فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان: لە بەرامبەر بەرنامە دژەپەنابەرییەکانی کۆماری ئیسلامیدا لە مافی ئینسانیی هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بەرگری بکەین
یەکشەممە ۱۸-۰۳-۱۴۰۴   |  08-06-2025

کۆماری ئیسلامی شەپۆلێکی دیکەی لە دوژمنایەتی لەگەڵ هاووڵاتییانی ئەفغانستانی خستووەتە ڕێ. فەرماندەکانی سپا و هێزی ئینتزامی، نوێنەرانی مەجلیسی کۆنەپەرستی ئیسلامی، میدیاکان و سەردەمدارانی باڵە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم هەر هەموویان بەڕیز بوون تا ملیۆنان ئەفغانستانی بە هۆکاری بێکاری، تاوان و بێسەرەوبەرەیی کۆمەڵایەتی نیشان بدەن. ئەم شەپۆلە کۆنەپەرستانەیە لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی فاشیست و پەیڕەوانی “ئێرانشاری” پشتیوانیی لێدەکرێت.

ئەحمەد ڕەزا ڕادان، فەرماندەی گشتیی هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیمی ئیسلامی، ڕۆژی ٦ی جۆزەردان بەڕێوەبردنی حەتمیی یاسای پێوەندیدار بە “پەنابەرانی نایاسایی” ڕاگەیاند و ئیدیعای کرد کە ئەم کەسانە میوانی ئێمە نین، چونکە یاسای وڵاتیان خستووەتە ژێر پێ و دەبێ دەستگیر و لە وڵات دەربکرێن. ئەحەد بیوته، نوێنەری مەجلیس، وێڕای ئاماژە بە بوونی زیاتر لە ٤ ملیۆن “پەنابەری نایاسایی” هۆشداری دا کە “ئەگەر دەوڵەت کارێک نەکات، ئەم بابەتە قەیرانی ئەمنیەتیی لێدەکەوێتەوە”. ڕۆژنامەی “کۆماری ئیسلامی”یش بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک پەنابەرانی ئەفغانستانیی بە “قووت دانی ئاو، بەرق، نان و کاڵا ئەساسییەکان” تۆمەتبار کرد و ئەوانی بە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و داگیرکردنی هەلی کار و پشێوی کۆمەڵایەتی وەسف کرد. نادر یارئەحمەدی، بەرپرسی ناوەندی کاروباری کەسانی بیانی و پەنابەرانیش بۆ جارێکی تر لەسەر دەرکردنی هەزاران خوێندکاری پەنابەری ئەفغانستانی تەئکیدی کرد و بەڕەسمی ڕاگەیاند کە خوێندکارانی بێ سەرپرستیاری یاسایی، دوای کۆتایی ئیمتحانات، هەتا ١٥ی مانگی پووشپەڕ مۆڵەتیان هەیە وڵات جێبهێڵن. ئەمانە تەنیا گۆشەیەکن لە سیاسەتی ڕاسیستی، دژەپەنابەری و دەرکردنی کەسانی ئەفغانستانی کە دژی مافە کۆمەڵایەتییەکانی پەنابەران بەتایبەت دژی مافە جیهانییەکانی دەستڕاگەیشتنی منداڵان بە خوێندنە. هەروەها کچانی خوێندکاریش بە شێوازی جۆراوجۆر بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ئەفغانستان خراونەتە ژێر فشارەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەمووان دەزانن خوێندن بۆ کچانی سەرووی قۆناغی سەرەتایی لە ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبان قەدەغەکراوە. تەنیا لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نزیک بە سێ ملیۆن ئەفغانستانی لە ئێران دەرکراون.

