فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆتایی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – بەشی دووهەم
سێشەممە ۰۴-۰۲-۱۴۰۳   |  23-04-2024

پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨ کە لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٥ و ٢٦ مانگی خاکەلێوە ڕێکەوتی ١٣ و ١٤ی ئاپریلی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، لە بەشێکی تر لە باسەکانیدا بارودۆخی سیاسی و ئابووریی لە کوردستانی عێراق دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. دۆخی قەیراناویی ئەم ناوچەیە و پەرەسەندنی بێکاری، گرانی و دواخرانی حەقدەست و مووچەی کرێکاران و کارمەندان ژیان و گوزەرانی خەڵکی تووشی دژواری کردووە. کۆماری ئیسلامی بەو کاریگەرییەی لەسەر حکوومەتی ناوەندی عێراق هەیەتی و بە کەڵک وەرگرتن لەو میکانیزمە دەستکردانەی کە لەڕێگەی ڕەوتە شیعەکانی سەر بە خۆی پێکیهێناوە، دەیەوێت هەرجۆرە بەربەستێک لەسەر ڕێگای پێشخستنی بەرنامەکانی لە کوردستان لابەرێت. هەتا ئێستا “دادگای فیدراڵی”ی وەک ئامرازێک بۆ بێدەسەڵاتکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە. ئەم “دادگا”یە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە ئامانجی بە بنبەست گەیاندنی حکوومەتی هەرێم، چەندین حوکمی دەرکردووە. حکوومەتی ناوەندیی سەربە کۆماری ئیسلامی لە عێراق بە بڕینی ناوبەناو و بە دواخستنی مووچەی کارمەندانی کوردستان و بە بارمتەگرتنی نان و بژێویان، ناڕەزایەتیی خەڵکی پەرەپێداوە و ناکۆکی و گرژییەکانی لەنێوان پارتە سیاسییەکانی کوردستان توندتر کردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە دەوڵەتانی تورکییە و کۆماری ئیسلامی بە بۆمباران و مووشەکبارانی بەردەوام و بە دەستدرێژیی نیزامی و داگیرکردنی بەشێک لە کەرتی سنووری، جگە لەوەی زیانی زۆریان بە خەڵکی زەحمەتکێشی ئەو ناوچانە گەیاندووە حکوومەتی هەرێمیان تەحقیر کردووە و سەروەریی ئەم دەسەڵاتە لەبەرچاو ناگرن. دەستێوەردانە سیاسی و سەربازییە ئامانجدار و بە ئەنقەستەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و حکوومەتی تورکییە لە کوردستانی عێراق، گرژی و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی زیاتر کردووە. ئەزموونی کوردستانی عێراق بەڕوونی دەریخست کە لە سیستمی فیدراڵیدا کە لەسەر بنەمای پەرلەمان دامەزراوە، بەخاتری ئەوەیکە ئامرازە سەرەکییەکانی دەسەڵات، لەوانە ئابووری و هێزی ئەرتەش و دیپلۆماسی، لە دەستی حکوومەتی ناوەنددا دەمێننەوە، هەرکات حکوومەتی ناوەندی ئیرادە بکات دەتوانێ لەڕێگەی ئامرازەکانی دەسەڵاتەوە خەڵکی کوردستان بخاتە ژێر گوشارەوە. پەرلەمانی کوردستان لەماوەی هەموو ئەم ساڵانەدا شوێنی مانۆڕی لایەنە سیاسییەکان بووە و ئامرازی دوور ڕاگرتنی جەماوەری خەڵک لە بەشداری لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بووە. لەم ڕووەوە پێویستە هاوڕێیانی ئێمە و هەڵسووڕاوانی دیکەی چەپ و کۆمۆنیست بە بانگەشە و ڕۆشنگەری سەبارەت بە ئاڵتێرناتیڤی شۆرایی بەرامبەر بە سیستمی پەرلەمانی، هەوڵ بدەن هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتیی زیاتر پەرەپێبدەن و لەئاستی کۆمەڵگادا بیکەنە وتارێکی زاڵ. ”شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان” هەتا ئێستا لەم پێوەندەدا دەورونەخشی نواندووە و هەوڵ و تێکۆشانی لەم پێناوەدا بەردەوام دەبێت.

لە کوردستانی سووریەش دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بە داگیرکردنی گشت پارێزگای عەفرین و چەندین ناوچەی دیکە لە ناوچەکانی ناوەندی کوردستانی سووریە لەوانە جەرابلوس، ئەلباب، ئەعزاز، گرێ سپی و سەری کانی لە هەوڵی ئەوەدایە کە “حکوومەتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا” لەناو ببات. هێزە داگیرکەرەکانی تورکییە و بەکرێگیراوە چەکدارەکانی لە ناوچە داگیرکراوەکان دەست دەدەنە کوشتار و باج وەرگرتن و تاڵانکاری. دەوڵەتی فاشیستی ئەردۆغان لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بە بۆمبارانی بەردەوام، ژێرخانەکانی خزمەتگوزاری و پیشەسازی و کشتوکاڵی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی “دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا”ی لەناوبردووە و بەردەوام هەڕەشە لەم دەسەڵاتە دەکات کە هێرش و داگیرکارییەکانی پەرەپێدەدات. بوردومانی شار و گوندەکانی کوردستانی سووریە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیی ئەردۆغان لە کاتێکدایە کە هێزە ئەمریکاییەکانی بەناو هاوپەیمان لەگەڵ دەسەڵاتی ڕۆژئاوا و هێزەکانی ڕووسیەی نیشتەجێ لە باکووری سووریە کۆنتڕۆڵی ئەم ناوچەیان لە ئیختیاردایە. بەڵام لەئاست ئەم هێرشانەدا هیچ کاردانەوەیەکیان نییە و تەنانەت بۆ هێرشکردنی دەوڵەتی تورکییە چرای سەوزیش نیشان دەدەن. هەموو ئەمانە بەشێک بوون لە سیاسەتە فاشیستییەکانی حکوومەتی ئەردۆغان لەم ماوەیەدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی “دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا”.

کردەوەی سیاسی و نیزامیی یەک ساڵی ڕابردووی دەوڵەتانی تورکییە، عێراق و کۆماری ئیسلامی لەئاست هەرێمی کوردستان و “حکوومەتی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا” ئەو واقعیەتە نیشان دەدات کە ئەوان و حکوومەتی سووریە، سەرەڕای هەر ئاستێک لە ناکۆکی و دوژمنایەتییان لەگەڵ یەک، هەر هەموویان دژی هەرجۆرە دەسەڵاتێکی ناوچەیی خەڵکی کوردستان لەوانە فیدڕاڵی، خۆبەڕێوەبەرایەتی، خودگەردانی و شێوازەکانی دیکەن لە هەر بەشێکی کوردستان. لەم بوارەدا ساڵەهایە پەیوەندی، کۆبوونەوە، هاوکاری و هاوئاهەنگیی بەرچاو لە نێوانیاندا لەئارادایە. خەڵکی کوردستان لە عێراق و سووریە لەوەیکە دەوڵەتانی هەرێمی کوردستان و “خوبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا” هەتا ئێستا ناویان ناوە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و دەوڵەتانی ناوچەکە، هیچ قازانجێکیان پێ نەگەیوە. دەسەڵاتی ئەحزاب و هەر ڕێکخراوێکی سیاسی لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی و پەرلەمانی، لە باشترین حاڵەتدا ڕێگایەک بۆ بەشداریی ڕێبەرانی ئەم حیزبانە لە دەسەڵاتدایە و ناتوانێ ستەمی نەتەوەیی چارەسەر بکات. ئەزموونی کوردستانی عێراق لە ماوەی ٣٤ ساڵی ڕابردوودا ئەم ڕاستییەی بە باشی دەرخستووە. لە بەرامبەردا دەسەڵاتی شۆرایی و بەڕەسمی ناسینی مافی خەڵکی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان کە لە ستراتێژی کۆمەڵەدا تەئکیدی لەسەر کراوە، دەتوانێ لەم بوارەدا وڵامدەرەوە بێت.

دووهەمین دەستووری جەلەسەی پلێنۆمی شەشی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە ڕاپۆرتی ئۆرگانە تەشکیلاتییەکان بوو. لەم بەشەدا پلینۆم لێکۆڵینەوەی لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەیی ئۆرگانەکان کرد، کە لەلایەن بەرپرسانی ئۆرگانەکانەوە پێشکەش بە پلینۆم کرا. هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە پێناو بەرەوپێشبردنی کار و چالاکیی هەرکام لە ڕێکخراوەکان، تێڕوانین و ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان خستەڕوو. پلێنۆمی شەشی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە بەشی کۆتاییدا دابەشکردنی کار و ڕێکخستنی هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتدا ئەنجام دا. پلێنۆم وێڕای هەڵبژاردنی کۆمیتەیەکی ڕێبەریی٥ کەسی بە مەبەستی هیدایەتی تەشکیلات لەماوەی دوو کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی، هاوڕێ حەسەن شەمسیی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژارد.

بەو پێیەی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی مەی ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا بەڕێوەچوو، پلێنۆم وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانیی کرێکار، ئەم هێمایەی هاوپشتیی چینایەتی و ئەنترناسیۆنالیستی، وێڕای ستایشی هەوڵی ماندوویینەناسانەی هەڵسووڕاوان و پێشڕەوانی بزووتنەوەی کرێکاری بۆ ڕێکخستنی خەباتی کرێکاران، هەموو هاوڕێیانی کرێکاری بانگەشەی ئەوە کرد کە بە هەر شێوازێک بۆیان دەگونجێ ڕێوڕەسم و ئاکسیۆنەکانی ئەوەڵی مانگی مەی بەڕێوە بەرن. کۆمەڵە لە کرێکارانی کوردستان داواکارە کە لە هاوپشتی لەگەڵ کرێکارانی سەرتاسەری ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی ئیدیعانامە دژبە نیزامی سەرمایەداری و گەڵاڵەکردنی داخوازییە خێراکانیان، هەڵوێستی لێبڕاوانەیان دژی شەڕخوازیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، دژی هێرش بۆسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران و دژی شەڕ بەرامبەر بە ژنان ڕاگەیەنن.

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣

١٩ی ئاپریلی ٢٠٢٤