فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات بەبۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی دایە خاوەر حسێنی
هەینی ۲۵-۰۹-۱۴۰۱   |  16-12-2022
ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات بەبۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی دایە خاوەر حسێنی

بەداخەوە دایە خاوەر حسێنی لە هەڵسووڕاوانی دێرینی کۆمەڵە، ئەم ئینسانە فیداکار و سەمیمی و میهرەبانە ڕۆژی ١١ی دێسامبری ٢٠٢٢ لە تەمەنی ٩٦ ساڵیدا لە وڵاتی سوێد ماڵئاوایی لە ژیان کرد. دایە خاوەر لەو ژنە زەحمەتکێشانە بوو کە هەر لە سەرەتای منداڵی و تازەلاوییەوە لەگەڵ دەرد و موسیبەتەکانی نیزامی زاڵمانەی چینایەتی دەست و پەنجەی نەرم کرد. ئەو هەر لە دەستپێکی بزووتنەوەی ڕووخاندنی ڕژیمی پاشایەتییەوە پەیوەستی خەباتی جەماوەری بوو و لەو ژنانە بوو کە لە ناوچەی ساڕاڵی سنە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە هاوکاریی دەکرد و گەلێک فیداکاریی لەم بوارەدا لەخۆ نیشان دا. دایە خاوەر لە شاری سنەش، لەو ڕێوڕەسمانەی کە بە بۆنەی ئەوەڵی مانگی مەی و هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژن بەرپا دەکران بەشداریی دەکرد. دایە خاوەر، ئەم دایکە خۆشەویستە، هەمڕەزمی دێرین و فیداکاری کۆمەڵە بوو لە سەردەمی یەکجار دژوار و سەختی دەیەی شەستدا. خەباتکارێکی ماندوویینەناس و خۆڕاگر بوو دژبە ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی. دایە خاوەر هەموو ئەو مەئموورییەتە تەشکیلاتییانەی کە کۆمەڵە پێی دەسپرارد، بە دیقەت و کاردانییەوە ئەنجامی دەدا. ئەو زۆر جار لە بەر دەرگای زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کە دەڕۆیە مولاقاتی برا و ڕۆڵەکانی، دەدرایە بەر ئازار و هەڕەشەی پاسەوانانی زیندان. گەلێک بیرەوەریی تاڵ و ناخۆش کە ساڵەها دەیگێڕانەوە.

نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانی ئەم ژنە خەباتکار و دڵسۆزە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.

نوێنەرایەتیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە دەرەوەی وڵات

١٥ی دێسامبری ٢٠٢٢

٢٤ی سەرماوەزی ١٤٠١