فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەبۆنەی هەڵوەشانەوەی حوکمی قەتڵی دەوڵەتیی شەریفە محەممەدی
هەینی ۰۹-۰۸-۱۴۰۴   |  31-10-2025

حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی پاش ناڕەزایەتیی بەرینی ناوەندەکانی کرێکاری، سۆسیالیستی و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، هەڵوەشایەوە. شەریفە محەممەدی، چالاکی بزووتنەوەی کرێکاری و لە ئەندامانی پێشووی کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان ڕێکەوتی ١٤ی سەرماوەزی ١٤٠٢ لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی لاکانی ڕەشت کرا. ناوبراو ماوەیەکیش بۆ زیندانی سنە ناردرا. شەریفە محەممەدی لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٣دا لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕەشت و لەلایەن ئاخوندێکی داردەستی ئەشکەنجەگەرانی وەزارەتی ئیتلاعات بەناوی دەرویش گۆفتار بە تۆمەتی “بەغی” بە ئێعدام مەحکووم کرا. دیوانی باڵای ڕژیم بەهۆی کەموکوڕی و کێشەی پەروەندەکە، ئەم حوکمەی هەڵوەشاندنەوە و ئەم پەروەندەیەی بە کوڕی قازی ئەوەڵ سپارد کە ئەویش هاوشێوەی باوکی ئاخوندێکی گوێڕایەڵی ناوەندە ئەمنییەکان بوو. قازیی کوڕ، هیچ بایەخێکی بە کەموکوڕیی پەروەندەکە نەدا و دووبارە بۆ شەریفە محەممەدی حوکمی ئێعدامی دەرکردەوە. ئەم جارە نۆرەی لقی ٢٩ی دیوانی باڵا بوو کە لە کێشە و نەقسی ئەساسیی ئەم پەروەندەیە چاوپۆشی بکات و حوکمی ئێعدامی شەریفە دووبارە پەسند بکاتەوە.

دووپات بوونەوەی چەند جارەی حوکمی ئێعدام ئەگەرچی نیشانەی ئەوە بوو کە ناوەندە ئەمنییەکان بڕیاری کوشتنی شەریفەیان دابوو، بەڵام ناڕەزایەتیی بنەماڵە، پارێزەران، خانەنشینان، مامۆستایان، ڕێکخراو و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەی ژنان، ئەحزاب و سازمانە سۆسیالیستەکان و ناوەندە پێشکەوتنخوازەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، بەرینتر لە ڕابردوو درێژەی بوو و ڕەهەندەکانی ئەم پەروەندەیەی لە بەرژەوەندی ئەشکەنجەگەرانی ئیتلاعات و دادگای ئینقلابی ڕەشت بەرزتر کردەوە. حوکمی ئێعدامی شەریفە لەگەڵ حوکمی ئێعدامی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی ڕەهەندی سەرتاسەری و جیهانیی بەخۆ گرت و بەناچار بە دەخاڵەتی سەرۆکی دەزگای قەزایی، موحسینی ئێژەیی، حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی هەڵوەشایەوە و کرا بە سی ساڵ زیندان.

شەریفەی بزووتنەوەی کرێکاری هەروا لە زیندانە و بێگومان خەبات بۆ ئازادکردنی ناوبراو و هەموو چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بەندکراوانی سیاسی درێژەی دەبێت. هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی شەریفە محەممەدی سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بزووتنەوەیەکی ڕوو لە گەشە و بێوێنە لە مێژووی ئێراندا، واتە بزووتنەوەی هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام.

شۆرای هاوکاری لەسەر پشتیوانی کردن لە “کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” و لە هەر خەباتێکی دیکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی کوشتنی بەبەرنامە و ڕێکخراوی دەوڵەت دووبارە تەئکید دەکاتەوە. هەڵوەشانەوەی حوکمی شەریفە لە بنەماڵەکەی، بەتایبەت لە هاوسەر و منداڵەکانی و لە هەموو ئەوانەی لەم ڕێگایەدا هەنگاویان هەڵگرت، پیرۆزبایی دەکەین.

هەڵوەشانەوەی حوکمی شەریفە محەممەدی ئەوەمان پێ دەڵێ کە بەر لە هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای ئێعدامیش، دەتوانین گیانی زۆرێک لە ئازیزان نەجات بدەین.

بژی بزووتنەوەی هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی – ٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ی زایینی

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv