئیجباری کە لەڕاستیدا ئاڵای دژایەتی لەگەڵ هەموو جۆرەکانی ستەم و جیاکاریی ڕەگەزییە، لە بزووتنەوەی نیوەی دووهەمی ١٤٠١دا گەیشتە لووتکە و لەو کاتەوە هەتا بەئەمڕۆ گیانفیدایانە درێژەی هەیە. کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو ژنانە کە ئیتر حازر نەبوون تەسلیمی حیجابی ئیجباری بن، ئامرازی جۆراوجۆری سەرکوتی بەکارهێنا، بەڵام هیچ هەوڵێکی سەرکوتگەرانەی دەسەڵات نەیتوانی ژنان لە خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری پاشگەز بکات. دوایین تاکتیکی تاوانکارانەی کۆماری ئیسلامی، پەسەند کردنی یاسای کۆنەپەرستانە و دژەژنی “عیفاف و حیجاب” بوو کە ئەویش لە ئاکامی خەبات و خۆڕاگریی ژنانی قارەماندا، نەیانتوانی بەڕێوەی بەرن و لەئێستادا بەشێکی زۆر لە ژنانی تێکۆشەری ئێران بە بێ بایەخدان بە یاسای سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی بە پۆششی ئیختیارییەوە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان دەردەکەون.

لە جەرگەی نەبەردی بێپسانەوەی ژنانی تێکۆشەر و قارەماندا، ڕیز دەگرین لە ڕۆژی جیهانیی ژن، هێمای خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری. ئەو ڕۆژەی کە ژنان لە سەرتاسەری جیهان بە بەڕێوەبردنی ڕێپێوان، کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەدژی هەڵاواردن و ستەم و نایەکسانیی ڕەگەزی دێنە مەیدان و داخوازییەکانیان گەڵاڵە دەکەن.

٨ی مارس دەرفەتێکی دیکەیە  بۆ ئەوەی ژنان لە ئێرانیش بە پشت بەستن بە ئەزموونی خەباتی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەت ئەزموونی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” بۆ جارێکی تر لە بەرامبەر نیزامی دژەژنی کۆماری ئیسلامیدا بوەستنەوە و بە کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لە شەقامەکان و بە وتنەوەی دروشم لەدژی جیاکاری و ستەم و نابەرابەری، زەربەیەکی دیکە لە جەستەی لاواز و پرتووکاوی کۆماری ئیسلامی بدەن.

بژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

٢٨ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٦ی فێوریەی ٢٠٢٥ی زایینی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت