
ئێستا لە سەروبەندی سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا، بارودۆخی سیاسیی ئێران و کوردستان بەخێرایی لە حاڵی ئاڵوگۆڕدایە. ئاگربەسی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل لاوازە و ئەگەری ئەوە هەیە کە کۆماری ئیسلامی نەتوانێ لە بەرامبەر ئەو هەمووە قەیرانەدا دەوام بێنێت.
ڕەوتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کە لەماوەی دەیەی ڕابردوودا و لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٦ەوە دەستیپێکردبوو، لە مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨دا زیاتری پەرەیسەند. وە لە بزووتنەوەی ژینا (٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی) بەرەو ئەملا، پایەکانی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەبەرچاوی خەڵک، یەک لە دوای یەک ڕووخان. تایبەتمەندیی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەوەدا بوو کە قەیرانی مەشرووعییەتی ڕژیمی ئیسلامیی بەوپەڕی خۆی گەیاند و جەماوەری ئێران لە ماوەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیەدا بۆیان دەرکەوت کە هاودڵی و هاوسۆزیی ملیۆنییان لەپشتە.
هاوسۆزی و هاودەنگیی جەماوەریی خەڵک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز تا کوشتاری خەڵکی بێدیفاع و جەسووری بەلووچستان، تا سەنگەربەندیی لاوان لە تاران و شیراز و مەشهەد و تەورێز و ئەهواز، تا هەڵپەڕین و سەمای سووتاندنی حیجاب لەلایەن ژنانی ئازادیخوازی ئێران، هەر هەموویان خەویان لە چاوی خوێنڕێژانی کۆنەپەرستی مەزهەبی تاراند.
لە ئاکامی ئەم یەکگرتوویی و هاوسۆزییە جەماوەرییەدا، خەڵک شکستی سەرشۆڕانەی حکوومەتی ئیسلامییان لە شانۆکانی هەڵبژاردن کە خۆی هەموو قۆناغەکانی موهەندسی کردبوو، بینی. حیجابی ئیسلامی کە یەکێک لە پایەکانی دەسەڵاتی نیزامی ئیسلامی و گرینگترین بنەمای مەشرووعییەتی ئەم ڕژیمە بوو، لە لایەن ژنانی ئازادەوە خرایە ژێر پرسیارەوە. ئەگەرچی ئامادە نەبوونی چینی کرێکار و بۆشایی ڕێبەرییەکی سەرتاسەری سەرەنجام بوو بەهۆی ئەوەیکە هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان ئەم ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕانەیە سەرکوت بکەن، بەڵام هەر ئەم ئاستە لە هوشیاریی جەماوەر، هاوئاهەنگیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵی لێبڕاوانەی هێزە چەپ و شۆڕشگێڕەکان و بەشداریی لاوان و ژنان لە مەیدانی خەبات، توانیی وەها کاریگەرییەکی مەزن لەسەر کۆمەڵگای ئێران دابنێت کە کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامی نەتوانێ زاڵ بێت و ئۆپۆزیسیۆنی دڵگەرم بە زلهێزەکانی جیهان نەتوانن لە ڕووداوەکانی دوای ئاخێزی ژینا، بەقازانجی خۆیان کەڵک وەرگرن.
ئەگەر بمانهەوێ جیاوازی و ئاستی پێشکەوتنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لە پڕۆسەی پێشڕەوەیی هەتا ئێستای بزووتنەوەی ڕووخاندنی ڕژیمدا هەڵسەنگێنین، دەبینین کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا، مەسەلەی ژنی خستە سەرووی ئەولەوییتەکانی خەباتی جەماوەری ئێرانەوە. بۆ یەکەمین جار خەباتی ژنان لە شێوازی پڕژوبڵاو هاتە دەر و بوو بە بزووتنەوەیەکی جەماوەری و سیاسی کە هێزی بزوێنەری ئەم ئاخێزە بوو. دروشمی پۆزیتیڤ و پێشکەوتخوازانەی وەک “ژن، ژیان، ئازادی”، ” نە سەڵتەنەت، نە ڕێبەری، دیموکراسی و بەرابەری” و “مەرگ بۆ ستەمکار چ شا بێت و چ ڕێبەر”، “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” شکڵی گرت و نیشانی دا کە بزووتنەوەی ڕووخاندن، لە دروشمی تەنیا سەلبییەوە بەرەو وێناکردنی داهاتوویەکی دیموکراتیک ڕۆیشتووە. ئەم ئاخێزە توانیی توێژی کۆنەپەرست لە فەزای ئیعترازی ڕاماڵێت و بەشداریی بەرین و بەرچاوی هێزە پشکەوتنخوازەکان بوو بە هۆی ئەوەیکە دروشمی ڕەگەزپەرستانە و بەرەو دواوە، کەمتر مەجالی بێت و ئەدەبیاتی بزووتنەوەکە بەرەو ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی بڕوات. بەهێزبوونی یەکڕیزی و یەکگرتوویی جەماوەری ئێران، خەڵکی ڕەنجدیدەی بەلووچستان و کوردستان، خوێندکاران، کرێکاران، ژنان و لاوان توانی پاشەکشە بە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگی ئێرانی و ناسیۆنالیزمی مەحەلی بکات و بەستێنی هاوپشتیی سەرتاسەریی پێکهێنا. ئاڵوگۆڕ لە گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم ئاخێزە بوو بەهۆی ئەوەیکە زۆرێک لە باوەڕە سوننەتی و کۆنەپەرستەکان لە کۆمەڵگادا بخرێنە ژێر پرسیارەوە، فەزای گشتیی بۆ گەڵاڵەکردنی داخوازیی دیموکراتیک کراوەتر بێت و نیشانی بدات کە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی مومکینە.
لە سەروبەندی سێهەمین ساڵیادی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا هاوسەنگیی هێزی چینایەتی بە قازانجی چینی کرێکار و بزووتنەوە پێشڕەوەکانی کۆمەڵگا گۆڕاوە. ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازیی سەڵتەنەتخواز لە هاوئاراستەیی و هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیلدا بەتەواو مانا بێ ئیعتبار بووە. لیبڕاڵەکانی ئێران سەرەڕای پڕژوبڵاوبوونیان، ئیعتباری بەرنامەیی و کۆمەڵایەتییان نییە و لە کوردستانیش حیزب و لایەنە بورژوا – ناسیۆنالیستەکان ئەگەرچی لە قۆناغی ئەم دواییەدا توانیویانە تا ئاستێکی دیاریکراو هاوکارییان بێت، بەڵام بەهۆکاری جۆراوجۆرەوە ناتوانن متمانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی سەرتاسەری ئێران بەدەست بێنن و لە بواری خواستی کۆتایی هێنان بە ستەمی نەتەوایەتیش نەیانتوانیوە لەگەڵ خەڵک ڕاستگۆ بن.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان لە سێهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا هاوڕێ لەگەڵ هەموو خەڵکی ناڕازی و شۆڕشگێڕ، لەپێناوی درێژەی ئەم خەباتەدا، بۆ ئامادەیی چینی کرێکار لە بەدەستەوەگرتنی ڕێبەرایەتیی ڕاپەڕینی داهاتوو و بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتداریەتی شۆرایی، لە هیچ هەوڵێک دەریغ ناکات.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
خەرمانانی ١٤٠٤ی هەتاوی
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە