فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی حەوت تەپە
شەممە ۰۳-۰۸-۱۴۰۴   |  25-10-2025

مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە بۆ دووهەمین ڕۆژی بەردەوام، هاوارێکی تازەی لەناو چینی کرێکاری ئێران بەرامبەر بە گەندەڵی، چەوسانەوە و نابەرابەری خستووەتە ڕێ. مانگرتنی ئەم جارەی کرێکاران نەک هەر بۆ حەقدەست، بەڵکوو لە ناڕەزایەتی دژبە گەندەڵیی بەرین و کەڵکی نابەجێ وەرگرتن لە سەرچاوەکانی تەرخانکراو بۆ خۆراک بەڕێوەدەچێت و نیشانەی تووڕەیی قووڵی هێزی کارە. پێشتر ڕۆژانە ٤٥٠ هەزار تمەن بۆ وەعدەی خۆراکی هەر کرێکار بە پەیمانکار دەدرا. بەڵام ئێستا تەنیا ٦٠ هەزار تمەن بە کرێکاران دەدرێت. لە کاتێکدا کە لە شیرکەتەکانی تەوسەعەی نەیشەکەر ئەم بڕە پارەیە مانگانە دەگاتە ٦ ملیۆن تمەن. کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە بە ئیرادەی بەکۆمەڵ، لە ناڕەزایەتی دژبە دزی و سووئیستفادەی ئاشکرا لە بوودجەی وەعدەکانی خۆراک، دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و لە بەرامبەر پەیمانکاران و بەڕێوەبەرانی گەندەڵدا یەکڕیز و یەکگرتوو ڕاوەستاون.

ئەم مانگرتنە تازەیە، درێژەی زنجیرەیەکی خەباتە کە کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەڕێوەیان بردووە. لە ساڵی ١٣٩٧ەوە هەتا ئێستا، ئەم کرێکارانە بە مانگرتن و کۆبوونەوەی بەرفراوانی خۆیان، بوونەتە یەکێک لە هێماکانی هوشیاری و خۆڕاگریی چینایەتی لە ئێراندا. لەماوەی ئەم ساڵانەدا خسووسی سازیی گەندەڵی شیرکەت، قەرزی بەرین، لەسەر کار دەرکردنی کرێکاران و سەرکوتی چالاکانی کرێکاری، دەنگی ناڕەزایەتیی بەوپەڕی خۆی گەیاند. دروشمی مێژوویی “نان، کار، ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” لە دڵی هەر ئەم خەباتەوە سەری هەڵدا و بوو بە نیشانەی هوشیاریی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکار. کرێکارانی حەوت تەپە بە پێکهێنانی کۆبوونەوەی گشتی، هەڵبژاردنی نوێنەران لەناو خۆیاندا و بە دیفاع لە حەقی ئیدارەی شۆرایی، ئۆلگوویەکی بەکردەوەیان لە سازماندانی سەربەخۆی چینایەتی پێکهێنا. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت، دەستبەسەرکردن و پەروەندەسازی هەوڵی دا ئەم حەرەکەتە تێکبشکێنێ، بەڵام هەموو جارێ، کرێکاران بە هێزی زیاترەوە هاتنەوە مەیدان. ئەوان سەلماندیان کە هوشیاریی چینایەتی ناتوانی زیندانی بکەی و دەنگی بەرابەری تەڵەبی و ئازادیخوازی ناتوانی خەفە بکەی.

ئەمڕۆ، مانگرتنی دووبارەی کرێکارانی حەوت تەپە لە بەستێنێکی بەهێزتر لە ڕابردوو لەئارادایە. هەژاری، گرانی، نائەمنی کار، و دابەزینی ئاستی بژێو، ملیۆنان کەس لە خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی بردووەتە سەر لێواری هەڵدێر. دەوڵەتەکانی سەرمایەداری بە جێبەجێ کردنی سیاسەتی بەتایبەت کردن، سڕینەوەی یارانەکان و سپاردنی بەشە کلیلییەکانی ئابووری بە پەیمانکاران و ناوەندەکانی سەربە دەسەڵات، سفرەی خەڵکیان تاڵان کردووە و سەروەت و سامانی کۆمەڵایەتییان لەناو دەستی کەمینەیەکی بچووکدا چڕ کردووەتەوە. شیرکەتی نەیشەکەری حەوت تەپە نموونەیەکی بەرچاوی ئەم سیاسەتەیە. ئەم مانگرتنە تەنها هاواری کۆمەڵێک لە کرێکارانی ناوەندێکی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی تووڕەیی و هوشیاریی گشت چینی کرێکار لە بەرامبەر پێکهاتەی چەوسێنەر و تاڵانکەردایە. ئەمڕۆ ئەم هاوارە لەگەڵ ناڕەزایەتیی خانەنیشینان لەسەر شەقامەکان، مانگرتنی مامۆستایان لە مەدرەسەکان، خەباتی ژنان بەدژی ستەم و جیاکاری، و تووڕەیی کرێکارانی پڕۆژەیی نەوت، پۆڵا، مەعدەن و خزمەتگوزاری، ژانێکی هاوبەش و چینایەتییە. خانەنشینان بە دروشمی “هاوار، هاوار لەو هەمووە بێدادە” لە بەرامبەر سیاسەتی ڕیازەتیدا وەستاونەتەوە. مامۆستایان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بە مانگرتنی سەرتاسەری خوازیاری پەروەردەی بەخۆڕایی و کەرامەتی ئینسانی بوون. ژنان لە شەقامەکان و شوێنەکانی کار بوێرانە بەرامبەر بە ستەمی ڕەگەزی خۆڕاگرییان نواندووە. کرێکارانی پۆڵای ئەهواز بە پایداری لە بەرامبەر بەتایبەت کردن و لەسەر کار دەرکردن لە خەبات بەردەوام بوون.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان پشتیوانیی تەواوی خۆی لە مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە ڕادەگەیەنێ و لەسەر ئەو حەقیقەتە تەئکید دەکات کە ئەم خەباتە، بەشێکی دانەبڕاوە لە خەباتی سەرتاسەریی چینی کرێکار لەدژی سەرمایەداری، بەتایبەت کردن و دیکتاتۆریی دەوڵەتی. شۆرا، خوازیاری وڵامدانەوەی دەستبەجێی بەرپرسان، وەدیهێنانی هەموو داخوازییەکانی کرێکاران، هەڵوەشاندنەوەی پەیمانکاریی چەوسێنەرانە، گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی بەرهەمهێنان بۆ شۆراکانی ڕاستەقینەی کرێکاران و ئازادیی بێ شەرت و مەرجی هەموو چالاکانی کرێکاریی بەندکراوە.

بژی مانگرتنی کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی / ٢٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv