
٣٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧دا تێپەڕیوە. ٣٧ ساڵە حەنجەرەکان بەخاتری شین و ماتەمین بۆ هەزاران زیندانیی سیاسی کە لەو هاوینەدا قەتڵوعام کران، بریندار و خوێناوین. ساڵەهایە گریان و ڕۆڕۆی هەزاران بنەماڵەی جەرگسووتاو لە ماتەمینی ئەو ژن و پیاوانەی “ئەویندارترین زیندووەکانی ئەو ساڵە بوون” هەروا دەبیسترێ. ئەو هاوینە هەناسەبڕە، ئەو گەلاوێژ و خەرمانانە خوێناوییە، کە تێیدا تۆفانی سامناکی ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی هەروەک مۆتەکە سەرتاسەری ئێرانی داگرت، تۆفانێک نەبوو کە لەناکاو لە ئاسمانی بێ هەوری کۆماری ئیسلامییەوە بەسەر زیندان و بەندکراواندا ببارێت.
کوشتاری ئەو هاوینە، کۆمەڵکوژییەکی خۆفناک بوو کە ڕیشەی لە سەرکوت و ئەشکەنجە و ئێعدامی ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ٦٠ و ساڵەکانی پێشتردا بوو. ئەو ئێعدامانەی کە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی خومەینییەوە لە سەربانی مەدرەسەی ڕەفاهەوە دەستپێکرد، بە ئێعدام و کوشتنی خەڵکی کوردستان لە هاوینی ساڵی ٥٨دا پەرەی ئەستاند. لە زستانی ٥٨دا خەڵکی تورکەمەن سەحرای گرتەوە، لە ٣٠ی جۆزەردانی ٦٠دا لە پانتایی سەرتاسەریدا هەموو شارەکانی وڵاتی داگرت و ئەوجار لە هاوینی ٦٧دا وەک فەوارەیەکی بەرزی خوێن لە ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا دوورترین شوێن سەریهەڵدا.
کوشتاری لێهاتووترین کادرە سیاسی و نیزامییەکانی ئەحزاب و ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆمنیست و شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرەکان، وێڕای کوشتاری هەزاران کەس لە ئازاترین لاوانی وڵات لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی شەست و دواتری، کوشتنی خۆڕاگرترین زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا، کارەساتێک نەبوو کە بە سادەیی لەبیر بکرێت. کارەساتی کوشتاری ئەو ساڵە خوێناوییانە، هێندە گەورە و سامناک بوو کە هێستاش دوای تێپەڕینی ئەو هەمووە ساڵە، نەبوونی ئەو ئینسانە خۆشەویستانە، کە ئەویندارترینی ئەو ساڵانە بوون، لە خەباتی شۆڕشگێڕانە و ئێستای کۆمەڵگادا بەڕوونی هەستی پێدەکرێت.
کوشتاری ئەو دەیە خوێناوییە بەمجۆرە بوو. کوشتارێک کە ئەو جیهانە پێچەوانەیە، ئەو جیهانە ڕاهاتووە بە ژان، ئەو جیهانە کە زنچکاو و خوێن لە نەزمی چەوسێنەرانەیەوە هەڵدەقوڵێت، بەسەر هەموو کومەڵکوژییەکانی ئەو دەیەیەدا چاوی بەست. هەموو جنایەت و ئێعدام و دڕندەییەک کە بەسەر جەماوەری ئێراندا هات، نادیدەی گرت. هاواری دایکانی جەرگسووتاوی نەبیست. پەڵەخوێنی سەر دەرگا و دیواری زیندان و ئەشکەنجەخانە سامناکەکانی کۆماری ئسیلامیی نەدی و بێ باک و بێ بایەخ، ڕێگەی بە کۆماری ئیسلامیدا باڵی بێ ڕەحمی و دڕندەیی زیاتر بکاتەوە.
نە تەنیا دەوڵەتانی جیهانی سەرمایەداری، بەڵکوو هەموو ناوەند و ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی و مافی مرۆڤ هەتا چەندین ساڵ کوێر و کەڕ و لال بوون و چاویان بەسەر ئەو هەمووە جنایەتەی کۆماری ئیسلامیدا بەست. لەبەر ئەوەی دەوڵەتە گەورەکانی سەرمایەداری قازانجی خۆیان لە مانەوە و بەهێزبوونی کۆنەپەرستانی دەسەڵاتدار لە ئێران دەبینبی. ئەوان بەپێی سرووشتی چینایەتییان دژی مەوجوودییەتی ڕێکخراوە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر و چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئێران و جیهانن. هەموو زلهێزەکانی سەرمایەداری لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە لەدوای ڕووخانی دیکتاتۆری پاشایەتی و هاتنە سەر کاری جەلادێکی وەک خومەینی، نەک هەر شۆڕشی گەورەی جەماوەری ئێران تێکدەشکێت، بەڵکوو لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتی ڕژیمێکی کۆنەپەرستی ئیسلامیی هارتر لە ڕژیمی کۆنەپەرستی سەڵتەنەتی، لانیکەم خومەینی و دار و دەستە ئینسانکوژەکەی دەتوانن کاری ناتەواوی ڕژیمی پاشایەتی واتە کوشتاری هێزە چەپ و کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕەکان بەسەرەنجام بگەیەنن. ئەو کارەی کە کۆماری ئیسلامی بە ئێعدام و کوشتارێک کە هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیەوە خستیە ڕێ، بەباشی ئەنجامی دا و ئەوانی ڕازی و سەرخۆش کرد.
کۆمەڵکوژیی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی ٦٧دا، ئەوپەڕی کوشتاری زیندانیان لەو ساڵانەی وەحشەت و مەرگدا بوو. دەیەی خوێناویی ٦٠ بە کوشتارە بەرینەکەیەوە کوتایی هات، بەڵام ئێعدامەکان ڕانەگیران. لەو دەهەیەوە هەتا بە ئەمڕۆ، ئێعدامی زیندانیانی سیاسی بەپێی بارودۆخی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە بواری ناوخۆیی و نێونەتەوەییەوە هەڵکشان و داکشانی بەسەردا هاتووە بەڵام بەردەوام درێژەی بووە. ڕێژەی ئێعدامەکان کە لەماوەی دوو دەیەدا کەمتر ببوونەوە، لەدوای ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێران لە بەفرانباری ٩٦ەوە بۆ جارێکی تر زیادی کردەوە. لە ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ٩٨دا بەوپەڕی خۆی گەیشت و لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نیوەی دووهەمی ساڵی ١٤٠١دا زیاتر پەرەی ئەستاند. وە لە ئێستاشدا، لە قۆناغی دوای شەڕ و لە ڕۆژانی ئاگربەستی کاتیی شەڕی کۆنەپەرستانەی ١٢ ڕۆژەدا بۆ جارێکی تر ڕەوتی ئێعدامەکان لە زیندانەکانی ئێران خێراتر بووەتەوە.
شەڕی کۆنەپەرستانەی ١٢ ڕۆژەی نێوان دوو دەوڵەتی فاشیستی ئێران و ئیسرائیل وێڕای شکست و زەلیلییەک کە بەسەر حکوومەتی کۆنەپەرستی ئێرانیدا سەپاند، دەسەڵاتدارانی ئێرانی بەرەو ئەوە برد تا بە پەرەپێدانی سەرکوت و ئێعدام، شکست و زەبوونی و داماویی خۆیان داپۆشن.
بەڵام پەرەسەندنی قەیرانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و قووڵبوونەوەی ناتەباییە ناوخۆییەکانی ڕژیم وێڕای سەرلێشێواویی دەسەڵاتداران لە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ کێشە و گرفتی گەورەی ناوخۆیی و نێونەتەوەیی، بەربەست و ئاستەنگیی زۆری بۆ کۆماری ئیسلامی پێکهێناوە. ئەو ئاستەنگانەی کە نەتەنیا مانەوەی ڕژیمیان بردووەتەوە ژێر پرسیارەوە، بەڵکوو بەرەپێش بردنی سیاسەتی سەرکوت و ئێعدامیشی – سەرەڕای خواستی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی بۆ پەرەپێدانی – لەئاستێکی بەرینتردا دژوار کردووەتەوە.
لەئێستادا قووڵبوونەوەی قەیرانی دەرەکی لەوانە قەیرانی ئەتۆمی و ئەگەری داگیرسانەوەی دووبارەی شەڕ، لەگەڵ قەیرانە چارەهەڵنەگرە ناوخۆییەکان، لەوانە ئاو و کارەبا و وزە و ژینگە، وێڕای قووڵبوونوەی قەیرانی بژێوی خەڵک، کۆمەڵگای گەیاندووەتە ئاستی تەقینەوە. هاتنە مەیدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، وەڕێکەوتنی دووبارەی مانگرتنە کرێکارییەکان و گەشەی خەبات لەدژی ئێعدام، بەتایبەت گەشە و درێژەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام کە هەر ئێستا لە ٤٩ زیندانی ئێران لەئارادایە، بێگومان دەرفەتی ئەوە بە کۆماری ئیسلامی نادا تا بە پەرەپێدانی ئێعدام، کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لە خەباتی سەرشەقام پاشگەز بکات.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە سی و حەوتەمین ساڵهاتی کۆمەڵکوژکردنی زیندانیانی سیاسی لە مانگەکانی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٣٦٧ی هەتاویدا وێڕای ڕێزگرتن لە یادی درەوشاوەی هەموو ئەو ئازیزە گیانبەختکردووانە لە دەیەی خوێناویی ٦٠دا، بەتایبەت گیانبەختکردووانی هاوینی ٦٧، وێڕای ڕێزگرتن لە یادی سووری باقیی زیندانیانی سیاسی کە هەتا ئەمڕۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئێعدام کراون، هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکانی ئێران، بە دروشمی “نا بۆ ئێعدام” و “زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت”، بۆ پەرەپێدانی هەرچی زیاتری خەبات لەدژی سزای ئێعدام و بۆ پەیوەنددانی ئەم خەباتە لەگەڵ خەبات بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بانگهێشت دەکات.
نا بۆ ئێعدام، زیندانیی سیاسی دبێ ئازاد بکرێت
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٥ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە