فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی هاوبەش بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن
هەینی ۱۷-۱۲-۱۴۰۳   |  07-03-2025

ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز و ئازادیخواز!

پێشوەختە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژی خەباتی ژنان بۆ ڕزگاری و یەکسانی، ڕۆژی ڕاپەڕین لەدژی نەزمی زاڵ، لە هەمووتان پیرۆزبایی دەکەین!

مێژووی ٨ی مارس بە مێژووی خەباتی ژنانی کرێکار، بە مێژووی خەبات بۆ مافی ئینسانی و بەرابەر، بە خەبات بۆ مافی خۆڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێکخراوە و باشترکردنی بارودۆخی کار و بردنەسەری حەقدەستی ژنانی کرێکار لە ئەمریکا دەستیپێکرد. کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ کلارا زێتکین، لە کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ژنان لە ساڵی ١٩١٠، پێشنیاری کرد کە ڕۆژێک لە ساڵ ناوی ڕۆژی جیهانیی ژنی لەسەر دابنرێت. ساڵی دواتری ژنانی تێکۆشەر و سۆسیالیست چەندین خۆپیشاندانی شکۆداریان لە وڵاتانی ئورووپا ڕێکخست. لە ٨ی مارسی ١٩١٧دا مانگرتنی گەورەی ژنانی کرێکار لە ڕووسیە و ڕاپەڕینی ئەوان بوو بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووخانی دەسەڵاتی تێزاری.

دەیان ساڵە ڕۆژی ٨ی مارس لە سەرتاسەری جیهان بووەتە ڕۆژی هاتنە مەیدانی ژنان و پیاوانی تێکۆشەر لەدژی بێمافی و ستەم و نایەکسانیی ڕەگەزی. لە ئێران ڕۆژی ١٧ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ بەرابەر لەگەڵ ٨ی مارسی ١٩٧٩، ژنانی وشیار و خەباتکار و شۆڕشگێڕ کە بە دروستی لە سرووشتی دەسەڵاتدارانی نوێ گەیشتبوون، وە بە دروشمی ڕادیکاڵ لە شەقامەکانی پایتەخت ڕێپێوانیان دەکرد، لەلایەن هێزە کۆنەپەرستەکانی دەسەڵاتەوە هێرشیان کرایە سەر.

لە کوردستانی شۆڕشگێڕ، ژنان دەرفتەتی ئەوەیان پەیدا کرد تا بە بەشداری لە خەباتی سیاسی و چەکداری، هەم بەرانبەر بە دەسەڵات بوەستنەوە و هەم فەرهەنگ و سوننەتی پیاوسالاری و کۆنەپەرستی ببەنە ژێر پرسیارەوە. لەئێستادا ٨ی مارس بووەتە ڕۆژێکی گرینگ و ناسراو لە کۆمەڵگای کوردستان و هەموو ساڵێ ژنان و پیاوانی تێکۆشەر لە کۆڕ و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکانیاندا خواستی ئازادیخوازانە و بەرابەری‌تەڵەبانەیان هاوار دەکەن.

لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا هەم لە ئێران و هەم لە کوردستان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان، چالاکان و ناوەندەکانی ژنان، موعەلیمان و خانەنشینان و توێژەکانی تر بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم و بە دەرکردنی بەیاننامە و بە حزوور لە شەقامەکان، ڕۆژی جیهانیی ژنیان کردووەتە ڕۆژێکی گرینگ لە مێژووی خەباتکارانەی کۆمەڵگادا. خەباتێک کە گشت نیزامی سەرمایەداریی کردووەتە نیشانە و بێزاریی خۆی لە موناسباتی دواکەوتووانە، فەرهەنگی پیاوسالاری، حکوومەتی دژەژنی ئیسلامی و ڕەوت و لایەنە کۆنەپەرست و فاشیستەکان دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ ژنانی تێکۆشەر و پێشەنگ، بەشێک لە هێزی بزوێنەری هەموو بزووتنەوە ئیعتڕازی و ئینقلابییەکان لە ئێران و کوردستانن. لە بزووتنەوەی ژینادا بەشداریی بەرچاوی ژنان و دروشم و خواستەکانیان پایەکانی دەسەڵاتی دژەژنی ئیسلامیی خستە لەرزە و خەبات بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانی ژنانی کردە پرسی سەرەکیی کۆمەڵگا. ژنان بە ئاگرتێبەردانی حیجابی ئیسلامی و ئیجباری، بە دیفاع لە مافی ژیان و ژیانێکی ئەمن، بە گەڵاڵەکردنی هەموو ئازادییەکان، لەدژی نیزامی نابەرابەر و هەڵاواردنی ڕەگەزی ڕاپەڕین.

لە ٨ی مارسی ئەمساڵدا، ژنانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و هەموو هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە کوردستان و ئێران بە گەلێک ئەزموون و دەستکەوتی بەنرخەوە لە قۆناغێکی هەستیاری مێژوودان. بەڵام سەرەڕای هەموو تێکۆشان و گیانفیداییەکان، سەرەڕای هەموو دەستکەوتە بەنرخەکان، ژنان لەگەڵ گەلێک ژان و ئازار و نەهامەتی بەرەوڕوون. قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆماری ئیسلامی، سەرهەڵدانی هێزە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان و وجوودی هێزە ناسیۆنالیست و پیاوسالارەکان لە کوردستان، هەر هەموویان دۆخێکی دژوار و قەبووڵنەکراویان بەسەر ژناندا سەپاندووە.

لە هەلومەرجێکدا کە کۆمەڵگای ئێران بەرەو ئاڵوگۆڕی گرینگ و چارەنووسساز هەنگاو دەنێت، ڕۆڵی پێشەنگی ژنان وەک هێزی کاریگەر لەم ئاڵوگۆڕانەدا دیار  و ئاشکرایە. بزووتنەوەی ژنان بە پێشینەی خەباتکارانە و پێگەیەک کە هەیەتی، دەتوانێ بە گرتنەبەری ستراتێژی سۆسیالیستی و بە کەڵک وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی خەباتی خۆی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکات و شان بە شانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، حەرەکەتی گشتیی کۆمەڵگا دژبە کۆماری ئیسلامی بباتە قۆناغێکی دیکەوە. لە وەها بارودۆخێکدا بزووتنەوەی ژنان بۆ جەماوەریتر بوونەوەی هەرچی زیاتر و هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحەمتکێش لەئاستی ملیۆنیدا بەتایبەت لە گەڕەکە حاشینەنشینەکانی شارەکان و لە شوێنەکانی کار دەتوانێ  هێزی مەزنی ئەوان لەگەڵ خۆی هاوڕێ بکات و بەرەنگاری نیزامی پیاوسالاری سەرمایە بێتەوە کە دەیان ساڵە ژیان و گوزەران و ئازادییانی زەوت کردووە و بە یاسای کۆنەپەرستانە و دژەژنی ئیسلامی، ستەمی ڕەگەزی و هەڵاواردن و نابەرابەریی بەسەردا سەپاندوون.

پیرۆز بێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن

بەرقەرار بێت دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی

ڕەشەممەی ١٤٠٣ی هەتاوی

مارسی ٢٠٢٥ی زایینی

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حێکمەتیست