فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی هاوبەش بە بۆنەی یەکی ئایار
هەینی ۰۴-۰۲-۱۴۰۵   |  24-04-2026

کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان!

یەکی ئایاری ئەمساڵ لە کاتێکدا دێت کە کۆمەڵگەی ئێران لەژێر گوشاری کۆمەڵێک قەیرانی کەم‌وێنەدایە. لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، دوو شەڕی گەورە، یەکێکیان لە جۆزەردان و پووشپەڕی ١٤٠٤ و ئەوی دیکەیان لە ڕەشەمەی ١٤٠٤ تا خاکەلێوەی ١٤٠٥، ژیانی ملیۆنان مرۆڤی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.

خەمڵاندنەکان نیشان دەدەن کە ئەم تێکهەڵچوونانە بوونەتە هۆی لەناوچوون یان زیانپێکەوتنی سەدان یەکەی بەرهەمهێنان، لەدەستچوونی دەیان هەزار هەلی کار و هەڵکشانی چەند دە لەسەدیی تێچووی بژێوی. هەڵاوسان، گرانی، نائارامیی کۆمەڵایەتی و ناسەقامگیریی ئابووری بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە. ئەم شەڕانە، لەوانە کێشمەکێشەکانی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ماهییەتێکی کۆنەپەرستانەیان هەبووە و هیچ پەیوەندییەکیان بە بەرژەوەندییەکانی خەڵک و بەتایبەت چینی کرێکارەوە نەبووە. لە هەر لایەکی ئەم کێشمەکێشانەدا، هێزگەلێک وەستاون کە ژیان و داهاتووی زەحمەتکێشان هیچ پێگەیەکی لایان نییە.

لەم نێوەندەدا، کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستانیش وەک باقی خەڵکی ئێران، هاوتەریب لەگەڵ هەژاری، بێمافی و چەوسانەوە، بەرەوڕووی هەڵاواردن، ستەمی نەتەوەیی و دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی بێبەشیی ئابووری دەبنەوە.

خەڵکی کوردستان ساڵانێکە سەرباری کێشە گشتییەکانی کۆمەڵگە، لەگەڵ بێبەشیی ئابووری، سەرکوتی سیاسی، بەربەستی فەرهەنگی و ئەمنیەتی بوونی کەشوهەوای ژیان بەرەوڕوو بوونەتەوە. بێکاریی بەربڵاو، نەبوونی ئیمکاناتی پێویست، گوشار بۆ سەر چالاکانی کۆمەڵایەتی و هەڵسوکەوتی سەرکوتگەرانە، بەشێکن لەو واقیعەی کە کرێکاران و لاوانی کوردستان هەموو ڕۆژێک لەگەڵی بەرەوڕوون. هەوڵدان بۆ بنەبڕکردنی ستەمی نەتەوەیی و دەستڕاگەیشتن بە یەکسانیی تەواو، مافێکی ڕەوا، دادپەروەرانە و شایستەیە و وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خەبات بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی دێتە ئەژمار.

بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە لە ساڵانی ڕابردوودا، لە خەباتی ژنان و لاوانەوە بگرە تا ناڕەزایەتیی خانەنشینان، مامۆستایان و بێکاران، نیشانیان داوە کە ناڕەزایەتییە قووڵە کۆمەڵایەتییەکان هێشتا زیندوون. ڕاپەڕینی بەفرانباری ١٤٠٤ و سەرکوتە خوێناوییەکەی، کە کۆمەڵکوژیی بەربڵاوی خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە، جارێکی دیکە سرووشتی تاوانکارانەی حکوومەتی ئیسلامیی ئاشکرا کرد.

بەڵام ئەزموون سەلماندوویەتی کە ڕزگاریی خەڵکی کوردستان نە بە ڕێگەی زلهێزە دەرەکییەکاندا تێدەپەڕێت و نە بە ڕێگەی ناسیۆنالیزمی ئێرانی یان کوردستانیدا. هەروەک چۆن ناسیۆنالیزمی گەورەخوازی ئێرانی مافی خەڵکی کوردستان و ستەملێکراوانی دیکە حاشالێدەکات، ناسیۆنالیزمی کوردستانیش بەهەمان شێوە کە خەباتەکەی لە گرێدراویی بە چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری ئێران جیا کردووەتەوە، هیچ ڕێگەیەک بەرەو ئازادیی ڕاستەقینە ناکاتەوە. هەر دوو ئاراستەکە هەوڵ دەدەن ناکۆکیی سەرەکیی کۆمەڵگە، واتە کەلێنی نێوان کار و سەرمایە، پەراوێز بخەن.

هەروەها هاوکاری و ئومێدبەستنی هەندێک ڕەوتی ناسیۆنالیستی کورد بە ئەمریکا و ئیسرائیل، نەک هەر هیچ یارمەتییەک بە ڕزگاریی کۆمەڵگەی کوردستان ناکات، بەڵکوو دەتوانێت زیان بە خەباتی کرێکاری و ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستان بگەیەنێت و سیمای ڕادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی ئەم خەباتانە تێک بدات. لەقاودان و ڕیسواکردنی ئەم ئاراستە کۆنەپەرستانەیە و بەهێزکردنی جەمسەری چەپ و #سۆسیالیستی لە #کوردستان، ئەرکێکی گرنگە لەسەر شانی #کرێکارانی هۆشیار و هێزە پێشڕەوەکان.

تاکە ڕێگەی ڕزگاریی خەڵکی کوردستان، گرێدانی چارەنووسی خۆیەتی بە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سەرتاسەری ئێرانەوە. کرێکاری کورد، فارس، عەرەب، بەلۆچ، تورک و تورکمان، هەموویان بەرەوڕووی سیستمێکن کە لەسەر بنەمای چەوسانەوە، هەڵاواردن، سەرکوت و نایەکسانی دامەزراوە. دەردی هاوبەشی ئەوان هەژاری، بێکاری، حەقدەستی کەم، نائارامیی پیشەیی و نەبوونی ئازادییە و وەڵامی ئەم دەردە هاوبەشەش، هاوپشتیی چینایەتی و خەباتی هاوبەشە.

کرێکارانی کوردستان لە دەیەکانی ڕابردوودا دەورێکی گرنگیان لە مانگرتن و خەباتە کۆمەڵایەتییەکاندا گێڕاوە و ئەمڕۆش دەتوانن هێزێکی پێشڕەو بن لە پەرەپێدانی هاوپشتیی سەرتاسەریدا. گرێدانی خەباتی خەڵکی سنە، سەقز، مەریوان، مەهاباد و کرماشان و شارەکانی دیکەی کوردستان بە ناڕەزایەتیی کرێکاران لە تاران، ئەهواز، تەورێز، ئەراک و شارەکانی دیکە، ڕێگەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێزەکان لە قازانجی خەڵک.

ئەم ڕێگەیە تەنیا بە گرێدانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە لە ئاستی سەرتاسەریدا دەگاتە ئەنجام؛ گرێدان بە بزووتنەوەی ژنان، خوێندکاران، خانەنشینان، بێکاران، خەباتی دژی لەسێدارەدان و سەرجەم ئەو هێزانەی کە دژی هەڵاواردن و سەرکوت تێدەکۆشن. یەکگرتوویی ئەم خەباتانە دەتوانێت زەمینەسازی ئەڵتەرناتیڤێکی جەماوەری، ئازاد و یەکسان بێت.

لە هەلومەرجی جەنگیی ئێستادا، لە گرنگترین ئەرکە دەستبەجێیەکانی ئێمە و بزووتنەوەی کرێکاری، پێکهێنانی هاوپشتیی بەربڵاو، دامەزراندنی شۆراکانی هاوکاری و هەرەوەزی، ڕێکخستنی یارمەتی و پشتیوانیی هاوبەش و هەوڵدانە بۆ پاراستنی هیوا لە نێو خەڵکدا. لە وەها دۆخێکدا، پاراستنی ورە و هاوپشتیی چینایەتیی کرێکاران و زەحمەتکێشان، بەهێزکردنی هەرەوەزی و هاوکاریی بەکۆمەڵ و ئامادەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرچەشنە سیناریۆیەکی ڕەش و دژەجەماوەری، دەبێت بخرێتە چەقی سەرنجی هێزە پێشکەوتوو و ئازادیخوازەکانەوە.

یەکی ئایاری ئەمساڵ دەبێت ڕۆژی ناڕەزایەتی بێت دژی هەژاری، شەڕ، سەرکوت، لەسێدارەدان، بێکاری، ستەمی نەتەوەیی و نایەکسانی؛ ڕۆژێک بێت بۆ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە کرێکاران تەنیا قوربانییەکانی ئەم قەیرانانە نین، بەڵکوو دەتوانن هێزی سەرەکیی بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بن.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و #کۆمۆنیستەکان لە کوردستان، بانگەواز لە سەرجەم کرێکاران، ژنان، لاوان، خانەنشینان، بێکاران و مرۆڤە ئازادیخوازەکانی کوردستان دەکات کە بە هەر شێوەیەکی گونجاو، ڕێوڕەسم و بەرنامەکانی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران بەڕێوە ببەن و دەنگی ناڕەزایەتی و هاوپشتیی خۆیان بەرزتر بکەنەوە.

بژی یەکی ئایار، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران

بژی هاوپشتیی کرێکارانی کوردستان و سەرتاسەری ئێران

بڕووخێ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، یەکسانی، حکوومەتی کرێکاری

گوڵانی ١٤٠٥

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان

تەشکیلاتی کوردستان – یەکێتیی سۆسیالیستیی کرێکاری

کۆمیتەی کوردستان – حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری – حیکمەتیست

کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران