فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆتایی پلێنۆمی ٧ی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە
هەینی ۲۳-۰۶-۱۴۰۳   |  13-09-2024

کۆبوونەوەی بەرینی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژێردراوی کۆنگرەی ١٨، ڕۆژی شەممە ١٧ی مانگی خەرمانانی ١٤٠٣ بەرابەر بە ٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٤ بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وەک چاوەدێر، بەڕێوەچوو. پلێنۆمی ٧ بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ، سروودی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار و دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی گیانبەختکردووانی ڕێزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە و سەرجەم گیانبەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم دەستی بە کار کرد.

یەکەمین دەستووری جەلەسەی ئەم کۆبوونەوەیە، لێکدانەوەی ڕاپۆرتی سیاسیی کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە بە پلێنۆمی حەوت بوو. بەلەرچاوگرتنی ئەوەیکە لەم دواییەدا لە کۆنگرەی ١٤ی حیزبی کۆمۆنیستی ئێراندا بە شیکراوی و بە وردی باسی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئێران و پێگەی کۆماری ئیسلامی و بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی کرا، ڕاپۆرتی سیاسیی پلێنۆم سەرەنجی خستە سەر دوایین ئاڵوگۆڕەکان لە ئێران و کوردستان و ناوچەکە.

ئاکامی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێران یەکێک لە باسەکانی ڕاپۆرتی پلێنۆم بوو. لەم پەیوەندییەدا جەخت کرایەوە کە بەلەبەرچاوگرتنی پەرەسەندنی بەردەوامی قەیرانە هەمەلایەنەکانی ڕژیمی ئیسلامی و گەشەکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا و بێتوانایی ڕژیم لە وڵامدانەوە بە خواستەکانیان، ڕژیم بۆ جارێکی تر هەوڵی دا گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەپێی پێویستیی سیاسیی خۆی موهەندسی بکات. ئامانجێکی فریوکارانەی حکوومەت لە داڕشتن و موهەندسی کردنی ئەم هەڵبژاردنە و ڕەت نەکردنەوە سەلاحییەتی مەسعوودی پزیکشیان، بردنەسەری ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە دەوری دووهەمی هەڵبژاردن و وەتەماع خستنی ڕێفۆرمخوازانی دوورخراو لە حکوومەت بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە پشکێکی هەرچەند چکۆلە لە دەسەڵات بوو. بەڵام خەڵک لە دەوری دووهەمیشدا بە نەچوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ جارێکی تر مۆری نامەشرووعبوونیان لە نێوچاوانی حکوومەتی ئیسلامیدا. ئامانجێکی دیکەی حکوومەتی ئیسلامی لە دانانی پزیشکیانی خزمەتکاری ولایەت، کە بە بەرەی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتییەوە دەناسرێ، ڕاکێشانی سەرنجی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا، دەربڕینی ئامادەیی بۆ “نەرمشی قارەمانانە” و پاشەکشەی زیاتر لە گفتوگۆکانی ئێستا بۆ سووک کردنی باری قورسی گەمارۆکان و دەستڕاگەیشتن بە دۆلارە بلۆککراوەکان بوو. بەڵام لە ڕوانگەی خەڵکەوە، باڵەکانی حکوومەت هیچ جیاوازییەکیان نییە و هیچ کامیان ناتوانن بێجگەلە سەرکوت وڵامێک بە خواستەکانیان بدەنەوە. ستراتێژی سپای پاسداران و هەر دووباڵی حکوومەت بۆ ڕاگرتنی نیزامی ئیسلامی، درێژە و پەرەپێدانی سەرکوتە.

بەشداری نەکردنی خەڵک لەم گاتەجاڕییە ئینتخاباتییانە نە لە ڕووی کەمتەرخەمی و بێ تەفاوەتی بەڵکوو کردەوەیەکی سیاسیی وشیارانە لەدژی گشت دەسەڵاتی ئیسلامی بوو. ئەم کردەوە سیاسییە نیشانی دا کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا کە زەنگی مەترسیی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیی هێنایە دەنگ، هەروا زیندوویە و لە ئاڵوگۆڕە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا کاریگەرییەکانی خۆی نیشان دەدات. لەم ڕووەوە هەوڵی بەرینی خامنەیی و دامودەزگاکانی ڕژیم لە گاڵتەجاڕیی ئینتخاباتدا نەیتوانی کاریگەری لەسەر درێژەی خەبات و مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان هەبێت. خەباتی ژنان دژبە حیجابی ئیجباری ڕانەوەستا. خەبات لەدژی ئێعدام لە زیندانەکان پەرەیسەند. بێجگەلە ئەمانە لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بۆ یەکەم جار شایەدی ناڕەزایەتی و مانگرتنی بەرین، درێژماوە و هاوکاتی پەرستاران بە پێشەنگایەتیی ژنان بۆ وەدیهێنانی خواستەکانیان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران بووین. ئەم ناڕەزایەتییانە هێستاش درێژەیان هەیە. بەردەوامبوونی ناڕەزایەتیی پەرستاران سەرەڕای هەڕەشەی دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنیەتییەکان، نیشانەی وجوودی دەرەجەیەک لە ڕێبەری و ڕێکخستنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی پەرستارانە و ئەمەش پێویستە وەک ئاکامێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا لەئاستی کۆمەڵگادا بێتە هەژمار.

لاوازبوونی پێگەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە لە درێژەی شەڕ و جینۆسایدی دەوڵەتی ئیسرائیل لەدژی خەڵکی بێدیفاعی فەلەستین بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتی سیاسیی پلێنۆم بوو. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕژیمی ئیسلامی سەرەڕای هات و هاواری تەبلیغاتی لەژێرناوی “نابوودیی ئیسرائیل و ئازادیی قۆدسی شەریف”، نەتەنیا بەکردەوە هیچ پشتیوانییەکی لە خەڵکی فەلەستین نەکردووە، بەڵکوو لە بەرامبەر هێرشی نیزامیی زەلیلکەری ئیسرائیلدا توانای دیفاع کردن لە خۆشی نەبووە. هێرشی نیزامی و تیرۆری ئیسماعیل هەنییە لە قەلبی تاران و زەربە نیزامییەکانی دیکەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە دەزگا و ناوەندە هەستیارەکانی حکوومەتی ئیسلامی و فەرماندەکانی سپای پاسداران لە سووریە، نیشانی دا کە لاوازی و داماویی دەزگای ئیتلاعاتیی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نە بەخاتری بۆشایی ئەمنیەتی، بەڵکوو سەرچاوەگرتوو لەو گەندەڵییە سیستماتیکەیە کە هەموو پێکهاتەی سیاسی و ئیداریی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی داگرتووە و لە ناو دەزگا ئەمنیەتییەکانی سپای پاسدارانیشدا ڕیشەی داکوتاوە. دەزگا سیخوڕی و ئەمنیەتییەکانی ئیسرائیل توانیویانە نفووز بکەنە ناو سیستمی زانیاری و ئەمنیەتیی ڕژیمەوە. ئەم زنجیرە ئاڵوگۆڕانە نیشانیان دا کە ستراتێژی هێرشی “بەرگرانە”ی ڕژیم لە ڕێگەی دەستتێوەردانی نیزامی لە ناوەندەکانی قەیرانی ناوچەکە، ڕێکخستنی هێزەکانی بەناو “میحوەری موقاومەت” و وەڕێخستنی کێبەرکێی تەسلیحاتی کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا هەزینەی بەرینی بەسەر سفرەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشدا سەپاندووە، شکستی خواردووە. ئەگەر سەردەمانێک حکوومەتی ئیسلامی ئیدیعای دەکرد کە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی نیزام لە ناوەوە، پێویستە لە لۆبنان و سووریە و عێراق بەشەر بێت و بە “سیاسەتی خۆپارێزی” پێناسەی دەکرد، لەئێستادا مەعلووم بووە کە درێژەی مانەوەی حکوومەتی ئیسلامی نە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکە بەڵکوو لە ناوەوەی ئێران و بە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری کەوتووەتە مەترسییەوە. خودی کۆماری ئیسلامیش کە لەگەڵ قەیرانی قووڵی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتیی چارەهەڵنەگر بەرەوڕووە، لەم حەقیقەتە ئاگادارە.

پلێنۆم لە بەشێکی تر لە باسە سیاسییەکانیدا، پێگە و زەرفییەتەکانی مەوجوود لە کوردستان لە خەبات دژبە کۆماری ئیسلامیی دایە بەر باس و لێکۆڵینەوە. کاریگەرییەکانی ئەم پۆتانسیەل و زەرفییەتانە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا بە ڕوونی خۆی نیشان دا و سەلماندی کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان لە هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتی و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا پایەیەکی سەقامگیر و کاریگەر بووە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە شایەدی ڕۆڵی بەرچاوی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان لە سەرهەڵدان و درێژەی بزووتنەوەی سەرتاسەریی ساڵی ١٤٠١ بووە و لەلایەکی دیکەوە ئەزموونی کوردستانی عێراق و سووریەشی هەیە کە چۆن لە بارودۆخی لاوازبوونی حکوومەتی ناوەندیدا کوردستان دەتوانێ بە خێرایی لە کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ناوەندی بچێتە دەر، هەربۆیە نیگەرانی دووپات بوونەوەی وەها ئەزموونێک لە کوردستانی ئێرانیشە. بەتایبەت ئەوەیکە ئەزموونی ڕێکخستن و پێکهێنانی شۆراکان، کۆمیتەکان و بنکەکان وەک ئۆرگانەکانی دەسەڵاتی جەماوەری لە دوای سەرکەوتی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی وەک دەستکەوتێکی بەنرخ لە بیر و زەینی خەڵکی شارەکانی کوردستاندا ماوە.

پەرەپێدانی کەشوهەوای سەرکوت، پەرەپێدانی ئێعدامەکان و دەرکردنی حوکمی ئێعدام بۆ چالاکانی سیاسیی کوردستان بە بێ هیچ هۆکار و بەڵگەیەک، دەستبەسەرکردن و بانگکردنی چالاکانی سیاسی و هەڕەشەی دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنیەتییەکان بۆ خۆبەدوورگرتن لە بەڕێوەبردن یان بەشداریکردن لە مانگرتن و ناڕەزایەتی لە شارەکانی کوردستان، داسەپاندنی فشار و هاودەستی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چەککردن و ڕاگواستنی زۆرەملیی ئۆردووگای حیزب و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستانی ئێران و سنووردارکردنی هەرچی زیاتریان، لە ترس و نیگەرانیی کۆماری ئیسلامی لە وەزعییەتی قەیراناویی خۆی لە ناوەوە سەرچاوە دەگرێت. کۆماری ئیسلامی لە زەرفییەتەکانی خەباتی سیاسی، چینایەتی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان ئاگادارە. ڕژیم دەبێ ئەوە بزانێ کە ئەگەرچی سیاسەتی چەککردن و ڕاگواستنی زۆرەملیی ئەم ئۆردووگایانە بۆ کەمپەکانی پەنابەری کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووەتە باسکی جێبەجێکردنی دەبێتە هۆی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی خەڵکی کوردستانی ئێران، بەڵام بزووتنەوەکانی ناڕەزایەتیی کرێکاران و توێژە زەحمەتکێشەکانی دیکەی کۆمەڵگا لە ناوەوەی ئێران بە پشت بەستن بە هێزی خۆ و بە متمانە بەخۆییەوە خەباتیان لەدژی کۆماری ئیسلامی هەتا ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم ڕژیمە کۆنەپەرستە سەرمایەداری و ئیسلامییە درێژە دەدەن.

بەلەبەرچاوگرتنی پێشینە و ئەزموونی سیاسیی چوار دەیەی ڕابردوو، کوردستان بەستێنێکی گونجاو بۆ پەرەپێدانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی و گەشەی سیاسەتی ڕادیکاڵ و هێرش بۆسەر کۆماری ئیسلامییە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان بەهۆی دەورونەخشی کۆمۆنیستەکان خاوەنی گەلێک زەرفییەتی بەهێزە لە بواری بەرپارکردنی ناڕەزایەتیی جەماوەری لەدژی کوشتاری کۆڵبەران، لەدژی حیجابی ئیجباری، هەوڵ بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی، ناڕەزایەتی لەدژی ئەزیەت و ئازار و زەوتکردنی ئازادیی هاووڵاتییان لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمەوە. پێویستە بە داهێنانی جۆراوجۆر ئەم زەرفییەتانە بەشێوەی دروست کەڵیان لێوەربگیرێت.

پێویستە هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە هاوڕێ لەگەڵ هەڵسووڕاوانی “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان” و باقی ئینسانە سۆسیالیست و ڕادیکاڵەکان هەر لە ئێستاوە بە بەشداریی چالاکانەی خۆیان لە بوارەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی، لەدژی هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، لەدژی بێکاری، لەدژی لەناوبردنی ژینگە، داکۆکی لە مافی منداڵان، داکۆکی لە مامۆستایان و خانەنشینان و هیتر، یارمەتیدەری شکڵ گرتنی ناڕەزایەتی و درێژەی مانگرتن و ئیعتڕازیان بن. پێویستە لە هەموو دەرفەتێک بۆ تەبلیغ و ڕێکخستنی شۆرایی و پێکهێنانی شۆراکانی شوێنی کار و ژیان لە ناو جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش کەڵک وەرگرن. لە بارودۆخی ئێستادا هەوڵی بێ پسانەوە بۆ پێکهێنانی شۆراکان، کۆمیتەکان، بنکەکان و باقیی ناوەندە جەماوەرییەکان، هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدەی کوردستان دەگۆڕێ.

کۆمەڵە وەک بەستێنی سەرەکیی بزووتنەوەی سۆسیالیستی لە کوردستان لێبڕاوانە هەوڵ دەدات لەڕێگەی هاوکاری لەگەڵ هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی دیکەی ناو بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان و لەڕێگەی پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی سەراسەری، کۆمەڵگای کوردستان لەم قۆناغە هەستیارە تێپەڕێنێ. بوونی ئەم زەرفییەت و پۆتانسیەلانە بۆ ڕێکخستنی شۆرایی لە کوردستان کە گۆشەیەکی لە جەریانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینادا خۆی نیشاندا، دەتوانێ لە زەوتکرانی دەسەڵات لە سەرەوە و بە بێ دەخاڵەتی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەلایەن حیزب و لایەنە بورژوا ناسیۆنالیستەکان لە دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ڕێگری بکات.

پلێنۆم لە دەستووری جەلەسەی پەیوەندیدار بە ڕاپۆرتی چالاکیی تەشکیلاتیی ئۆرگانەکانی کۆمەڵە، پاش بیستی ڕاپۆرتی کاری ئۆرگانەکان لەوانە: تەکش (تەشکیلاتی ناوەوەی شارەکانی کوردستان)، گۆفاری پێشڕەو و میدیا تەبلیغییەکانی دیکە، نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات، پڕۆژەی هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لە کوردستان، چالاکیی هاوڕێیانی نیشتەجێ لە کوردستان و کۆمیتەی ڕێبەری، ڕەخنە و پێشنیارەکانی بۆ بەهێزکردن و باشترکردنی چالاکیی ئەم ئۆرگانانە پێشکەش کرد.

لە دەستووری جەلەسەی پەیوەندیدار بە قەرار و قەتعنامەی پێشنیارکراودا، پلێنۆمی حەوتی کۆمیتەی ناوەندی بڕیاری دا کە کۆنگرەی ١٩ی کۆمەڵە لە هاوینی ١٤٠٤دا بەڕێوە ببات و کۆمیسیۆنێکی بۆ تەداروکی سیاسی و تەشکیلاتی هەڵبژارد.

پلێنۆمی ٧ لە باسەکانی پەیوەندیدار بە ئارایش و تەقسیمی کاردا، هاوڕێیانی کۆمیتەی ناوەندیی لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی ڕێبەریدا سازماندا و لە کۆتایی کاری خۆیدا وێڕای هەڵبژاردنی کۆمیتەیەکی ڕێبەریی حەوت کەسی بۆ هیدایەتی سیاسیی تەشکیلات لەماوەی دوو پلێنۆم، هاوڕێ حەسن شەمسیی وەک دەبیری کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە هەڵبژارد.

کۆمیتەی ڕێبەریی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٣

١٢ی سێپتامبری ٢٠٢٤