فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ ڕێزگرتن لە ١٦ی سەرماوەز، هێمای خەبات دژی کۆنەپەرەستی و ئیستیبداد
هەینی ۰۷-۰۹-۱۴۰۴   |  28-11-2025

لە سەروبەندی ڕۆژی خوێندکارداین. لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٣٢ـەوە تا بە ئەمڕۆ، زیاتر لە حەوت دەیە تێدەپەڕێت. حەفتا و دوو ساڵ لەمەوبەر لە ڕوژێکی وەک ئەمڕۆدا، خوێندکارانی زانکۆی تاران لە کاردانەوە بە سەفەری “نیکسۆن” – جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا – بۆ ئێران، دەستیان دایە ناڕەزایەتی. سەفەری نیکسۆن، ئەویش تەنیا سێ مانگ دوای کودەتا نگریسەکەی ٢٨ی گەلاوێژ کە بە مەبەستی پشتیوانی لە ڕژیمی کودەتاچیی پەهلەویی دووهەم دەهاتە ئێران، زیاتر لە هەر شتێک تووڕەیی و نەفرەتی خوێندکارانی خەباتکار و شۆڕشگێڕی لێکەوتبووەوە. تووڕەییەک کە لە ئەمریکا و ڕژیمی دەستنیشاندە و کودەتاچییەکەی سەرچاوەی دەگرت، زانکۆی تارانی بەرەو ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی بەرینی خوێندکاری لەدژی ئیستیبداد، کۆنەپەرەستیی ناوخۆیی و ئەمریکا برد.

تووڕەیی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاران، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز وەک ئاگرێکی کڵپەسەندوو دژی ڕژیمی سەلتەنەتی و پشتیوانە ئیمپریالیستەکەی لە کۆلێژی تەکنیکیی زانکۆی تاران بڵێسەی سەند. ڕژیمی بەرهەمهاتووی کودەتا و هێزە سەرکوتگەرەکانی، بۆ بەخێرهاتنی نیکسۆن و نمایشی جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆیان، خوێندکارانی ناڕازییان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە. لەو پەلامارە وەحشیانەیەدا، سێ خوێندکاری خەباتکار، (ئەحمەد قەندچی، شەریعەت ڕەزەوی و مستەفا بوزورگ‌نیا) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سەرکوت گیانیان بەخت کرد. بەدوای گیان‌بەختکردنی ئەم سێ خوێندکارە شۆڕشگێڕە و وەک ڕێزێک بۆ یاد و بیرەوەریی هەمیشەییی ئەوان، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەز وەک “ڕۆژی خوێندکار” لە بیری مێژوویی خوێندکاران و کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا مایەوە.

مانەوەی ئەم ڕۆژە مێژووییە لە یادی خەڵکی ئێراندا، لە ڕاستیی عەینیی خەباتی ئازادیخوازانە و دژە ئیستیبدادیی خوێندکارانی چەپ، شۆڕشگێڕ و ڕادیکاڵ لە سەردەمی ڕژیمی دیکتاتۆریی پەهلەویی دووهەمەوە سەرچاوەی گرتووە؛ خەباتێک کە لەو ڕۆژەوە تا بە ئەمڕۆ و لە ماوەی زیاتر لە حەوت دەیەدا، هەقانییەتی خەباتکارانەی خۆی لە زهنییەتی جەماوەری وشیاری کۆمەڵگەدا جێخستووە. هەر بۆیە بزووتنەوەی خوێندکاریی ئێران، نەتەنیا لەژێر دەسەڵاتی ئیستیبدادیی پاشایەتیی ڕابردوودا، بەڵکوو لە سەردەمی دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی و ستەمی مەزهەبیی کۆماری ئیسلامیشدا، هەمیشە یەکێک لە سەنگەرەکانی خەبات دژی ستەم و نایەکسانی بووە.

بزووتنەوەیەک بە پێگەیەکی جەماوەرییەوە کە کۆماری ئیسلامی بە لەبەرچاوگرتنی پێشینەی خەباتی ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی ئەم بزووتنەوەیە لە ڕژیمی پێشوودا، هەمیشە لە بەهێزبوونی ترساوە. هەر بەهۆی ئەم ترسەوە بوو کە خومەینی و دەسەڵاتدارانی تری ئیسلامی، هاوکات لەگەڵ سەرکوتکردنی خەڵک و ڕێکخراوە سیاسییەکان، پەلاماردانی زانکۆکانیشیان خستە بەرنامەی کاری خۆیانەوە. سەرکوت و پەلامارێک کە لە سەرەتای بەدەسەڵات‌گەیشتنی حکوومەتی ئیسلامییەوە لە زانکۆکان دەستی پێ کرد و لە ڕۆژانی یەکەم و دووهەمی گوڵانی ١٣٥٩ لەژێرناوی”ئینقلابی فەرهەنگی”دا گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. ڕۆژانێکی خوێناوی کە هێزەکانی بەسیج و سپا لە هێرشێکی وەحشیانەدا بۆ سەر زانکۆکانی وڵات، ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی چەپ و شۆڕشگێڕیان کوشت و زانکۆکانیشیان بۆ ماوەی دوو ساڵ داخست. دوای ئەوە، پرۆسەی پاکسازییان دەست پێ کرد و هەزاران مامۆستا و خوێندکاری کۆمۆنیست و خەباتکار و پێشکەوتووخوازیان دەرکرد.

دوای دوو ساڵ کە زانکۆکان کرانەوە، بە پەیڕەوکردنی سیستەمی “گۆزینیش” و پشکبەندی (سەهمییە)، هێزەکانی بەسیج و سپا و مۆرەکانی ڕژیم بەتەواوی دەستیان بەسەر زانکۆکاندا گرت. بۆ لانی‌کەم دە ساڵ، زانکۆ بوو بە “حەوشە خەڵوەت”ی ڕژیم و بزووتنەوەی خوێندکاری لەو ساڵانەدا بە کردەوە چووە پەراوێزەوە. لەدوای ئەوەش، سەرەڕای ئەوەیکە تا ساڵانی سەرەتای دەیەی هەشتا لەژێر هەیمەنەی نفووزی “ڕیفۆرمخوازان”ی حکوومەتیدا بوو، بەڵام دیسانەوە یەکێک لە خوێناویترین سەرکوتەکانی خۆی لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی “محەممەد خاتەمی” و لە ڕاپەڕینی شەش ڕۆژەی پووشپەڕی ٧٨دا ئەزموون کرد. سەرکوتگەرییەک کە لە ساڵانی ٨٢ تا ٨٥ـیش درێژەی هەبوو و زۆرێک لە خوێندکارانی ئازادیخواز و بەرابەری‌تەڵەب لەو ساڵانەدا دەسبەسەر و دەرکران و “ستارەدار” کران.

بەڵام لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری ڕیشەی لە خەباتی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا هەبوو، لە نیوەی دووهەمی دەیەی هەشتاوە، بزووتنەوەی خوێندکاریی چەپ و ڕادیکاڵ بە وانە وەرگرتن لە خەباتی بوێرانەی خوێندکاران لە سەردەمی ستەم‌شاهیدا و بەتایبەت بە ئیلهام وەرگرتن لە ١٦ی سەرماوەز – ڕۆژی خوێندکار – هێدی هێدی پشتی ڕاست کردەوە. ساڵ لە دوای ساڵ باڵای کرد، لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی بەفرانباری ٩٦دا بە دروشمی “ئیسلاح تەڵەب، ئۆسوولگەرا، ئیتر تەواوە ماجەرا”، هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵ دەسەڵات پچڕاند و دوای ئەوەش، لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا خۆی خستە ئەو پێگەیەوە کە شیاوی بوو.

لەماوەی هەموو ئەم ساڵانەدا، هەرچی بزووتنەوەی خوێندکاری زیاتر باڵای کردبێت، پەلامار بۆ سەر زانکۆکان و سەرکوتکردنی خوێندکارانی چەپ و شۆڕشگێڕیش توندتر بووەتەوە. لە سەردەمی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نیوەی دووهەمی ١٤٠١ و مانگەکانی دواتری تا بە ئەمڕۆ، هەزاران خوێندکاری چەپ و خەباتکار و ئازادیخواز، دەرکراون، دەسبەسەر و زیندانی کراون. ژمارەیەکی زۆر مامۆستا تەسوییە کراون یان بە سەپاندنی خانەنشینیی پێشوەختە لە وانەوتنەوە بێ‌بەش کراون. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم پیلان و سەرکوتگەری و زیندان و گرتن و بەندکردنانە، لەبەر ئەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری بەگشتی ڕیشەی لە خەباتی کۆمەڵگەدایە و هێزی بزوێنەری ڕۆڵەی جەماوەری زەحمەتکێشن، خەباتی خوێندکاری وێڕای هەموو ئەو هەوراز و نشێوانەی تا ئێستا هەیبووە، نەتەنیا ڕێگری کردووە لەوەی ڕژیم زانکۆکان بکاتە سەربازگە، بەڵکوو بە خۆڕاگری، خەبات و پێداگری لەسەر داخوازیی ئازادیخوازانە و بەرابەری‌تەڵەبانە، هەنگاوی گەورەی بۆ بەدەستهێنانی ناسنامە و هۆوییەتی خەباتکارانەی خۆی هەڵگرتووە. هۆوییەتێکی سەربەخۆ کە لە هاوڕێیەتی و هاوهەنگاوی لەگەڵ خەباتی کرێکاران و ژنان و کۆمەڵانی خەڵکی زەحمەتکێشی ئێراندا، بەش بە حاڵی خۆی ڕۆڵی لەم خەباتەدا گێڕاوە.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بە بۆنەی ڕێزگرتن لە ڕۆژی خوێندکار، ئەم ڕۆژە مێژووییە کە ڕۆژی هەستانی بزووتنەوەی خوێندکارییە دژی کۆنەپەرەستی و ئیستیبداد و ڕۆژی هاوپشتیی خوێندکارانە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەپێناو بەرگری لە ئازادی و یەکسانی، لە سەرجەم خوێندکاران، بەتایبەت خوێندکارانی چەپ و کۆمۆنیست و خەباتکار و مامۆستایانی پێشکەوتووخواز پیرۆزبایی دەکات. بەو هیوایەی نەک هەر ١٦ی سەرماوەز، بەڵکوو سەرجەم ڕۆژەکانی خوێندن، ببێتە ڕۆژی خرۆشانی خوێندکاران لەپێناو پاراستنی سەنگەری زانکۆ و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی.

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی – بژی سۆسیالیزم

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ – ٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

واژۆکان: ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت

https://t.me/+9ysZiE_6mkZjZDZk

[email protected]

بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

alternative-shorai.tv

cpiran.org

komala.co

t.me/peshrawcpiran

facebook.com/Peshrawcpiran

instagram.com/Peshrawcpirn

t.me/KomalaCpiranTv