فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
شەممە ۰۶-۰۸-۱۴۰۲   |  28-10-2023

پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ ڕۆژی شەممە ٢٨ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢ بەرابەر لەگەڵ ٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە وەک چاوەدێر بەشدار بوون، بەڕێوەچوو. پلێنۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یادی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم بەتایبەت هاوڕێ ئەفشین نازمی ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە بەداخەوە ڕۆژی ٨ی مانگی ئۆکتۆبر ماڵئاوایی لە ژیان کرد، دەست بە کار بوو. دەستووری جەلەساتی پلێنۆم بریتی بوون لە: ١ – ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلێنۆم ٢ – ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتە و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵە ٣ – پێڕاگەیشتن بە قەرار و قەتعنامەکان ٤ – ئارایش و تەقیسمی کاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە.

لە بەشی ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵەدا، بەکورتی ئاماژە بە درێژە و توندبوونەوەی قەیرانی پێکهاتەیی نیزامی سەرمایەداری و ئاکامەکانی ئەم قەیرانە کرا کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی بێکاری و هەژاری و برسییەتیی زیاتری جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە سەرتاسەری جیهان. داگیرسانی شەڕی ئیمپریالیستیی نێوان ڕووسیە و ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری لە ئۆکراین یەکێک لە ئاکامەکانی توندبوونەوە و پەرەسەندنی ئەم قەیرانەیە. شەڕێک کە بەهۆیەوە هەتا ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن کەس کوژران و بریندار بوون و ژێرخانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئۆکراینی لەناوبردووە و زۆرێک لە شار و گوندەکانی ئەم وڵاتەی کردووەتە وێرانە. ئەم شەڕە نە تەنها خەڵکی ئۆکراین بەڵکوو ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی لە سەرانسەری جیهان بەرەوڕووی کێشە و گرفتی زیاتر کردووەتەوە؛ گرانیی بەرین و چوونەسەری بێوێنەی نرخی پێداویستییەکانی خەڵکی لە سەرانسەری جیهان لێکەوتووەتەوە. هەروەها لە ڕاپۆرتی سیاسی پلینۆمدا بە وردی باس لە تاوانە جەنگییەکانی حکوومەتی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە کرا کە بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی ئیسلامیی حەماس بەڕێوە دەچێت.

پلێنۆمی پێنجەم لە درێژەدا بارودۆخی سیاسی و خەباتی لە ئێران دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و وێڕای ئاماژە بە توندبوونەوەی قەیرانە هەمەلایەنەکان، تیشکی خستە سەر فەزای پڕ لە جموجۆڵی خەباتکارانە و درێژەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەدژی گشت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و تەئکیدی کرد کە هاوسەنگی هێز بە قازانجی بەرەی خەباتی خەڵک گۆڕاوە و بەستێنی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی هەروا ئامادەیە.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەماوەی دوو پلێنۆمدا لە کوردستانی ئێران و لە بەشەکانی تری کوردستان پێکهاتوون، سەرەنجی سەرەکیی پلێنۆم لەسەر پرسەکانی کوردستان بوو. لە پێوەند لەگەڵ بارودۆخی کوردستانی ئێران، وێڕای ئاماژە بە بوون و پێشینەی خەباتی زیاتر لە چوار دەیەی ئاراستەی چەپ و سۆسیالیستی سەرەڕای کەشوهەوای ئەمنیەتی و سەرکوتی دڕندانەی ڕژیمی ئیسلامی، ڕووحیەی خەباتکارانە هەروا زیندوو و چالاکە و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان و کۆمیتەکانی لاوانی گەڕەکەکان، لە پێوەند لەگەڵ یەکتر بۆ پەرەپێدانی چالاکییەکانی خۆیان لەدژی حکوومەتی ئیسلامی لە هەوڵ و تێکۆشاندان. ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری لە کوردستان لە ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا، خەباتی شکۆداری خانەنشینان، یەکگرتوویی و تەبایی خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، درێژەی ناڕەزایەتیی ژنانی تێکۆشەر و بوێر، کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دژبە یاساکانی دەسەڵاتی ئیسلامی و خەبات بۆ وەدیهێنانی داخوازییەکانی خۆیان لە هاوپشتی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان لەئاستی سەرانسەری هەروا درێژەی بووە. ئەم خەباتە نیشانی دەدات کە سەرەڕای دامرکانی ناڕەزایەتییەکانی شەقام، کوردستان هەروا پۆتانسیەلی خەباتکارانەی خۆی پاراستووە. هەروەها پلێنۆم لاوازبوونی ڕێکخستن و ئاستەنگییەکانی سەر ڕێگای خەباتی جەماوەری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دایە بەر باس و تێبینی و پێشنیارەکان خرانە ڕوو.

پلێنۆم لە بەشێکی دیکەی باسەکانی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەلەبەرچاوگرتنی جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕەکانی چەند مانگی ڕابردوو لە ناوچەکە، ئاماژەی بە هاوئاهەنگیی کردەوەیی دەوڵەتانی تورکییە، کۆماری ئیسلامی، عێراق و سووریە لە بەڕێوەبردنی بەرنامە و پیلانەکانیان لەدژی خەڵکی کوردستان کرد. لەم پێوەندەدا بۆ نموونە هاوکاریی دەوڵەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی لە توندکردنەوەی گوشار بۆسەر ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران نیشتەجێ لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی بارەگا و چەک کردنیان، هاوئاهەنگیی دەوڵەتی تورکییە و سووریە لە داگیرکردن و بۆمبارانی ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا، هێرشی حکوومەتی فاشیستی تورکییە بۆسەر ناوچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی پەکەکە و هیتر ئاماژەی پێکرا.

ڕاپۆرتی تەشکیلاتی دووهەمین دەستووری جەلەسەی پلێنۆمی پێنجەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بوو. لەم بەشەدا پلێنۆم ڕاپۆرتی ڕێکخراوەیی ئۆرگانەکانی تاوتوێ کرد کە لە لایەن بەرپرسانی ئۆرگانەکانەوە پێشکەشی پلێنۆم کرا. هاوڕێیانی پلێنۆم بۆچوون، تێبینی و ڕەخنەکانیان بۆ بەهێزکردنی کار و چالاکیی هەر کام لە ئۆرگانەکان باس کرد.

لە دەستوور جەلەسەی سێهەمدا، پلێنۆم بەلەبەرچاوگرتنی گرینگیی شەڕی جەنایەتکارانەی ئیسرائیل و حەماس، بە پەسندکردنی قەرارێک، کۆمیتەی ڕێبەریی خۆی لەم پلێنۆمەدا ئەرکدار کرد کە لەمبارەوە بە زووترین کات بەیاننامەیەک دەربکات.

دوایین بەشی کاری پلێنۆم تەقسیمی کار و ڕێکخستنی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندی لە ئۆرگانە جۆراوجۆرە تەشکیلاتییەکاندا بوو. پلێنۆمی پێنجەم وێڕای هەڵبژاردنی کۆمیتەیەکی ڕێبەریی ٩ کەسی بە مەبەستی هیدایەتی تەشکیلاتی لە ماوەی کۆبوونەوە بەرینەکانی کۆمیتەی ناوەندی، هاوڕێ حەسەن شەمسی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژارد.

کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣٠ی ڕەزبەری ١٤٠٢

٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