فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ مەحکووم کردنی تەفرەقەنانەوەی ڕەگەزپەرستانەی ڕژیم لە ورمێ
دوشەممە ۰۴-۰۱-۱۴۰۴   |  24-03-2025

ڕۆژانی یەکەم و دووهەمی مانگی خاکەلێوە لە شاری ورمێ ڕەوتە “پان تورکیست”ەکان بەپێی پیلانی کاربەدەستانی حکوومەت، خۆپیشاندانێکیان لە شەقامە سەرەکییەکانی ئەمشارە لەدژی خەڵکی کورد بەڕێوەبرد. ئەم خۆپیشاندانە بە وتار و هاندانی “محەممەد خەلیل پوور” سەرۆکی شۆرای شاری ورمێ و بە تەبلیغ و بەشداری “نادر قازی پوور” نوێنەری پێشینی مەجلیس بەڕێوەچوو و دەست و پەیوەندەکانی حکوومەت و ژمارەیەک ناسیۆنالیستی “پان تورکیست” تێیدا بەشداربوون. چەند درووشمی ئەم خۆپیشاندانە بریتی بوون لە: “ئازەربایجان وەخەبەرە، کوردەکان میوانی ئێمەن”، “ئازەربایجان پایەندە بێ، دوژمنانی نابوود بێ”، “ورمێ تورکە و تورک دەمێنێتەوە”. خۆپیشاندەرانی گۆپاڵ‌بەدەست بە هەڵگرتنی وێنەی “مەلاحەسەنی” نوێنەری خومەینی لە ورمێ و لە بڕیاردەرانی کوشتاری خەڵکی بێدیفاعی “قاڕنێ” و “قەڵاتان” لە نزیک شاری “نەغەدە” لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، هۆشداری دووپات بوونەوەی ئەم کارەساتانەیان دا.

ئەم کۆبوونەوەیەی “پان تورکیست”ەکان بەڕواڵەت لە کاردانەوە بە ڕێوڕەسمە گەورە و بێوێنەکانی نەورۆز لە شارەکانی کوردستان و ئێران، بەتایبەت کۆبوونەوە بێوێنەکانی نەوروز لە شاری ورمێ ئەنجام دراوە. نمایشی هاوپشتیی شکۆمەندی خەڵک لە مەراسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ کارگێڕانی ڕژیمی ئیسلامیی تۆقاندووە و بەخاتری ئەوەیکە نەیانتوانی بەریان پێبگرن لەڕێگەی تاقمە پان تورکیستەکانەوە پەنایان بۆ دووبەرەکینانەوە لە نێوان خەڵکی کورد و تورک بردووە. ڕژیمی ئیسلامی دەزانێ کە خەڵک بە هەر زمان و بە هەر ئاراستەیەکی نەتەوەیی و ئایینییەوە لە شاری ورمێ و هەر شوێنێکی تری ئێران پێکەوە تێکەڵ بوون و کار و ژیانیان لەگەڵ یەک بەڕێوەدەبەن. خۆی باش دەزانێ کە کێشەی خەڵک نەک ئەم جیاوازییانە، بەڵکوو هەژاری و نەهامەتی و سەرکوتگەری ڕژیمە. ڕژیم بینیویەتی کە خەڵک، لە جەریانی ئاخێزی ١٤٠١ی هەتاویدا بەرینترین هاودەنگی و هاوسۆزیی خۆیان نیشاندا. دەزانێ کە خەڵک لە ڕادەبەدەر بێزار و ناڕازین و هەموو دەرفەتێک دەقۆزنەوە بۆ دەربڕینی بێزاری خۆیان لە حکوومەت و هەر بۆیە سیاسەتی خۆی لەسەر تێکشکاندنی ئەم یەکڕیزییە و پەرەپێدانی ئاژاوەی نەتەوەیی و مەزهەبی چڕ کردووەتەوە.

شاری “ورمێ” بە درێژایی مێژوو هێمای پەلکەزێڕینەی فەرهەنگی و زمانی بووە و سنووردارکردنی ئەم شارە بە نەتەوەیەکی تایبەت، بێڕێزییەکی گەورە بە ئینسانییەت و بەتایبەت دانییشتووانی هوشیاری شاری ورمێیە. دابەشکردنی دانیشتووانی شار بە دوو گرووپی ڕەسەن و کۆچەر، ئاسایش و یەکڕیزیی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و بەقازانجی ڕژیمی سەرکوتگەرە کە بەم تاکتیکانە دەیهەوێ دەسەڵاتە نگریسەکەی درێژە بدات.

ئەم ڕووداوەی شاری ورمێ بۆ خەڵکی ئێران و بەرەی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ و هەموو هێزە سیاسییە بەرپرسیارەکانی کۆمەڵگا هۆشدارییەکی جیددییە. “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان” ئەم جموجۆڵە ناسیۆنالیستی و ڕەگەزپەرستانەیە ئیدانە دەکات و داوا لە کرێکاران و خەڵکی ئازادیخواز دەکات لە بەرامبەر سیاسەتی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی و هاوپەیمانانی ناسیۆنالیستیدا لێبڕاوانە بوەستنەوە و هاوپشتی و یەکسانی و هاوسۆزی و ئینساندۆستی پەرەپێبدەن. خەڵکی ئێران ئازادی و یەکسانی و حورمەت و خوشگوزەرانییان دەوێت، بەڵام حکوومەتی ئیسلامی و فاشیستە پاوانخوازە نەتەوەیی و ئایینییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان حازرن کۆمەڵگایەک بەم سیاسەتانە خەڵتانی خوێن بکەن.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم


٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ی هەتاوی – ٢٣ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە