فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لەدژی دەرکردنی دووبارەی حوکمی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری
پێنجشەممە ۳۰-۰۵-۱۴۰۴   |  21-08-2025

ڕژیمی سەرکوتگەری کۆماری ئیسلامی لە درێژەی پەرەپێدانی سەرکوت و پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگادا، حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاریی لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵادا پەسندکرد. شەریفە محەممەدی یەکەم جار لە ڕێکەوتی ١٤ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠٣ دوای چەند مانگ ئەشکەنجە لەلایە بێدادگای ڕژیم لە شاری ڕەشت بە تۆمەتی بێ بنەمای چالاکی لەدژی نیزام بە ئێعدام مەحکووم کرا. ئەوەش لە کاتێکدایە کە شەریفە محەممەدی وەک چالاکێکی کرێکاری بێجگەلە دیفاع لە مافی کرێکاران و ژنانی ستەملێکراوی ئێران هیچ تاوانێکی تری ئەنجام نەداوە.

ڕاگەیاندنی حوکمی ئێعدامی شەریفە لەلایەن باڵاترین ناوەندە قەزاییەکانی ڕژیم بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە کۆماری ئیسلامی ناڕەزایەتیی جەماوەر بۆ دەسەڵاتە دژەکرێکار و دژەئینسانەکەی بە مەترسی دەزانێت.  سیاسەت و ئامرازی بنەڕەتیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر چینی کرێکار و خەڵکی ناڕازی و ئازادیخوازدا هەمیشە سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجە بووە و ڕژیم گەلێک جار نیشانی داوە کە جەماوەری ناڕازی و وەگیانهاتوو بە دوژمنی سەرەکیی خۆی دەزانێت.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەیهەوێ بە سیاسەتی ئێعدام و ئەشکەنجە لەناو کرێکاران، خانەنشینان، موعەلیمان، پەرستاران، شۆفیرانی کامیۆن و گشت جەماوەری ناڕازی، ترس و وەحشەت پێکبێنێ و  بەخەیاڵی چاوترسێنیان بکات، کە لە شەڕی دوازدە ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا تووشی شکستێکی سەرشۆڕانە بووە، لە ئاستی ناوچەییدا زیانی قورسی بەرکەوتووە و لە هەمان کاتدا بەرەوڕووی قەیرانی قووڵی سیاسی و ئابوورییە و تەنانەت ناتوانێ نان، ئاو و بەرقی پێویست بۆ خەڵک دابین بکات. چینی کرێکار و گشت خەڵکی ناڕازی بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری و جەماوەری لە سەر شەقام و لە کارخانە گەلێک جار بوێرانە بەرەنگاری سیاسەتی سەرکوتگەرانەی ڕژیم بوونەتەوە. بێگومان ئەمجاریش تەنیا بە پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی یەکگرتوو و هاوئاهەنگ لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات وە با هاوپشتیی بەهێزی نێونەتەوەیی دەتوانین ئەم ڕژیمە دژەکرێکارە، دژەژن و سەرکوتگەرە لەئاست جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی و زیندانیانی دیکەی مەحکووم بە ئێعدام ناچار بە پاشەکشە بکەین.

ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی حوکمی دووبارەی ئێعدام بۆ شەریفە محەممەدی، خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا نامرۆڤانەیەین کە دژی هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانە. شەریفە محەممەدی، وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی و باقیی چالاکانی زیندانی دەبێ دەسبەجێ و بێ مەرج ئازاد بکرێن. ئێمە لەم ڕاستایەدا هاوڕێ لەگەڵ هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکان داوا لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکەین کە لەدژی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی ڕژیم بێنە مەیدان و بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئیعترازی و بە هاوارکردنی دروشمی سزای ئێعدام دەبێ هەڵوەشێتەوە، کرێکاری زیندانی، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ، کۆماری ئیسلامی بۆ ئازادکردنی شەریفە و سەرجەم زیندانیانی سیاسی بخەنە ژێر فشارەوە.

سزای ئێعدام کوشتنێکی قیزەون و بەرنامەڕێژیکراوی دەوڵەتییە و دەبێ دەستبەجێ هەڵوەشێتەوە!

کرێکاری زیندانی، زیندانی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێ

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

١٧ی ئاگۆستی ٢٠٢٥

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv