مامۆستایان و فەرهەنگییانی شاری سەقز لە پێوەند لەگەڵ هاوکارییەکانی بەڕێوەبەری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی سەقز لەگەڵ هێزەکانی ڕژیم و ئیدارەی ئیتلاعات ڕاگەیاندنێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
پاش هەوڵە سەرکوتکارانەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کاتی شۆڕشی ژینا، بەرپرسانی نابەرپرس و ئەو کەسانەی کە نان بە نرخی ڕۆژ دەخۆن، هەوڵیان بۆ کەمکردنەوەی حەقدەستی ئەو مامۆستایانەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە شۆڕشی ژینا بەشداربوون داوە و لە ئێستادا ٨ کەس لە مامۆستایانی شاری سەقز دراون بە هەیئەتی بەڕێوەبەریی سەرپێچیکارانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سەقز.
لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا چەندین کەس لە مامۆستایانی دڵسۆزی شاری سەقز بۆ لێپرسینەوە دراون بە بنکەی ئیتلاعاتی هێزەکانی ڕژیم و لێکۆلێنەوەیان لەگەڵ کراوە.
ئێمە دەمانهەوێت ئەو کردەوە نەشیاوەی بەڕێوەبەری ئیدارەی بارهێنان و پەروەردە سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەسەر مامۆستایانی دڵسۆزی شاری سەقز لەماوەی ٥٠ ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر شۆڕشی ژینا بخەینە بەردەم بەردەنگەکانی مافی مرۆڤ و پێیان ڕابگەینین لەماوەی ڕابردوودا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم تەنانەت قوتابخانەکانیان کردۆتە پایەگایەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوی خەڵکی ئازادیخوازی سەقز و هێزەکانی ڕژیم بە هاوکاری بەسیجیەکان و بەکرێگیراوانی خۆی لە قوتابخانەکانی مێعراج و نیایش، خەریکی دەستبەسەرکردنی مامۆستایان و قوتابییانی ئازادیخوازن.