فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتیی کۆمەڵە بەبۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی هاوڕێ محەممەد ئەفشارپوور ناسراو بە (حەمە جۆڵا)
شەممە ۲۵-۱۲-۱۴۰۳   |  15-03-2025

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە بەیانیی ڕۆژی هەینی ١٤ی مارسی ٢٠٢٥ بەرابەر لەگەڵ ٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ هاوڕێ محەممەد ئەفشارپوور پێشمەرگە و ئەندامی دێرین و خۆشەویستی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە شاری “ئێسکیلستونا” لە وڵاتی سۆئێد دوای ماوەیەکی زۆر دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی ٦٦ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی داغدار کرد.

هاوڕێ محەممەد لە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٣٨ بەرابەر بە یەکی ژۆئەنی ١٩٥٩ لە ئاوایی نۆدشەی سەربە ناوچەی هەورامان لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش و هەژاردا لەدایک بوو. هاوڕێ محەممەد هەر لە منداڵییەوە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی، دەستی کرد بە کاری جۆڵایی کە براکانیشی هەر ئەم کارەیان دەکرد و لەگەڵ ئەوان بۆ کار دەچووە شارە سنوورییەکانی کوردستان. پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی، هاوڕێ محەممەد لە ساڵی ١٣٥٨دا لەگەڵ یەکێک لە براکانی لە ناوچەی هەورامان بە ڕیزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بوو. ساڵی ٥٩ی هەتاوی لە قۆناغی دووهەمی بزووتنەوەی خەبات و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان لەدژی هێرشی بەکرێگیراوانی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ پێشمەرگەکانی ناوچەی هەورامان درانە ناوچەی کامیاران و لە مەسیری کرماشان – کامیاران جێگیر کران. هاوڕێ محممەد لە کاری عەمەلی و دەستیدا کەسێکی زۆر بە توانا بوو. لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و تەعمیری چەکەکاندا یارمەتیی هاوڕێیانی پێشمەرگەی دەدا و هەر بەم هۆکارەش دواتر درایە بەشی تەسلیحاتی مەرکەزیی کۆمەڵە لە ئۆردوگای مالوومە. پاشان لە ئینتشاراتی کۆمەڵە کار و چالاکییەکانی درێژەدا. هاوڕێ محەممەد کەسێکی سادق، سەمیمی و دڵسۆز بوو و ئەرک و کارە تەشکیلاتییەکانی بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە ئەنجام دەدا. بەپرس بوون و سەمیمییەت و دڵسۆزیی هاوڕێ محەممەد، لەناو پێشمەرگەکان و لەئاستی تەشکیلاتدا کردبوویە کەسێکی خۆشەویست و جێگای متمانە.

هاوڕێ محەممەد لە ساڵی ١٩٩٢دا وەک پەنابەری سیاسی لە وڵاتی سۆئێد وەرگیرا و ژیانێکی تازەی لەوێ دەستپێکرد. لە سۆئێدیش هەروەک تێکۆشەرێکی کۆمۆنیست چالاکیی سیاسیی خۆی درێژە پێدا و هەتا کۆتایی ژیانی بە ئارمانی شۆڕشگێڕانە و ئینسانیی خۆی وەفادار مایەوە. بەداخەوە ساڵانی کۆتایی ژیانی هاوڕێ محەممەد پڕ لە دەرد و ڕەنج بوو. بە ماڵئاویی لە ژیانی هاوڕێ محەممەد، کرێکاران و زەحمەتکێشان یارێکی دڵسۆزی خۆیان لەدەستدا.

نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات بە بۆنەی کۆچی هاوڕێ محەممەد، ئەو ئینسانە سەمیمی و فیداکار و خۆشەویستە، پڕ بە دڵ سەرەخۆشی دەکات لە بنەماڵە و کەسوکار و هاوڕێیانی و خۆی بە شەریکی غەمیان دەزانێت. یادی بەرز و بەڕێز بێت.

نوێنەرایەتیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە درەوەی وڵات

٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی

١٤ی مارسی ٢٠٢٥ی زایینی