
کرێکاران، زەحمەتکێشان، جەماوەری ئازادیخواز!
جارێکی تر ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامی، لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و پەلکێشکردنی بۆ دەرەوەی سنوورەکان، بە هێرشی درۆنی بۆ سەر کەمپی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە ناوچەکانی «سورداش» و «کۆیە» لە هەرێمی کوردستانی عێراق، دەستی بۆ تاوانێکی نوێ برد. لە ئاکامی ئەم هێرشە دڕندانەیەدا، ژمارەیەک لە هێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بریندار بوون و بەداخەوە یەکێک لە پێشمەرگەکانی ڕێکخراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە ناوی «غەزال مەولانی» گیانی بەخت کرد.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، وێڕای مەحکوومکردنی توند و شێلگیرانەی ئەم هێرشە تێرۆریستییانە، قووڵترین هاوخەمیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی گیانبەختکردوو غەزال مەولانی، هاوڕێیانی و سەرجەم بریندارانی ئەم ڕووداوە دەکات.
بەوپەڕی داخەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەدەست گەیشتوون، بنکە تەندروستی و نەخۆشخانە ناوچەییەکان، خۆیان بواردووە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی خێرای پزیشکی بە بریندارانی ئەم تاوانە.
ئێمە، لە شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان:
هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئۆردوگای پەنابەران و حیزبە سیاسییەکان مەحکووم دەکەین و، ئەم کارە بە نیشانەی زەلیلی و داماویی ڕژیم دەزانین لە بەرامبەر ئیرادەی جەماوەردا.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٥ی ئاپریلی ٢٠٢٦