
لە سێهەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاویدا، دەستکەوتەکانی ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕانە و ئاڵوگۆڕخوڵقێنە و یادی ژینا ئەمینی ڕێز لێدەگرێن. کوشتنی ئانقەست و نامرۆڤانەی ژینا ئەمینی (مەهسا) بوو بە چەخماخەی ئاخێزێکی شۆڕشگێڕانە، کە ناوبانگی گەیشتە هەموو دنیا و سیمای سیاسیی ئێرانی گۆڕی. ئاخێزێکی ژن میحوەر کە بە سووتاندنی حیجاب هەموو موقەدەساتی ئیسلامی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی خستە لەرزە. ڕاپەڕینێک کە نە بۆ ڕێفۆرمی ڕژیمی ئیسلامی و نە بۆ ڕێفراندۆم، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بۆ ڕووخاندنی گشت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاتە مەیدانی نەبەردەوە. ئاخێزێک بوو لە قووڵایی کۆمەڵگاوە. کرێکاران، زەحمەتکێشان، ستەملێکراوان و ژنان و نەسلی لاوی ژێر ستەم بۆ ڕیشەکێش کردنی دەسەڵاتی زوڵم و ئیستبداد و چەوسانەوە ڕاپەڕین. بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران، ژنان و لاوان، بۆ ماوەی سێ مانگ، بەدەستی بەتاڵ، بەڵام بە عەزم و ئیرادەی پۆڵایینەوە سوور بوون لەسەر ئەوەی ڕژیمی سەرمایەداریی ئیسلامی بڕووخێنن. بەوتەی سەرانی ڕژیم “ئەوە شۆڕش بوو و ڕژیمی هەتا سەر لێواری ڕووخان برد”. ئاخێزێک کە ڕادیکاڵیسمی چەپ و ئازادیخوازی نوێنەرایەتیی دەکرد، ترس و لەرزی خستە ناو گشت ڕژیمەوە. ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستی ئێرانی بەپێچەوانەی مانۆڕە پووچ و بێبنەماکانیان لە دەرەوەی وڵات، لەئاستی کۆمەڵگادا و لە قووڵایی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەدا خستە پەراوێزەوە.
کۆماری جنایەتی ئیسلامی بەوپەڕی وەحشیگەرییەوە، بە هێنانە مەیدانی هەموو هێزە سەرکوتگەرەکانی، ئەم ئاخێزەی سەرکوت و خەڵتانی خوێن کرد. هەزاران کەسی دەستبەسەر و ئەشکەنجە کرد. چاوی لاوانی ناڕازیی کوێر کرد. خوێنی بەسەر کۆمەڵگادا پژاند و ئێعدامی وەک ئامرازی تۆقاندن بەکارهێنا. کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتگەری، دووبارە گیانی گرتەوە و هەتا ئێستاش لەم ڕێگەیەوە دەسەڵاتەکەی پاراستووە. سەرەڕای دامرکانی قۆناغە بەرچاو و سەرتاسەرییەکانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی مانگی خەرمانان، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان لەوانە مامۆستایان و خانەنیشنان، پەرستاران، شۆفیرانی کامیۆن و کامیۆنداران و نەسلی جەوان لە زانکۆکان و جووتیاران، وە توێژە ستەملێکراوەکانی دیکە بەردەوام لەئارادا بووە و بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی بوونەتەوە. بەتایبەت درێژەی نەبەردی بزووتنەوەی ژنان و کچانی لاو و خەڵکی پشتیوانیان، بەکردەوە گەڵاڵەی کۆنەپەرستانەی “حیجاب و عیفاف” و دیاردەی ئیسارەتباری حیجابی تووشی شکست کرد. بەو مانایە، یەکێک لە داخوازییە سەرەکییەکانی ئاخێزی ئازادیخوازانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بەدیهاتووە.
سێ ساڵ لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەرمانانی ١٤٠١، کە بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیسلامی و سەرمایەداری لە ئێران کەوتە ڕێ، تێدەپەڕێت. ئەوەیکە بوو بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم ئاخێزە و ئاخێزەکانی پێشتر لە مانگی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨، هەژاری و نەهامەتی و ستەم و نابەرابەری و هەڵاواردنێک بوو کە جەماوەری ئێرانی وەگیان هێناوە. ئەو کێشە و گرفت و ناتەباییانەی کە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ١٤٠١ی پێکهێنا، ئەو بۆشاییە قووڵەی کە لە نێوان ڕژیمی ئیسلامی و زۆرینەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ژنان و نەسلی لاودا پێکهاتووە، لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا نەک هەر کەم نەبووەتەوە بەڵکوو زیاتریش پەرەی ئەستاندووە. زۆرینەی خەڵکی ئێران لەگەڵ هەژاری و گرانی، بێ ئاوی و بێ بەرقی و ژیانی ژێر هێڵی هەژاری دەست و پەنجە نەرم دەکەن. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی، بە قسەی خودی سەرۆک کۆمارە بێ دەسەڵاتەکەی، هیچ وڵامێکی بۆ داخوازییەکانی خەڵک نییە. هەربۆیە دیسانیش ڕووی کردووەتە پەرەپێدانی سەرکوتگەری و ئێعدام و زیندان و داگیرساندنی شەڕی کۆنەپەرسانە لەگەڵ دەوڵەتانی ئیسرائیل و ئەمریکا، واتە دەوڵەتانی دژەخەڵکی هاوتەزاری خۆی، بەو ئومێدە پووچەی بۆ ماوەیەکی تر تەمەنی دەسەڵاتە دەرماندەکەی درێژ بکاتەوە.
لە بارودۆخێکدا لە ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەرمانانی ١٤٠١ و کوژرانی ژینا ئەمینی نزیک دەبینەوە کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە هەموو کاتێک لە قەیرانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا گرفتارە. ناڕەزایەتی و بێزاریی خەڵک لەم بارودۆخە زیاتر بووە و ناکارامەیی بەردەوام کۆماری ئیسلامیی ئیفلیج و زەمینگیر کردووە. لە بەرامبەر ئەم بارودۆخەدا شایەدی گەشەی مانگرتنی کرێکاری و ناڕەزایەتیی جەماوەری لە دژی بارودۆخی سەختی ژیان، لەدژی گرانی و هەژاری بووین. ئەم خەباتە شکۆدارە بەخاتری شەڕی دوازدەی ڕۆژەی نێوان دەوڵەتە تیرۆریستەکانی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پەراوێزخرا. هەروەها ڕژیمی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بارودۆخی شەڕی وەک دەرفەتێک بۆ سەرکوتی وەحشیانەی زیاتر و ترساندنی کۆمەڵگا بە ئیدیعای بێ بنەمای “هاوکاری و جاسووسی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا” لەدژی خەڵک و ڕێزەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانە بەکار هێنا. دەستبەسەرکردنی بەرینی تێکۆشەران و نەیاران بەم بیانووە بێبنەمایە و پەرەپێدانی ئیعدام و گرتن و زیندان و ئەشکەنجە زیاتر لە ڕابردوو لە دەستووری کاری کۆماری ئیسلامیدایە. بەڵام ڕژیم و سەرانی جنایەتکاری باش دەزانن کە لێکدانەوەکانیان هەڵەیە. لەگەڵ کەمبوونەوەی مەترسیی شەڕی کۆنەپەرستانە، بۆ جارێکی تر بەرنگاربوونەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر لەدژی کۆماری ئیسلامی دووبارە گەشەی کردووە. بۆ جارێکی تر ئیعترازاتی سازماندراو لەدژی بێ ئاوی و بێ بەرقی و لەدژی گرانی و برسیەتی و سەرکوتگەری، بۆ دابین کردنی بژێو و پێداویستییەکانی ژیان و کەرامەتی ئینسانی و وەدیهێنانی ئازادیی سیاسی سەریڵهەڵداوەتەوە و بەردەوام پەرەدەستێنێت. ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لەئاسۆدایە مەگەر ئەوەیکە دووبارە شەڕی دەوڵەتە تیرۆریستەکان ببێتەوە بەربەست.
کۆماری ئیسلامی کە لە قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی چارەهەڵنەگردا گرفتارە بۆ درێژەی دەسەڵاتە نگریسەکەی ئەگەر لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلیشدا نەرمکێشی و سازش بکات، لە بەرامبەر جەماوەری ناڕازیدا کۆتا نایە. ڕژیمی بێتوانا لە دابین کردنی نان، ئاو و بەرق و مەعیشەت، درێژەدەری سەرکوت و ئێعدام و زیندان، دەبێ بڕووختێت و تەمەنی نەکبەتباری کۆتایی بێت. ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی سەرچاوەی هەژاری، فەلاکەت و چەوسانەوە، ڕژیمی دژەژن و دژەئینسان لە گرەوی هاتنە مەیدانی چینی کرێکاری ڕێکخراو لەئاستی سەرتاسەری و لە گرەوی پەرەسەندنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی توێژە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگادایە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی (مەهسا)دا، لەسەر دەستکەوتەکانی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕ و ئاڵوگۆڕخوڵقێنە و لەسەر بەهێزکردنیان تەئکید دەکات. داوا لە ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان، بزووتنەوەی کرێکاری و هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕادیکاڵەکان و ڕیزی بەرینی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دەکەین کە ساڵیادی کوژرانی ژینای ئازیز بکەینە ڕۆژی ڕێزلێنان لە هەموو گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و درێژەدانی حەرەکەتە ئیعترازییەکان. یاد و بیرەوەرییان ڕێز لێبگرین. پێویستە هەنگاو بە هەنگاو سەنگەرە تازەکان بەدەست بێنێن. کۆمەڵگا بەرەو ڕزگاری لە دەسەڵاتی سەرمایەداری ئیسلامی هیدایەت بکەین. ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی بکەینە ڕۆژی پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی ڕێکخراو لەدژی بێ ئاوی و بێ نانی و بێ بەرقی، لەدژی ئێعدام و سەرکوتگەری، بۆ دابین کردنی بژێو و ئازادیی زیندانیانی سیاسی و بەهێز کردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی نگریسی کۆماری ئیسلامی.
بەرز و بەڕێز بێت یادی ژینا ئەمینی و هەموو گیانبەختکردووانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەرمانانی ١٤٠١
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
١١ی خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
٢ی سێپتامبری ٢٠٢٥ی زایینی
واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە