
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دایە ئیحترام شەکووری، یەکێک لە دایکانی فیداکار و خۆڕاگری کۆمەڵە دوای نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە حەوتی مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بەرابەر لەگەڵ ٢٧ی مارسی ٢٠٢٥ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
دایە ئیحترام شەکووری هاوسەری نەمر ڕەشید خوداجوو، زیندانیی سیاسی کۆماری جەنایەتکاری ئیسلامی لە دەیەی شەست، دایکی هاوڕێی گیانبەختکردوو نادر خوداجوو و نەمر ناسح خوداجوو بوو. ژیانی دایە ئیحترامی خۆشەویست، لەماوەی زیاتر لە چوار دەیە تەمەنی نگریسی کۆماری ئیسلامیدا پڕ لە ڕەنج و ژان و ئازار بوو بەڵام هەرگیز لە بەرامبەر هەڵسووکەوتی وەحشیانە و دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامیدا تەسلیم نەبوو و سیمای موقاومەت و فیداکاری بوو. دایە ئیحترام هەتا کۆتایی ژیانی بە دڵێکی پڕ لە نەفرەت و بێزاری لە کۆماری ئیسلامی، پڕ لە عەشق و خۆشەویستی بۆ ئازادی، بە ئارمانی ڕەزگاریی ئینسان لە ستەم و هەڵاواردن وەفادار مایەوە.
نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات بەبۆنەی کۆچی ئەم دایکە ڕەنجدیدە و خۆڕاگرە پڕ بە دڵ سەرەخۆشی دەکات لە بنەماڵە و کەسوکار و خۆشەویستانی و خۆی بە شەریکی غەمیان دەزانێت. یادی ئازیزی بەرز و بەڕێز بێت.
نوێنەرایەتیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) لە دەرەوەی وڵات
٢٧ی مارسی ٢٠٢٥
٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٤
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
www.facebook.com/Peshrawcpiran
www.instagram.com/Peshrawcpirn