
هەروەک چاوەڕوان دەکرا ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی پاش شکستی لە شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە لاوازی و بێتوانایی خۆی، بە پەرەپێدانی سەرکوت و ڕەشبگیری و هێرش بۆسەر پەنابەرانی بێدیفاعی ئەفغانستانی دەیهەوێ بە خەیاڵی خۆی خەڵکی ناڕازی چاوترسێن بکات. دەستبەسەرکردنی سەدان کەس بە بیانووی جاسووسی بۆ ئیسرائیل، ئەحکامی ئێعدامی فەلەیی و فشار و دەرکردنی بەرینی پەنابەرانی ئەفغانستانی چەند نموونە لە کردەوەی زەبوونانەی کۆماری ئیسلامییە کە وەک سیاسەتێکی پێشگیرانە لەدژی نەیارانی سیاسی، زیندانیانی سیاسی و پەنابەران گرتوویەتەبەر.
بە پێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە دوای ئاگربەسی شەڕی ئەم دواییە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار پەنابەری ئەفغانستانی لە شارە جۆراوجۆرەکان کۆکردۆتەوە و لە ئێران دەری کردوون. ئەو خەڵکەی کە بەشێک لە تەمەنی گەنجییان بۆ بەرهەمهێنانی قازانجی سەرمایەدارانی خوێنخۆر بەسەر بردووە. ئەو کەسانەی بەشێکیان لە ئێران لە دایک بوون و یان لە سەرەتای منداڵی و تازەلاوییەوە لە ئێران ژیاون و هیچ تەسەورێکیان لە کۆمەڵگای ئەفغانستان و وەحشیگەریی مەزهەبی تاڵەبان نییە. ژنان، منداڵان و بەساڵاچوانێک کە ساڵەها سووکایەتی و بێڕێزییان بە تاوانی ئەفغانستانی بوون تەجروبە کردووە و لەلایەن ڕژیمی خوێنڕێژی ئیسلامییەوە کراونەتە قەڵغان بۆ ئەو بەڵا کۆمەڵایەتییەی کە حاکمانی ڕژیمی ئیسلامی خۆیان سەرچاوەکەی بوون. ڕۆژێک بە تۆمەتی قەتڵ و جنایەت، ڕۆژێک وەک هۆکاری پەرەسەندنی بێکاری لە کۆمەڵگا و یان حزووری نایاسایی، وە ئێستاش بەبیانووی شەڕی ١٢ ڕۆژە و بە تۆمەتی جاسووسی بۆ ئیسرائیل، بەمجۆرە دڕندانە هەڵسووکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەم کردەوە نامرۆڤانەیەی کۆماری ئیسلامی، ئەم ئینسانە بێتاوانانە ڕەوانەی کۆمەڵگایەک دەکات کە ئەگەر لە تەنافی ئێعدامی ڕژیمی هاوزادی کۆماری ئیسلامی لە ئەفغانستانیش دەربازیان بێت، لە جەحەنەمی ژێر دەسەڵاتی تاڵەباندا، هیچ داهاتوویەک بێجگەلە تەباهبوون چاوەڕوانیان ناکات. لە کاتێکدا کە خەڵک بەتایبەت ژنانی ئەفغانستان لە هەموو شوێنێک بە باوەشی کراوە پێشوازییان لێدەکرێ، کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە دڕندانە بەرەو مەرگ و تەباهییان دەبات. فشار و ڕەنجێک کە لەماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر پەنابەرانی ئەفغانستانیدا سەپاوە، پەڵەیەکی شەرمەزارییە بەناوچاوانی کۆماری ئیسلامییەوە و نموونەی هەڵسووکەوتی ڕژیمێکی فاشیستییە دژبەو خەڵکەی کە ساڵەها وەک هاووڵاتییانێکی شەریفی کۆمەڵگا، مەشغووڵی کار و پێکەوەژیانێکی ئاشتیانە بوون.
ئەم سیاسەتە قیزەونەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستانی دەبێ بدرێتە بەر ناڕەزایەتیی ڕێکخراوە پیشەیی و سیاسییەکان، ناوەندە مرۆڤدۆستەکان و بەرەی جەماوەری ئازادیخواز. پێویستە بەرەنگاری سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوێری ئێرانی و دژەئەفغان بینەوە. کۆمەڵگای ئێران و ڕێکخراوەکانی ئێستا لە بەرامبەر شەڕی ئەم دواییەدا بە گرتنەبەری هەڵوێست و سیاسەتی ڕوون و ئینسانی نیشانیان دا کە کۆمەڵگای ئێران زەرفییەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڵسووکەوتی وەحشیانەی ڕژیمی ئیسلامی بەرامبەر بە پەنابەرانی هەیە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، ئەم جنایەتەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکات و داوا لە خەڵکی ئازادیخواز دەکات لە ناڕەزایەتی دژبەم وەحشیگەرییە ئاشکرایە، بە هانای هاوچارەنووسانیانەوە بچن.
مەرگ بۆ ڕژیمی سەرکوتگەری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی
١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی
٧ی جولای ٢٠٢٥ی زایینی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە