فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی پشیتوانیی کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە دژبە ئێعدام لە شارەکانی کوردستان
چوارشەممە ۰۳-۱۱-۱۴۰۳   |  22-01-2025

لە ساڵڕۆژی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدامدا، بەندی پیاوانی زیندانی عادڵ ئابادی شیراز لە هەفتەی پەنجا و دووهەمدا بەم کەمپەینە پەیوەست بوو.

لە درێژەی ئێعدام و سەرکوتگەریی سیستماتیک کە ڕۆژانە لەدژی هاووڵاتییانی ئێران بەڕێوەدەچێت، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی ستەمکار لە مانگی بەفرانباردا زیاتر لە ١١٠ بەندکراویان ئێعدام کرد. لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٣ی هەتاوییەوە هەتا ئێستاش ٩٥٠ هاووڵاتیی بەندکراویان ئێعدام کردووە. ئەم ئامارە پێمان دەڵێ کە کەڵک وەرگرتن لە ئێعدام وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی کۆمەڵگا بەشێوەیەکی بێوێنە پەرەیپێدراوە.

لە دوایین هەواڵدا، بەندکراوێکی سیاسی بەناوی مالک داوەرشناس (مووسەوی)، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی شارستانی کەرخە، بە تۆمەتی بەغی بە ئێعدام مەحکووم کراوە. ئەم بەندکراوە کە لە ساڵی ١٤٠٠ەوە دەستبەسەرکراوە، لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا مەجبوور بە ئێعتراف کراوە و لەئێستادا گیانی لە مەترسیی جددی دایە.

بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم حوکمە دژەئینسانییانە، کۆمەڵگا و بەندکراوان دژبەم توندوتیژییانەی حکوومەت موقاومەت و خۆڕاگرییان نواندووە. کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” لەئێستادا بۆ ٣٤ زیندان پەرەیستاندووە و شایەدی پشتیوانیی بەرین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لەم کەمپەینەین.

بۆ نموونە، ١١ ڕێکخراوی سینفیی موعەلیمان لە پارێزگا جۆراوجۆرەکان، سەرەڕای فشاری ئەمنیەتی، بوێرانە لەم کەمپەینە پشتیوانییان کردووە و لە کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆشیاندا زۆر جار دروشمی نا بۆ ئێعدامیان وتووەتەوە. هەروەها شایەدی هەڵوێستی موعەلیمانی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانیش دژبە ئێعدام بووین.

لە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕێبەنداندا، دوو قازیی بەدناو، محەممەد مۆقیسە و عەلی ڕازینی، کە پێشینەی چوار دەیە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و دەرکردنی هەزاران حوکمی ئێعدامیان بۆ زیندانییانی سیاسی و غەیرەسیاسی لە کارنامەدا هەبوو، لەلایەن هاووڵاتییەکی وەگیانهاتووەوە وڵامی جەنایاتی خۆیان وەرگرتەوە. شادی و خۆشی و پێشوازیی کۆمەڵگا بەتایبەت دادخوازانی هەزاران ئێعدامی سیاسی لێکەوتەوە کە ئەمەش ئاکامی ٤٥ ساڵ ئێعدام و کوشتنی زیندانییان و نیشانەی بێزاریی خەڵکی ئێران لە ئێعدامە. وە سەلمێنەری ئەوەیە کە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” و هەرجۆرە چالاکییەک لەدژی ئێعدام دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێرانە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم حوکمە کۆنەپەرستانەیە داخوازیی ئەوانە.

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتەکان، بەندی پیاوانی زیندانی عادڵ ئابادی شیرازیش بە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” پەیوەست بوون. هەفتەی ڕابردووش بەندی ژنانی هەر ئەم زیندانە پشتیوانیی خۆیان لەم کەمپەینە ڕاگەیاند.

کەمپەین، وێڕای مەحکووم کردنی هەموو حوکمەکانی ئێعدام، بە بێ لەبەرچاوگرتنی تۆمەت و بیروباوەڕی بەندکراوان، بۆ جارێکی تر تەئکید دەکات کە حوکمی ئێعدام دژەئینسانییە و دەبێ بەیەکجاری هەڵوەشێتەوە. حکوومەتی دیکتاتۆری ئێران بە تاکتیکی “شەرعی و یاسایی دەستکردی خۆی”، لە ئێعدام بۆ سەرکوتی کۆمەڵگا کەڵک وەردەگرێت. پێویستە هەمووان لەگەڵ ئەسڵی حوکمی ئێعدام وەک حوکمێکی نامرۆڤانە دژایەتی بکەن بۆ ئەوەی بەستێنی ئەنجامدانی تاوان نەمێنێت. چونکە بەستێنی زۆرێک لە تاوانەکان حکوومەت خۆی لە کۆمەڵگادا دەخوڵقێنێت.

ئێمە وەک ئەندامانی کەمپەین وێڕای پێزانین و ڕێزگرتن لە پشتیوانیی خەڵک لەم کەمپەینە، لە مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە دژبە ئێعدام لە شارەکانی کوردستان پشتیوانی دەکەین و داوا لە هەموو خەڵک دەکەین حمایەتی لێبکەن. وە بۆ جارێکی تر لە هەموو بەندکراوانی زیندانە جۆراوجۆرەکان داواکارین کە بە کەمپەینی “سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام” پەیوەست بن بۆ ئەوەی یەکدەنگ و یەکگرتوو بۆ داکۆکی کردن لە مافی ژیانی مەحکوومان بە ئێعدام هاوار بکەین.

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام، سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی لە هەفتەی پەنجاو دووهەمدا لە ٣٤ زیندانی خوارەوە مانگرتن لە خواردن بەڕێوەدەبات:

زیندانی ئێڤین (بەندی ژنان، بەندی ٤ و ٨)، زیندانی قزلحەسار (واحیدی ٣ و ٤)، زیندانی ناوەندی کەرەج، زیندانی فەشافویە، زیندانی خورینی وەرامین، زیندانی ئەراک، زیندانی خورەم ئاباد، زیندانی ئەسەدئابادی ئیسفەهان، زیندانی دەستگردی ئیسفەهان، زیندانی شیبانی ئەهواز، زیندانی نیزام، شیراز، زیندانی عادڵ ئابادی شیراز (بەندی ژنان و پیاوان، زیندانی بۆرازجان، زیندانی بەم، زیندانی کەهنوج، زیندانی تەبەس، زیندانی جۆڤین، زیندانی مەشهەد، زیندانی قائمشار، زیندانی ڕەشت (زیندانی پیاوان و ژنان)، زیندانی ڕودسەر

زیندانی حەویقی تالش، زیندانی ئەردەبیل، زیندانی تەورێز، زیندانی ورمێ، زیندانی سەڵماس، زیندانی خۆی، زیندانی نەغەدە، زیندانی سەقز، زیندانی بانە، زیندانی مەریوان، زیندانی کامیاران

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ ئێعدام

سێشەممە ٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ی هەتاوی