هاوکات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕەوت و لایەنە دەستی ڕاستە ناسیۆنالیستەکان و پەیڕەوانی “ئێرانشاری” بە پشت بەستن بە موناسبات و فەرهەنگی کۆنەپەرستانە و بە وتنی ئەوەیکە “دەبێ بۆ حزووری بەکۆمەڵی کەسانی بیانی یاسا داڕێژرێت” هەوڵ دەدەن خەڵکی ناهوشیار لەدژی ئەفغانستانییەکان هان بدەن و بارودۆخی ژیانی ئاساییان بخەنە مەترسییەوە. بۆ کۆمەڵگایەک جێگای شەرمە کە لە هێندێک شار و ناوچە، بەنێری وەک “هاتنی ئەفغانی قەدەغەیە” هەڵواسراوە. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە ئەفغانستانییەکان بەهۆی نەبوونی “پێناسەی ئێرانی” لە کاتی چوونەدەر لە شوێنی ژیانیان پەرۆش و نیگەرانن. ئەوان لە مافی کڕینی بلیتی مێترۆ، یان نان و باقی پێداویستییەکانی ژیان بێبەرین. ئەو هەمووە نادادپەروەرییە و پەرەسەندنی دیپۆرتکردنەوە لە دژی کەسانێک کە ساڵانێکە بە حەقدەستی کەمەوە لە ئێران کاریان کردووە و ژیانێکی سەختیان بەسەر بردووە، یان لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی ترس لە تاڵەبانەوە ناچار بوون ئەفغانستان جێبهێڵن، نیشانەی ڕوون و ئاشکرای سیاسەتی فاشیستیی کۆماری ئیسلامییە.

هاووڵاتییانی ئەفغانستانی نەتەنیا لە ئێران، بەڵکوو لە پاکستانیش بەرەوڕووی توندترین هەڵسووکەوتی ئەمنیەتی و سەرکوتگەرانەن. سەرەڕای کردەوەی کۆنەپەرستانەی تاڵەبان لەدژی ژنان و خەڵکی زەحمەتکێشی ئەفغانستان، دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی چین و ڕووسیە لەپێناوی پەرژەوەندی ئابووری و سیاسیی خۆیاندا بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ تاڵەبان هاوکاری دەکەن و بەهێزی دەکەن. دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکانی مودەعیی “مافی مرۆڤ” لە ڕۆژاواش کە خۆیان بەستێنی سەرهەڵدانی ڕەوتە ئیسلامییەکان و تاڵەبانیان فەراهەم کرد و ڕێگای بەدەسەڵات گەیشتنەوەی ئەم هێزە کۆنەپەرستەیان خۆش کرد، سیاسەتی گشتیی دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانییان خستووەتە دەستووری کارەوە و بە ئاشکرا و نهێنی بە سات و سەودا لەگەڵ دەوڵەتەکانی ناوچەکە و تاڵەبان هەوڵ دەدەن بارودۆخی دیپۆرت کردنەوەی ئەوان بۆ ئەفغانستان ئاسان بکەنەوە. لەم دواییەشدا ترامپ لە درێژەی سیاسەتە نئۆفاشیستییەکانیدا، یاسایێکی بەڕێوەبردووە کە هاووڵاتییانی چەند وڵات  بەتایبەت ئەفغانستانییەکان، لە چوون بۆ ئەمریکا قەدەغە دەکات. هەموو ئەم سیاسەتە دژەپەنابەرییانە لە بارودۆخێکدایە کە ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران کە لە دەستی تاڵەبان هەڵاتوون لە وڵاتە جۆراوجۆرەکاندا، لە شوێنێکی ئەمن بۆ ژیان دەگەڕێن. تەنزی تاریخ ئەوەیە کە بەڕواڵەت هەموو ئەم دەوڵەتانە، تاڵەبان بەڕەسمی ناناسن.

بارودۆخی خەڵکی ئەفغانستان لە هەلومەرجی ئێستادا نمایشێکی خۆفناکە لە جیهانی نابەرابەری ژێر دەسەڵاتی سەرمایەداری کە تێیدا بەردەوام لەگەڵ پەرەسەندنی ڕاست و فاشیزم، ماف و حورمەتی ئینسان زیاتر لە ڕابردوو پێشێل دەکرێت.

خەڵکی شەریف و ئازادیخواز

لەدژی ڕژیمی ئیسلامی کە هەوڵ دەدات هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بەهۆکاری نابەرابەری، بەهۆکاری ئەو بارودۆخە دژوارەی کە خۆی بەسەر کۆمەڵگایدا سەپاندووە نیشان بدات، وە لەدژی هەموو هاودەستانی واتە پارێزەرانی فەرهەنگ و موناسباتی ئەوپەڕی ڕەگەزپەرستی و دژەئینسانی، پێویستە خەبات بکەین و بە پشتیوانیی هەمەلایەنە، لە دەرکردن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی فاشیستی لەدژی پەنابەرانی ئەفغانستانی ڕێگری بکەین.

بژی ئازادی و خەبات بۆ بردنەسەری ئاستی حورمەتی ئینسان

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

 بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

06.06.2025

16.03.1404

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv