فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆتایی بەڕێوەچوونی پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – بەشی یەکەم
دوشەممە ۰۳-۰۲-۱۴۰۳   |  22-04-2024

پلێنۆمی شەشەمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٢٥ و ٢٦ی مانگی خاکەلێوە بەرابەر بە ١٣ و ١٤ی ئاپریلی ٢٠٢٤ بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کە وەک چاوەدێر بەشداربوون، بەڕێوەچوو. پلێنۆم بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی بە کار کرد. ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەری کۆمەڵە بە پلێنۆم، ڕاپۆرتی تەشکیلاتیی کۆمیتەکان و ئۆرگانە تەشکیلاتییەکانی کۆمەڵە و ڕێکخستن و دابەشکردنی کاری ناوخۆیی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە، لە دەستووری جەلەسەکانی ئەم پلێنۆمە بوون.

کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە لە هەلومەرجێکدا بەڕێوەچوو کە شەڕ و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دژی خەڵکی فەلەستین لە غەززە پێی ناوەتە مانگی حەوتەمی خۆیەوە. حکوومەتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ سەرەڕای هەموو ئەو تاوانانەی کە لەم ماوەیەدا ئەنجامی داوە نەیتوانیوە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی دەستەبەر بکات. هەر بۆیە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا بە شێوەیەکی زۆر دڕندانەتر ئەم شەڕە بەڕێوە دەبات. لەم ماوەیەدا کابینەی جەنگی ئیسرائیل تاکتیکی زۆرترین وێرانکاری و کوشتنی گرتووەتە بەر کە ئەمەش نیشانەی چەقبەستوویی و بێدەسەڵاتی حکوومەتی ئیسرائیلە. ئەم شەڕە وێرانکەرە جگە لەوەی تێچووی زۆری بۆ ئیسرائیل هەبووە، قەیرانی ناوخۆی حکوومەتەکەی نەتانیاهۆی پەرەپێداوە و ئاستی ڕق و کینە و بێزاری بەرامبەر بە حکوومەت لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسرائیل زیاتر کردووە. ناڕەزایەتی و گوشاری بیروڕای گشتی لە سەرانسەری جیهان بەرامبەر بە جینۆساید لە غەززە بە شێوەیەکی کاریگەر فشاری خستووەتە سەر دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ و دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپا کە پشتیوانی ئەم تاوانە دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە تاقمی کۆنەپەرست و تیرۆریستی حەماسیش بە هۆی خەسارێکی زۆر کە لە سەرکردایەتی و بەدەنە و ژێرخانەکانی ئەم ڕێکخراوە دراوە کەوتووەتە بنبەستەوە و هێرشە موشەکییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ سەر ئیسرائیل تا ئێستا نەیتوانیوە گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە هاوسەنگی هێز بەقازانجی بەرژەوەندی حەماس پێکبهێنێت. کۆماری ئیسلامیش نەک هەر نەیتوانیوە بەشێوەی کاریگەر یارمەتیی حەماس بدات، بەڵکوو هێز و بنکە سەربازییەکانی و لەم دواییانەدا کونسوڵخانەی ڕژیم لە سووریەش لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشیان کراوەتە سەر. وەها بنبەستێک نیشانی دەدات کە قۆناغی پڕوپاگەندەی ڕژیمی ئیسلامی و ڕەوتەکانی سەربە ڕژیم لەژێرناوی “میحوەری موقاومەت” و شەڕی نیابەتی کۆتایی هاتووە.

لەم نێوەندەدا خەڵکی ستەملێکراو و بێ بەرگریی غەززە کە قوربانیی جینۆسایدی حکوومەتی ئیسرائیلن و ماڵەکانیان بەسەریاندا وێران دەبێت و برسی و ئاوارە بوون، خوازیاری ئەوەن کە ئەم شەڕە تاوانکارانەیە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت. ئەو خەڵکەی کە هیچ ڕۆڵێکیان لە داگیرساندنی ئەم شەڕەدا نەبووە بۆچی دەبێ بەهاکەی بدەن؟ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین نە بە هیواداربوون بە ڕەوتە کۆنەپەرست و تیرۆریستە ئیسلامییەکان و نە بە دەوڵەتانی عەرەب و باقیی دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری، بەڵکوو تەنها بە هێزی یەکگرتوو و ڕێکخراوی خۆیان و بە پشتیوانیی هاوچینەکانیان لە ئیسرائیل و ناوچەکە و سەرانسەری جیهان دەتوانن هاوسەنگیی هێز بەقازانجی خۆیان بگۆڕن و کۆتایی بەم شەڕە وێرانکەرە و قاتی و برسیەتی بێنن.

شکستی سەرشۆڕانەی ڕژیمی ئیسلامی لە شانۆی هەڵبژاردنی مەجلیسی شۆرا و مەجلیسی خوبرگانی ڕەهبەری، میحوەرێکی دیکەی باسەکانی پلێنۆم بوو. زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران وشیارانە بەشداری ئەو نمایشەیان نەکرد و بۆ جارێکی دیکە “نا”یەکی گەورەیان بە گشت حکوومەتی کۆماری ئیسلامی وت. بەوتەی خودی ڕژیم و میدیاکانی دیکەی ناوخۆیی و دەرەکی، ڕێژەی بەشداری لەو هەڵبژاردنە لە هەموو ساڵانی تەمەنی کۆماری ئیسلامی کەمتر بووە. لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بەلوچستان زیاتر لە سەدا هەشتا و پێنجی خەڵک بەشداری ئەم شانۆیەی ڕژیمیان نەکرد. ڕاگەیاندنی ئاشکرای بەشداری نەکردنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ڕێکخراوە سینفییەکانی مامۆستایان، خانەنشینان و خوێندکاران و باقیی ناوەندەکان و تەنانەت هێندێک لە ئوسوولگەرا و ئیسلاح تەڵەبەکان لە نمایشی نینتخابات، نیشانەی ئاڵوگۆڕ لە فەزای سیاسیی کۆمەڵگە و هاوسەنگیی هێزە بە قازانجی بەرەی کرێکاران و جەماوەری خەڵک. سەپاندنی ئەم شکستە شەرمەزارکەرە بەسەر کۆماری ئیسلامی بەشێک لە تۆڵە سەندنەوەی خەڵکی ئێران بوو بەخاتری جەنایاتێک کە کۆماری ئیسلامی لە جەریانی بزووتنەوەی ژینادا ئەنجامی دا. خەڵک لەم ڕێگەوە بۆ جارێکی دیکە نیشانیان دا کە ئەم نیزامە گەندەڵە بەلایانەوە هیچ مەشرووعیەتێکی نییە. ئەم شکستە قورسەی ڕژیم ئاکامی پەرەسەندنی قەیرانەکان و بەرهەمی کردەوەی وەحشیانەی ڕژیم بەرامبەر لاوان بەتایبەت ژنان بوو. ئاکامی پەرەسەندنی تووڕەیی و بێزاریی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی بەخاتری سیاسەتی شەڕخوازانە و دەستتێوەردانی پڕهەزینەی ڕژیم لە وڵاتانی ناوچەکە بوو. بۆ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئەمە سەرکەوتنێک بوو بەسەر حکوومەتی ئیسلامیدا کە دەتوانێ ببێتە سەنگەرێک بۆ پێشڕەوییەکانی داهاتووی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە. بێگومان بەشداری نەکردنی بەرینی خەڵکی کوردستان لەم نمایشە ئینتخاباتییە، نیشانەی ئەو واقعیەتە بوو کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان وەک پایەکی سەرەکیی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و شۆڕشگێڕانە لە ئاستی سەرتاسەری، خاوەنی وەها توانایەکە کە هەرکات پێویست بێت دەتوانێ هێزی بزوێنەر و ڕێکخراوی خۆی بێنێتە مەیدان.

لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ڕێبەری و باسە پەیوەندیدارەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە یەکێک لە بێبەشترین ناوچەکانی ئێرانە. جەماوەری کرێکار و زەحمەتێکێشی کوردستان هەروەک هاوچینەکانیان لە ناوچەکانی دیکەی ئێران لە بارودۆخێکی یەکجار فەلاکەتباردا بەسەر دەبەن. ئاستی بەرزی هەژاری و بێکاری بووەتە هۆی ئەوەیکە دەیان هەزار لاوی کوردستان کە بە ئیعترافی کاربەدستانی ڕژیم زیاتر لە ٥٠%یان دەرچووی زانکۆن، بۆ دابینکردنی خەرجی ژیانی خۆیان و بنەماڵەیان جادەکانی مەرگ بگرنە بەر و ڕوو بکەنە کۆڵبەری. کۆڵبەران لەڕاستیدا هێزی کاری هەرزان و ئەجیرکراوی بازرگانان و دەڵاڵانی سەرمایەدارن کە بەتوندی دەچەوسێنەوە. بەم حاڵەشەوە ساڵانە سەدان کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچی و تێکدانی نەزمی ئابووری، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ڕژیمەوە تەقەیان لێدەکرێ و بەهۆیەوە گیانیان لەدەست دەدەن یان بریندار دەبەن. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەمانە کرێکاران و توێژە هەژارەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە کوردستان، دەستبەرداری نیزامی ئیسلامی نەبوون. چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە پێشەنگەکانی دیکەی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ تێکۆشەرانی سەرتاسەری ئێران لە دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن.

ڕێکخستنی ڕێوڕەسمی نەورۆز و دەربڕینی خۆشی لە شار و گوندەکانی کوردستان لەئاستی دەیان هەزار کەسی، میحوەرێکی دیکەی باسەکانی پلێنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بوو. لەم ڕێوڕەسمانەدا ژنان شان بە شانی پیاوان و بە بێ بایەخدان بە یاسای حیجابی زۆرەملێ دەستیان کرد بە دەربڕینی خۆشی و سەما و هەڵپەڕین. بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە هێمای درێژەدان بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و بەشێک بوو لە دڵخۆشی خەڵک بە بۆنەی شکستی کۆماری ئیسلامی لە گاڵتەجاڕی هەڵبژاردن و سەرکەوتنی خۆیان. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ئاستێکی وەها بەریندا نیشانەی ڕێکخراوبوون و شێوازێک لە ڕێبەرییە کە بەسەر حکوومەتی ئیسلامیدا سەپێندرا و ڕژیم لە بەرامبەریدا بێجگەلە نەرمش ڕێگایەکی تری نەبوو. هەموو هەوڵی ڕژیم ئەوە بوو کە ئەم ڕێوڕەسمانە سیاسی نەبنەوە. لە زۆر شوێن لاوان بە وتنەوەی دروشمی سیاسی و بە سروود و بە بەرزکردنەوەی دەسماڵ و پارچەی سوور وەک هێمای چەپ و شۆڕشگێڕ، بەم مەراسمانە ڕەنگ و بۆی سیاسی و دژەڕژیمیان دا. ڕێوڕەسم و جەژن و هەڵپەڕکێی نەورۆزی لەماوەی یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا نیشانی دا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کە بڕبڕەی پشتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەملێکراوی کوردستانە، بۆ خستنە ژێر پرسیاری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی خاوەنی چ پۆتانسیەل و توانایەکی بەرینە. پێویستە هاوڕێیانمان لە ناوەوە لە داهاتووشدا بۆ بەشداریکردن و کاریگەریدانان و ئاراستەپێدان بەم ڕێوڕەسمانە زیاتر ئامادە بن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە