دووشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ هەتاوی
لەدرێژەی هێرشی شیمیایی بۆ سەر خوێندنگاکانی کچان و ژەهراوی کرانی خوێندکاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خاکەلێوە، لانیکەم ١٥٠ خوێندکار لە شەش خوێندنگای کچانە لە شاری سەقز و زێویە لەوانە، خوێندنگای تاڵقانی، سومەیە، مێعراج، ئیستقلال، بێنتەلهۆدا لە سەقز و عێسمەت لە زێویە و هەروەها چەندین خوێندنگا لە شارەکانی سنە، دیواندەرە و ورمێ، بەهۆی هەڵمژینی گازی شیمیایی کە لە لایەن دەستوپێوەندەکانی ڕژیمەوە بڵاوکرابوویەوە، ژەهراوێ بوون. بەداخەوە ژمارەیەک لە خوێندکاران باری تەندرووستیان ناجێگیرە. بنەماڵەێ خوێندکاران بە دڵ پەشێوییەکی زۆر لە بەرامبەر خوێندنگاکان و نەخۆشخانەی “خومەینی” سەقز کۆبوونەتەوە و بە وتنەوەی درووشمی دژە دەوڵەتی، لەئاست ئەم کردەوە جنایەتکارانەیە، ناڕەزایەتییان دەربڕی و کۆماری ئیسلامییان بە هۆکارێ ئەم هێرشانە، دژبە خوێندکاران ناوبرد.
هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی ڕژیم کە پێشتر خۆیان بۆ بەرەوڕوو بوونەوە لەگەڵ ئێعتڕازی خەڵک ئامادە کردبوو، دەستیان کرد بە تەقە کردن لە خەڵک و لە ئەنجامیدا ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لە لایەن ئەم هێزانەوە دەستبەسەر کران. لەلایەکی دیکەوە، خوێندکارانی شاری سەقز ڕایانگەیاندووە کە لە ناڕەزایەتیی بەم جنایەتە، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، کلاسەکانی دەرس بایکۆت دەکەن و ناچنەوە مەدرەسە. هەڵبەت پێشتریش چەندین نموونەی هاوشێوە لە ژەهراوی کردنی خوێندکاران لە ورمێ و گوێکتەپە لە چەند کیلومیترێ شاری مەهاباد، ڕاگەیەندرابوو. بەدواێ کۆتایی تەعتیلاتی نەورۆز و کرانەوەی خوێندنگاکان، هێرشی شیمیایی کرایە سەر خوێندنگای “٢٢ی بەهمەنی محەمەدیار” لە نەغەدە و بەهۆیەوە، ژمارەیەک لە خوێندکارانی کچ ژەهراوی بوون.
هەڵبەت کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو لە زۆربەی شارەکانی ئێران، دەستی داوەتە وەها جنایەتێک لەدژی منداڵان، کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار خوێندکار ژەهراوی بوون.
ڕێبەران و کارگێڕانی ڕژیمی داماوی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا، بە هەڕەشە کردن لەو ژنانەی کە باڵاپۆشیان وەلاناوە و ئاگریان تێبەرداوە و پایەکانی ئیدئۆلۆژی ڕژیمیان هێناوەتە لەرزە، “ئاتەش بە ئێختیاران”یان خستووە گیانی ئەم خەڵکە تا بە خیاڵی خاویان بە هێرش کردنە سەر ئەم ژنە خەباتکارانە و پێکهێنانی فەزای ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگا، پاشەکشە بە ژنان بکەن و دەستکەوتی حەوت مانگ خەباتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەریان لێ بستێننەوە. بەڵام ژنان و پیاوانی خەباتکار نیشان داوە کە کۆڵ بە وەها کردەوەیەکی وەحشیانە و یاسای کۆنەپەرەستی ڕژیم نادەن و ئەوجۆرەی کە هەتا ئێستا نیشانیان داوە، دەستکەوتەکانی خۆیان دەپارێزن. کۆماری ئیسلامی لەحاڵێکدا داماوانە دەستی داوەتە وەها جەنایەتێک کە لەگەڵ قەیرانی هەمەلایەنە و چارەهەڵنەگر بەرەوڕوو بووەتەوە و هەوڵ دەدات، بە ئەنجام دانی وەها کردەوەیەکی وەحشیانە و دژبە ژن، سەرنجی کرێکاران و جەماوەری خەڵکی ناڕازی لەئاست داخوازی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەری لە ئێران بەلاڕێدا بەرێ.
کۆمەڵە “ڕێکخروای کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران” ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری سەرەکی هێرشی شیمیایی بۆ سەر خوێندنگای کچان و مەترسی بۆسەر گیانی خوێندکاران لە شارەکانی ئێران و کوردستان دەزانێ و ئەم جەنایەتە بە توندی مەحکووم دەکات. کۆمەڵە ۆێڕای پشتیوانی لە خەباتی هەتا ئێستای خەڵکی کوردستان و سەراسەری ئێران دژبە کردەوەکانی دژە ئینسانی و ژەهراوی کردنی خوێندکاران لە ڵایەن دەستوپێوەندەکانی ڕژیم، خەڵکی خەباتکار و سەرجەم مرۆڤە ئازادیخواز و یەکسانی خوازەکان بانگهێشت دەکات تا یەکگرتووانە دژی ئەم جەنایەتە خەبات بکەن.
بێ گومان تەنیا بەهاتنە سەر شەقامی خەڵک لە پانتایەکی بەرین و بەڕێوەبردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرتاسەری لە کارخانە و شەقامەکان و ڕێکخستنی ئێرادەی جەماوەری وەگیان هاتوو لەم هەموو هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییە و نەبوونی ئەمنییەتە، دەکرێ پێداویستییەکانی پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەراسەری و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی فەراهم بکرێت.
بڕووخێت ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی حکوومەتی شوڕایی خەڵکی کوردستان
کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە “ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران”
٢٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ی هەتاوی
٩ی ئاوریلی ٢٠٢٣ی زاینیی