فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی هاوبەش؛ سەفەری ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ کوردستان مایەی نەفرەتی قووڵی خەڵکە!
پێنجشەممە ۱۶-۰۴-۱۴۰۱   |  07-07-2022

قەرارە ئیراهیم ڕەئیسی سەردەستەی قەتڵوعامی بەکۆمەڵی دەیەی شەست بۆ کوردستان سەفەر بکات.  هاتنی ئەندامی هەیئەتی مەرگی سەردەمی خومەینی و سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیم لەماوەی ساڵانی ڕابردوو و سەرۆک کۆماری ئێستای ڕژیمی ئیسلامی بۆ کوردستان، هەروەک چۆن لە سەفەرەکانی تری بۆ ئۆستانەکانی دیکە و لەم دوایانەدا بۆ خووزستان و شاری ئابادان لەگەڵ ناڕەزایەتی و نەفرەتی خەڵک بەرەوڕوو بۆوە، بێگومان بێجگەلە پەرەپێدانی ڕق  و تووڕەیی خەڵک دژبە کۆماری ئیسلامی، هیچ دەستکەوتێکی تری بۆ ئەم ڕژیمە داماوە نابێت.

سەفەری ئۆستانی و شانۆی فریوکارانەی “حزوور لەناو خەڵک”ی سەردەمدارانی کۆماری ئیسلامی کە بێجگەلە داسەپاندنی هەژاری و فەلاکەت و سەرکوت شتێکی تریان لە کارنامەی ٤٣ ساڵەی خۆیاندا نییە، گاڵتەجاڕییە و هیچی تر. ڕەئیسی و باقیی سەرانی کۆماری ئیسلامی کە ئەساسەن بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕووحیەی هێزە نیزامی و ئیدارییە سەرسپێردراوەکانی خۆیان و لەجاڕدانی وادە و بەڵێنی درۆیین، بۆ ئۆستانی کوردستان و ئۆستانەکانی تر سەفەر دەکەن، خۆیان باش دەزانن کە وەها مانۆڕگەلێکی فریوکارانە چی­تر ناتوانێ لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی خەڵکی ستەمدیدە و لە لاوازتربوونی ڕووحیەی دۆڕاوی سەرسپێردراوانیان ڕێگری بکات.

پەروەندەی یەک ساڵەی سەرۆک  کۆماریی ڕەئیسی، پەرەسەندنی سەرکوت، ئێعدام، داسەپاندنی حوکمی قورس بۆ چالاکانی کرێکاری و موعەلیمان و ژنان، گرانی و هەژاری و نەهامەتیی بێسنوور بووە. خەڵکی کوردستان پێویستە “پێشوازی”یەکی شیاو لە ڕەئیسیی سەرتاپێ جەنایەت بکەن.

هەر لە ئێستاوە مەعلوومە کە سێناریۆی ساختە و پەرداختەی ناوەندە حکوومەتییەکان لەپێوەند لەگەڵ پێشوازیی “گەرم”ی خەڵک لە ڕەئیسی، بەرەوڕووی شکست دەبێتەوە. هەروەک چۆن لە سەفەرە ئۆستانییەکانی ئەم دوایانەیدا خەڵکی ناڕازی بە درووشمی “ڕەئیسی بڕۆ گوم بە” پێشوازییان لێ کرد، لە کوردستانیش هەر ئەم دیمەنانە دووپات دەبنەوە. خەڵکی کوردستان وشیار و ئاگاه و بە ئەزموونن. ئەوان دەزانن کە چۆن بە داهێنان و شێوازی گونجاو نەفرەت و بێزاریی خۆیان لەئاست ئەم سەردەستەیەی جەلادان لە شار و دیاریان دەربڕن و مانۆڕ و شانۆکانیان بە گاڵتە بگرن و ڕسوای بکەن و ئەوجۆرەی کە سزاوارە، “بەدرەقە”ی بکەن.

خەڵکی کوردستان کە وەک هەموو بنەماڵە جەرگ سووتاوەکانی دەیەی شەست و بنەماڵەی داغداری لاوانی ئێعدامی و گۆڕی بێ ناو و نیشانی ڕۆڵەکانیان، شایەدی جەنایاتی کۆماری ئیسلامی بوون، بەم نومایشە قیزەونانە، ٤٣ ساڵ جەنایەت و کوشتار و سەرکوت و لەشکرکێشی بۆسەر کوردستان فەرامۆش ناکەن. ئەویش لە باروودۆخێکدا کە گشت کۆمەڵگە دەرگیری ئاڵوگۆڕی چارەنووسساز و ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی چینی کرێکار و باقیی توێژە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگەیە. ئەم سەفەرە بۆ جارێکی تر جەنایاتی ئەم دەسەڵاتە و سەرانی ورد و درشتی وەبیر خەڵکی کوردستان دێنێتەوە. خەڵک بە سەرانی جەنایەتکاری ئەم ڕژیمە سەرکوتگەرە نیشان دەدەن کە بێجگەلە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە هارە، بە هیچ شتێکی تر ڕەزایەت نادەن.

بێگومان ئەم چاوەڕوانییە بەرحەقە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت کە بە داهێنان و شێوازی گونجاو و مومکین، نەفرەت و تووڕەیی و ناڕەزایەتی خۆیان دژبە ڕەئیسی و گشت نیزامی کۆماری ئیسلامی نیشان بدەن و ئامانجی دژەخەڵکیی ئەم ڕژیمە ئابڕووچوواوە لەم نومایشانە پووچەڵ و ڕسوا بکەن.

کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست

١٤٠١/٤/١٦

٢٠٢٢/٧/٧