
دەستبەسەرکردن و دەرکردنی سەدان هەزار پەنابەری ئەفغانستانی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە بە وەحشیانەترین شێوە لە ئارادایە، نیشانەی وەحشیگەری و ڕق و کینەی چینایەتیی ئەم ڕژیمە، نەک هەر لە چینی کرێکاری ئێران، بەڵکوو بە گشتی لە هەموو کرێکارانە بە هەر پێگە و نەتەوەیەکەوە. حکوومەتی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران بە دەرکردنی بەرینی پەنابەرانی ئەفغانستانی بەشوێن چەندین ئامانجەوەیە. یەکەم ئەوەیکە بەم شێوەیە کەشوهەوای ئەمنیەتیی دوای شەڕ لە ئێران هاوکات لەگەڵ دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی و کرێکاری پەرەپێبدات. دووهەم، لە پاساوی لاوازیی زانیاریی خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیلدا هەوڵ دەدات بە درۆ نیشانی بدات کە ئەفغانستانییەکان زانیاری کەس و ناوەندەکانی حکوومەتیان داوەتە ئیسرائیل و ئێستا حکوومەت بە دەرکردنی پەنابەران ئەم لاوازییە لەناو دەبات و ئەمنیەتی مۆرەکانی خۆی دەباتە سەرێ. ئەوەش لە کاتێکدایە کە دزە کردنی زانیاری مۆرە و ناوەندەکانی حکوومەت لەئاستێکی باڵادا ڕووی داوە. وە سێهەم ئەوەیکە ڕژیم بەم کارە هەوڵ دەدات تا بە درۆ وای نیشان بدات کە دژبە بێکاری سەرچاوەگرتوو لە قەیرانی ئابووری لە حاڵی بەرەنگاربوونەوەدایە و لەم ڕێگەوە کەمی دەکاتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێکهاتەی سەرمایەداری و گەندەڵی حکوومەت خۆی هۆکاری بێکاریی بەرین و باقیی کێشە و گرفتە ئابوورییەکانە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، کۆچبەرانی ئەفغانستانیی یەکجار چەوساندووەتەوە. ئەوان بۆ سەرمایەداران هێزی کاری هەرزان و کەمتر ناڕازی بوون. کرێکارانی ئەفغانستانی بەشێکی زۆر لە ناوەندە سەنعەتییەکان و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەیان لە ئێران دروست کرد بەڵام لە بیمە، شوێنی نیشتەجێ بوونی گونجاو و ئیمکاناتی دیکەی کرێکاران لە شوێنی کار و … بێبەری بوون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەک هەر لە هێزی کاری هەرزانی کرێکارانی کۆچبەر سەروەت و سامانی کەڵەکە کرد، بەڵکوو لەلایەکی دیکەوە پەرەی بە بیری گەندەڵی ڕەگەزپەرست و دژەئەفغان دا تا مەبادا کرێکاران و خەڵکی ئێران لەگەڵ پەنابەراندا یەکبگرن. ئاراستەی ناسیۆنالیستی و پان ئێرانیستیش لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دژایەتی و ستەمیان بەرامبەر بە پەنابەرانی ئەفغانستان گرتە بەر و لەم بوارەدا خۆیان خستە بەرەی کۆماری ئیسلامییەوە.
ئێستا و لەم قۆناغەدا بە دەرکردنی پەنابەرانی ئەفغانستانی، کۆماری ئیسلامی بەکردەوە ئەوان ڕەوانەی جەحەنەمی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبان دەکات. هەرچەند کۆچبەرانی ئەفغان لە ئێرانیش زۆر لەژێر ستەمدا بوون، بەڵام بەشێک لە منداڵانی ئەوان دەیانتوانی بخوێنن و بەگشتی پیاوی کارییان هەبوو و مەمرە و مەژی ژیانیان بەڕێ دەکرد. بەڵام لە ئەفغانستانی گرفتار لەناو چنگی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، لەژێر دەسەڵاتی ئیماراتی ئیسلامیی تاڵەباندا، ژنان لە مافی کار و خوێندن بێبەش کراون و زیاتر لە بیست ملیۆن کەس بێکارن و بەکردەوە هیچ کارێک بۆ ئەوان بوونی نییە و منداڵانی کچ ناتوانن بخوێنن و کارەساتی خۆفناک چاوەڕوانیان دەکات.
پەنابەران، لە جەریانی ئەم کۆچە زۆرەملی و نامرۆڤانەیەدا ستەمی چەند بەرابەریان بەسەردا سەپاوە و خاوەنکارانی قازانجپەرست و هێندێکی تر، داخوازی و حەقی کرێکارانی ئەفغانستانی نادەن. لەم ڕووەوە پێویستە تا ئەوپەڕی توانا، ناوەندەکان و خەڵک یارمەتییان بدەن تا حەق و مافی خۆیان لە خاوەنکاران و ڕەهنی خۆیان لە خاوەن ماڵە بەتەماعەکان وەربگرن.
ئێستا ئەرکی هەموو ئێمە کرێکاران و خەڵکی شەریف و ئازادیخوازە کە لەئاست ئەم سەرکوت و وەحشیگەرییەی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر کۆچبەرانی ئەفغانستانی، ناڕەزایەتی دەربڕین. ئەوان ساڵەها لە ئێران کاریان کردووە و ژیاون و بەشێک لە چینی کرێکاری ئێران بەحیساب دێن و منداڵەکانیان لە ئێران گەورە بوون. ئەوان نەک هەر مافی ئەوەیان هەیە وەک کۆچبەر لە ئێراندا بن، بەڵکوو شیاوی مافی هاووڵاتیی ئێران و شیاوی مافی بەتەواو مانا یەکسان لەگەڵ هەموو خەڵکی دیکەن.
دەسەڵاتی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی و تاڵەبان دوژمنی کرێکارانن و لە هەر دەرفەتێک بۆ چەوساندنەوەیان دەریغ ناکەن. ئەو پەنابەرە ئەفغانستانیانەی کە بۆ ئەفغانستان دەگەڕێنەوە بە داخوازیی زۆریانەوە بەرامبەر بە حکوومەتی کۆنەپەرستی تاڵەبان بەڕیز دەبن و بێگومان دەتوانن خەباتی خۆیان لە بارودۆخی نوێدا بەڕێوەبەرن و ڕێکیبخەن.
لەم بارودۆخەدا ئەرکی چالاکانی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە بەرامبەر سیاسەتی نامرۆڤانە و کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی، بەرگری کردنی لێبڕاوانە لە مافی پەنابەران و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ سیاسەتی فریوکارانە و سەرکوتگەرانەی حکوومەتی ئیسلامییە. ئێمە سۆسیالیستەکان، چالاکانی کرێکاری و جەماوەری ئازادیخواز، پشتیوانی کۆچبەرانی ئەفغانیستانین و هەرجۆرە ستەمێکی نەتەوەیی و ڕەگەزی و گەڕاندنەوەی زۆرەملێیان ئیدانە دەکەین. نە تەنیا ئەرکی ئەنترناسیۆنالیستیی ئێمەیە کە پشتیوانییان لێ بکەین، بەڵکوو ئەوان بە بەشێک لە چینی کرێکار و خەڵکی ئێرانیش دەزانین.
هەینی ٢٠ی پووشپەڕی ١٤٠٤ی هەتاوی / ١١ی جولای ٢٠٢٥ زایینی
واژۆکان:
ڕێکخراوی سۆسیالیستە کرێکارییەکانی ئەفغانستان، ئیتحادی سۆسیالیستی کرێکاری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست، ڕێکخراوی ڕاهی کاریگەر، ڕێکخراوی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلییەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە