
هێرشی نیزامیی ئەمریکا بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ لە ڕۆژی یەکشەممە ١ی مانگی جۆزەردان، ڕژیمی ئیسلامیی لە بەرامبەر ڕێککەوتن لەگەڵ ترامپ، نەک ئورووپا، یان ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ شەڕێکی تەواو عەیار دانا. ڕێککەوتنێک کە تەسلیمی بەتەواو مانایە و خامنەیی بە ئاشتیی داسەپاو و قەبووڵ نەکراو وەسفی کرد. هێرشی سپای پاسداران بۆسەر بنکەی نیزامیی ئەمریکا لە قەتەر زیانێکی وای لێنەکەوتەوە کە ترامپ بۆ گەڕاندنەوەی ڕژیم بۆسەر مێزی دانوستان، نەتوانێ چاوپۆشیی لێبکات.
ڕژیمی ئیسلامی توانای بەرگریی لە ئاسمانی ئێران نییە و فڕۆکە و دڕۆنەکانی ئیسرائیل ڕۆژانە ئامانجەکانیان لە ئێران بۆمباران دەکەن. سپای پاسداران جیا لە هێرشی مووشەکی بۆسەر شارەکانی ئیسرائیل کە تەنیا ژمارەیەکی کەمیان لە “گومبەزی ئاسنین” ڕەت دەبن، هیچ ئامرازێکی دیکەی بۆ ڕاگرتنی هێرشی ئیسرائیل نییە. ئەو ئامانجانەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەرامبەر ڕژیمی ئیسلامیدا هەیانبوو، بەهۆی توانایان لە هێرش کردنە سەر ئامانجە نیزامی و غەیری نیزامییەکانیان، ڕوو لە گۆڕانە. پیتاندنی سفر لەسەد، سنووردارکردنی مەودای مووشەکی بالستیک و ڕاگرتنی یارمەتی بۆ هێزە نیابەتییەکان خەریکە دەخرێتە لاوە و ترامپ دوای هێرش بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئیسفەهان، نەتەنز و فۆردۆ “ڕژیم چەینجی” هێناوەتە گۆڕێ.
ناکۆکیی باڵەکانی ڕژیمی ئیسلامی بۆ وڵامدانەوە بە ئورووپا، ئیسرائیل و ئەمریکا ڕوون و ئاشکرایە. بەڵام هێستا لە کۆنتڕڵی خامنەیی نەچووەتە دەر و هەموویان یەکدەست چالاکی دەکەن. تێکچوونی هاوسەنگیی هێزی ئێستای باڵەکان بەهۆی مەرگی خامنەیی یان بەهۆکاری دیکە، لە گۆڕینی مەسیری کۆماری ئیسلامی لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ شەڕ و قەیرانی ئێستادا کاریگەرە. ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ “ڕژیم چەینج” پیادەنیزامیان نییە. فاشیستە سەڵتەنەتخوازەکان و ڕەزا پەهلەوی هەوڵ دەدەن تا خەڵکی ئێران بکەنە پیادە نیزامی نەتانیاهۆ کە بە جنایەتی جەنگی و جینۆساید تاوانبارە و لەلایەن دادگای نێونەتەوەییەوە حوکمی دەستبەسەرکردنی دەرکراوە.
کێشەی گەورەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ هەر ڕێککەوتنێک هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی لەسەر خەڵکی ئێرانە کە خوازیاری ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتەن. ڕژیمی ئیسلامی لە میانەی مەنگەنەی خەڵکی ئێران و هێرشی نیزامیی ئیسرائیل و ئەمریکا و فشاری “مێکانیزمی ماشە”ی سێ وڵاتی ئورووپاییدایە. کۆماری ئیسلامی لەجیاتی تەسلیمبوون بە خەڵکی ئێران، ڕێگای دانوستان و سازان و تەسلیمبوونی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئورووپادا گرتووەتە بەر و سەرکوتی خەڵکی پەرەپێداوە. گەشتی شەوانە و پشکنینی سەر شەقام بەتایبەت لە کوردستان و پەرەپێدانی دەستگیرییەکان، هەوڵی بێهوودەی ڕژیمی ئیسلامییە بۆ پاراستنی خۆی لە بەرامبەر جەماوەردا.
ئیسرایل و ئەمریکا بە بێ هیچ نیگەرانییەک لە ئاکامە مەرگبارەکانی تیشکی ئەتۆمی بۆ خەڵک و ژینگە، هێرشیان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. وە خەڵکی ئێران بە بێ هیچ ئیمکانات و فێرکارییەک لەژێر مەترسیی تیشکی ئەتۆمیدا ڕەها کراون. ڕژیمی ئیسلامی بۆ پاراستنی سانتریفیوژ و مووشەکەکانی حەشارگەی لەژێر کێوەکاندا دروست کردووە، بەڵام خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی لە بۆمبارانی ڕژیمی ئاپارتاید و ئینسانکوژی ئیسرائیل لە ئەماندا بن ناچار بوون شوێنی ژیانیان جێبهێڵن. خەڵکی ئێران کە تەنانەت بەر لە هێرشی ئیسرائیل لە ٢٣ی جۆزەرداندا، بەرەوڕووی کەمبوونی ئاو و بەرق بوون، بێجگەلە خۆیان و داهێنانیان، بۆ نموونە گرووپەکانی هاوکاری بۆ نیشتەجێ بوون، هیچ یار و یاوەرێکیان نییە تا لە زیانەکانی شەڕی کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی و ڕژیمی ئیسرائیل کەم بکەنەوە. هاوپشتیی خەڵکی ئێران دژبە ڕژیمی ئیسلامی و لەدژی ئەمریکا و ئیسرائیل گەورەترین فاکتۆری ئامادەییە بۆ دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان لەدژی دوو ڕەوتی کۆنەپەرست و ئینسانکوژی دەسەڵاتدار لە ئێران و فاشیستە سەڵتەنەتخوازەکان و ڕەزای پەهلەوی.
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی! بژی سۆسیالیزم!
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
دووشەممە ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
بەرابەر لەگەڵ ٢٣ی ژوئەنی ٢٠٢٥ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە