فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی هاوبەش سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ناڕەزایەتیی بەرین دژبە ڕێژیم لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی “مەهسا ئەمینی” و درێژەی لە شارەکانی سەقز و سنە
چوارشەممە ۳۰-۰۶-۱۴۰۱   |  21-09-2022

مەهسا هەرگیز نامرێت

بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٦ی مانگی خەرمانان، جەستەی بێ گیانی مەهسا ئەمینی لە تارانەوە ڕەوانەی سەقز کرا. عەواملی کۆماری ئیسلامی هەوڵیان دا دەستبەێجێ جەستەی مەهسای ئازیز بنێژن بەڵام بنەماڵەکەی ئیجازەی ئەم کارەیان تا کاتی ڕاگەیەندراو نەدا. ئەگەرچی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم لە کەشوهەوایەکی توندی ئەمنییەتیدا ڕێگاکانی سەربە سەقزیان بەستبوو تا خەڵک لە شارەکانی دیکەوە بەشدار نەبن، بەڵام بەوەشەوە هەزاران کەس لە خەڵکی سەقز و سەدان کەسی تر بە ئۆتۆمبێل لە شار و ناوچەکانی دەورووبەروە خۆیان گەیاندە ئەم شوێنە و ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و بەدرەقەی مەهسا ئەمینی بە حزوور و بەشداریی چەند هەزار کەس لە ژنان و پیاوانی خەباتکار لە شارەکانی سەقز، مەریوان و سنە و باقیی شارەکان و دەورووبەری سەقز لە گۆڕستانی ئایچی بەڕێوەچوو.  هەوڵی عەواملی ڕێژیم بۆ ئەنجامدانی فەرایزی دینیی ئەسپەردەکردن بەرەوڕووی دژایەتیی خەڵکی ناڕازی بووەوە.

لە کاتی ڕێوڕەسمی ناشتن و لە درێژەشدا خەڵکی ناڕازی بە وتنەوەی درووشم دژبە گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و یاسای دژەژنی، لەگەڵ هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕێژیم تووشی تێکهەڵچوون هاتن. لەئاکامدا ژمارەیەک لە خەڵک بریندار بوون و ژمارەیەکی تریش دەستبەسەرکران. دوای نیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش ناڕەزایەتی و تێکهەڵچوونی بەرین لە شاری سنە لە ناڕەزایەتی دژبەم جەنایەتە شکڵی گرت. حزوور و بەشداریی چالاکی ژنانی خەباتکار لە هەموو ئەم ناڕەزایەتییانەدا یەکجار بەرچاو بوو و لە هێندێک شوێن، حیجاب، واتە ئەم هێمایەی سووکایەتی و بێ مافیی ئینسانیان لەسەر لابرد. بەڵام ئەم ناڕەزایەتی و کاردانەوەیە بە کوردستان سنووردار نەبوو و ڕەنگدانەوەی سەرانسەریی لە ئێران  و جیهان هەبوو. ناڕەزایەتی لەدژی حکوومەتی ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممەش بەشێوەی جۆراوجۆر ئیدامەی بوو و خوێندکارانی ژمارەیەک لە زانکۆکانیش بەم ناڕەزایەتییانە پەیوەست بوون.

ئەمشەویش دیسان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان شارەکانی سنە و کەرەجی گرتەوە. درووشمی مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر، مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی و ڕەئیسی و … لە هەموو سووچێکی شار دەبیسترا. ڕێژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ خۆپیشاندەران بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشی کردە سەریان و ژمارەیەکیشی دەستبەسەر کرد.

سڵاو و دروود دەنێرین بۆ خەڵکی ئازادیخواز و خەباتکاری شارەکانی کوردستان و تاران کە بە ناڕەزایەتیی خۆیان بە دەسەڵاتی ڕێژیمی ئیسلامییان نیشان دا کە لە بەرامبەر جەنایاتیدا بێدەنگ نابن و دژبەم جەنایەتە، هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەی مەهسا، لە سەنگەری شەقامدا دەست دەدەنە ناڕەزایەتی و هەر لێرەوە دەستخۆشییان لێ دەکەین.  وەک چاوەڕوان دەکرا خەڵک بە نومایشی بەشێک لە هێزی خۆیان بە کۆماری ئیسلامییان نیشاندا کە ڕێگە نادەن دەست بداتە وەها جەنایاتێک و دەبێ بەهای قورسی بۆ بدات.

ئەم هاوپشتییە ئینسانی و خەباتکارانەیە لە تارانەوە تا سەقز و سنە و کەرەج و شوێنەکانی تر و هەوڵی ماندوویی نەناسانەی چالاکانی سیاسی و ڕێکخەرانی ناڕەزایەتییەکان ڕێز لێ دەنێین و داوا لە خەڵکی شارەکانی سەرانسەری ئێران و خەڵکی خەباتکاری باقیی شارەکانی کوردستان دەکەین کە بە ناڕەزایەتی دژبە ژنکوژیی دەسەڵاتی کۆنەپەرست و جەنایەتکاری ئیسلامی پەیوەست بن و بۆ ئازادیی دەستبەجێی دەستبەسەرکراوان تێبکۆشن. بانگەوازی ئێمە، هەروا درێژەدانی ناڕەزایەتی دژبە حکوومەتی جەنایەتکار و دژی ژنی کۆماری ئیسلامییە و بێگومان زەمانەتی سەرکەوتی نیهایی ناڕەزایەتییەکان لە گرەوی هاوپشتیی خەڵکی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێراندایە.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی

بژی خەبات و ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خەڵک دژبە جەنایاتی کۆماری ئیسلامی

کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

کۆمیتەی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران – حێکمەتیست

٢٧ی خەرمانانی ١٤٠١

١٧ی سێپتامبری ٢٠٢٢