
مانگرتنی سەرتاسەریی خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکان لە باکوورەوە بۆ باشووری وڵات لە حەوتەمین ڕۆژی خۆیدا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان بۆ ١٥٣ شار پەرەیستاندووە و سەرەڕای هەڕەشە، فشاری ئەمنیەتی، دەستگیری و توندوتیژیی پۆلیسی، هەروا بەهێز و یەکپارچە درێژەی هەیە. ئەم مانگرتنە ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی مانگی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی لە بەندەرعەباسەوە دەستیپێکرد و بە بانگەوازی یەکیەتیی ڕێکخراوەکانی خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکانی سەرتاسەری ئێران بەخێرایی بۆ شارەکانی دیکە پەرەیستاند. خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکان لە ئابادان، ئەراک، مەلایر، برووجێرد، خورەم ئاباد، ئیسفەهان، ساوە، هەمەدان، ئیلام، بەندەرعەباس، سەرپۆلی زەهاب، مەریوان، کرماشان، سنە، سیرجان و لە زۆرێک لە شارەکانی دیکە لە مانگرتندان. لە هەمان کاتدا بەشە جۆراوجۆرەکانی جەماەوری ناڕازی لەوانە نیسانداران، شۆفیرانی کۆمپرێسی، تاکسی، ئێسنەپ، ناوەند و ڕێکخراوە کرێکارییەکان، شۆراکانی خانەنشینکراوان، وە شۆرا پیشەییەکانی مامۆستایانی ناڕازی، لەم مانگرتنە پشتیوانییان کردووە.
وڵامی سپای پاسداران، وەزارەتی ئیتلاعات و دامودەزگای سەرکوتگەری ڕژیم بەم مانگرتنە بەرینە، وەک هەمیشە سیاسەتی سەرکوت و بەڵێنی بێبنەما و درۆودەلەسە بووە. بەڵام هەروەک مانگرتووان و دەیان ڕێکخراوی سەربەخۆی کرێکاری و مەدەنی هۆشداریان داوە، سیاسەتی سەرکوتگەرانە ناتوانێ خەڵکی ناڕازی و وەگیانهاتوو بێدەنگ بکات.
ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە لە ناڕەزایەتی بە قەیرانی قووڵی بژێو، چوونەسەری ئاستی خەرجییەکانی ژیان، بەرزبوونەوەی پتر لە ٦٠%ی نرخی بیمەی ئۆتۆمبێلە گەورەکان، لەدژی سێ نرخی بوونی سووتەمەنی و لەدژی چوونەسەری ٢٢٠%ی بیمەی تەئمینی ئیجتماعی و بێبەریبوون لە بیمەی دەرمان و بۆ وەدیهنێانی داخوازییەکانی دیکە درێژەی هەیە.
ئەم مانگرتنە لە بارودۆخێکدا کە قەیرانی ئابووری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر بووەتەوە و گشت کۆمەڵگای بەرەوڕووی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری کردووە، لەپێناوی پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی جەماوەری یەکجار گرینە. خاوەنانی بارهەڵگر و شۆفیرەکانی ئێران بە نیو میلیۆن شۆفیر و نزیک بە نیو ملیۆن بارهەڵگر و تانکێر، ڕۆڵێکی سەرەکی و گرینگیان لە گواستنەوەی سووتەمەنی، کاڵا و پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان لەئاستی وڵاتدا هەیە. گرینگیی ئەم مانگرتنە جیا لە گەڵاڵەکردنی خواستی ڕاستەقینە و بەرپرسیار کردنی ڕژیم بۆ وڵامدانەوە، لە شێوازی ڕێکخستن و سەرتاسەری بوونەوەیدایە. ئەم مانگرتنە کە لە بەندەرعەباسەوە دەستیپێکرد زۆری نەخایاند بۆ ١٥٣ شار تەشەنەی کرد و کاریگەریی لەسەر هەموو ڕێگا سەرەکییەکانی وڵات دانا. مانگرتنی خاوەنانی بارهەڵگر و شۆفیرەکان هەتا ئەم ئاستەش ڕەنگدانەوەیەکی بەرینی لەئاستی کۆمەڵگادا هەبووە و توانیویەتی دەوڵەت لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیدا ناچار بە پاشەکشە بکات.
لە بارودۆخێکدا کە کۆماری ئیسلامی لە بنبەستی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیدایە. لە بارودۆخێکدا کە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بابەتێکی چارەهەڵنەگر و حەتمییە. لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران، خانەنشینان، شۆفیران، نانەوایان، پەرستاران، مامۆستایان و پەروەردەکاران و هەموو توێژە ناڕازییەکان بە پانایی کۆمەڵگا لە کارخانە و لە شەقام ئیعتراز و مانگرتن بەڕێوەدەبەن، مانگرتنی سەرتاسەریی خاوەن بارهەڵگر و شۆفیرەکان وەک بەشێکی گرینگ لە حەرەکەتی ناڕەزایەتیی خەڵکی ڕاپەڕیو، شیاوی ئەوپەڕی حمایەت و پشتیوانییە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پشتیوانی لەم مانگرتنە گرینگ و بەرینە، خوازیاری حمایەتی بەشە جۆراوجۆرەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە پێشکەوتنخواز و ئازادیخوازەکانی دیکەیە. ئێمە لێبڕاوانە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم لە هەڵسووکەوتی لەگەڵ ناڕەزایەتی و مانگرتنی مافخوازانە ئیدانە دەکەین و خوازیاری ئازادیی دەستبەجێ و بێ مەرجی هەموو دەستبەسەرکراوانین.
پەرەپێدانی ناڕەزایەتی، مانگرتن، یەکگرتوویی و هاوپشتی تاکە زەمانەتی سەرکەوتنمانە!
بژی سۆسیالیزم!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٨ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە