فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی بەرینی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنستەکان
شەممە ۲۰-۰۱-۱۴۰۱   |  09-04-2022

ڕاگەیاندنی کۆتایی کۆبوونەوەی بەرینی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنستەکان

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ئاوریل بەرابەر لەگەڵ ١٤ی خاکەلێوەی ١٤٠١، لە کاتژمێر٩ بەیانییەوە تا ٦ی دوای نیوەڕۆ، کۆبوونەوەی بەرینی نوێنەرانی “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان” بەشێوەی ئانلاین لە تۆڕی زووم بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە لە درێژەی کۆبوونەوە دەورەییەکان بەئامانجی هەڵسەنگاندی چالاکیی “شۆرای هاوکاری” و ڕێکارەکانی پەرەپێدان و پێشڕەویی ئەم هاوکارییە لەپێناو ئامانجەکانی “بەیاننامەی ستۆکهۆڵم” و باقیی بەڵگەکانی شۆڕا بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوەکە بە سروودی ئەنترناسیۆناڵ و یەک خولەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیسم و یادی هاوڕێیان “مەسعوود دەقیقی ئەسڵ” و “سەعید سۆهرابی” دەستی پێکرد. پاشان نوێنەرانی شەش هێزی “شۆرای هاوکاری” هەڵسەنگاندنی خۆیان لە خاڵی بەهێز و لاوازی چالاکیی شۆرا و ڕێکارەکانییان بە مەبەستی ڕەواندنی کەموکۆڕییەکانی پێشکەش کرد. دواتر بەشداربووانی کۆبوونەوەکە دەرفەتیان پەیدا کرد تا بۆچوونەکانیان سەبارەت بە قسەوباسەکانی ئەوان دەربڕن و لە درێژەدا بۆ جارێکی دیکە نوێنەران وڵامی تێبینی و پرسیارەکانیان دایەوە.

لە بەشی دووهەمی ئەم کۆبوونەوەیەدا، نوێنەرانی هێزەکان بە نۆرە پێشنیارە دیاریکراو و کۆنکرێتەکانی خۆیان بۆ زاڵبوون بەسەر کەموکۆڕییەکان پێشکەش کرد و بەشداربووانی جەلەسەکەش ئەم پێشنیارانەیان دایە بە باس و گفتوگۆ و سەرەنجام چەند بڕیارێک بۆ باشترکردنی چالاکییەکان کەوتە دەستووری کارەوە. کۆبوونەوەکە بەدواداچوون و بەڕێوەبردنی ئەم پێشنیارانەی بە کۆبوونەوەی هەیئەتی نوێنەرایەتی سپارد.

لە هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانی قۆناغی پێشووی “شۆرای هاوکاری”دا بەشداربووانی سیمینارەکە وێڕای تەئکید لەسەر ئەوەیکە پایەی کۆمەڵایەتیی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی لە ناوخۆی ئێرانە و وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی بزووتنەوەی  کرێکاری لە میحوەری هەوڵ بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی دایە، لەم ڕووەوە “شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان” پێویستە وەک بەشێک لە شێوەکاری کۆمۆنیستی، وڵامدانەوە بە پێداویستییەکانی خەباتی چینی کرێکار لە هەر باروودۆخێکدا بخاتە سەرووی ئەرک و ئەولەوییەتەکانی خۆیەوە. نوێنەران تەئکیدیان کرد کە لە دەوری ئەو وڵامانەی کە بە پێداویستییەکانی بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان دەدرێتەوە، پێویستە گوفتمانسازی بکرێت و چالاکیی تەبلیغی و سیاسیی ئێمە لەم پێناوەدا بێت. بەشداربووان هەروەها لەسەر ئەم بابەتە کۆدەنگییان بوو کە لە باروودۆخێکدا کە هێشتا چەپی حیزبی لەگەڵ چەپی ناو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت بزووتنەوەی کرێکاری بەهۆی باروودۆخی داسەپاو لەلایەکەو و لاوازبوونی شێوەکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەلایەکی دیکەوە مەودایان لەنێوان دایە، نەفسی بوونی بلۆکێک لە هێزەکان و ڕێکەوتنی ئەوان لەسەر پێویستیی ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، تێکشکاندنی ماشێنی بوروکراتیک – نیزامی و هەوڵ و یارمەتیدان بۆ پێکهێنانی ئاڵتێرناتیڤی سۆسیالیستی و شۆرایی دەستکەوتێکی بەنرخە، بەڵام ئەمە خۆی لەخۆیدا بەس نییە و پێویستە نوختە عەزەیمەت و چالاکییەکانی ئەم شۆرایە ببێتە ئامرازی ڕەنگدانەوە و چڕبوونەوەی زیاتر لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران لەوانە بزووتنەوەی کرێکاری، بزووتنەوەی مامۆستایان و خانەنشینکراوان، بزووتنەوەی ژنان و باقیی حەرەکەتە مافخواز و پێشڕەوەکانی دیکەی ئێران. پێوەری هەڵسەنگاندن و پێشڕەویی هاوکاریی لەم ڕوانگەوە بدرێتە بەر سەرەنج و بێگومان وەدیهاتنی ئەم بابەتەش لە گرەوی هەوڵ بۆ پێکهێنانی گوفتمانسازیی سۆسیالیستی دایە و پێویستە لەسەر بەستێنی دەخاڵەتگەریی زیاتری شۆرا لەو گرفت و پرسانەی کە ئەم بزووتنەوانە لەگەڵیان بەرەوڕوون، ئەنجام بدرێت. ئەم گوفتمانسازییە لەهەر قۆناغێکدا پێویستی بە پڕۆژەی سیاسی و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی دیاریکراوە بۆ دیفاع لە داخوازیی مەعیشەتی و ڕەفاهی و ئازادیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە ئەگەرچی لە هێندێک حاڵەتدا ئەنجام دراوە، بەڵام هێشتا جێ نەخراوە. لەم ڕووەوە پەرەپێدانی چالاکییەکان لەم بوارانەدا پێویستە ببێتە ڕەوتی زاڵی چالاکیی هاوبەشی هێزەکانی ئەم شۆرایە.

هاوکات لەم کۆبوونەوەیەدا بەشداربووان لەسەر ئەم بابەتە ڕێککەوتن کە پەرەسەندنی چەندایەتیی شۆرا، کە ئێستا زیاتر لە ڕابردوو کەوتووەتە بەر سەرەنجی باقیی ڕێکخراوەکان، هۆکارێکی گرنگە لە نزیکبوونەوە و هاوئاهەنگیی هێزە پڕژوبڵاوە چەپ وکۆمۆنیستەکان، بەمەبەستی کاریگەریدانانی زیاتر لە ئاراستەپێدان بە گۆڕانکارییە سیاسییە خێراکان لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە و پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا سیاسەتی پەرەپێدانی هێزەکانی شۆرا داڕێژرێت و ڕاگەیەندرێت. 

لەناو ڕێکارەکانی جێگای ڕەزامەندیی ئەم کۆبوونەوەیە، لەسەر بەهرەوەرگرتنی کاریگەرتر لە کەناڵی هاوبەشی ٢٤ کاتژمێریی تەلەڤیزیۆنی چوار هێزی ئەم شۆرایە (تەلەڤیزیۆنی ئاڵتێرناتیڤی شۆرایی) وەک یەکێک لە ئامرازە کاریگەرەکانی دەخاڵەتگەری لە باروودۆخی سیاسیی ئێران تەئکیدی لەسەر کرا و هەروەها ئەوەش دیاری کرا کە پڕۆژەی بەرنامەی “تەلەڤیزیۆنی هاوبەشی شۆرای هاوکاری” کە تریبوونێکە بۆ هەموو هێزەکانی شۆرا و کەسانی چەپ و کۆمۆنیستی سەربەخۆ بکەوێتە دەستووری کارەوە. هەر لەم بەشەدا لەسەر کەڵک وەرگرتنی کاریگەرتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە پەیوەندی لەگەڵ چالاکانی ناوەوە ئاسانتر دەکاتەوە تەئکیدی لەسەر کرا.

کۆبوونەوەکە لەسەر پێشخستنی پڕۆژەی دیاریکراو و پێکهێنانی گرووپی کاری لەوانە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن جەختی کردەوە تا بتوانێ چالاکیی چڕوپڕتر دژبە هەڵاواردنی جنسییەتی لە ئێران بەڕێوەبەرێت.

ئەم کۆبوونەوەیە هەروەها پەیوەندی “شۆرای هاوکاری” لەگەڵ ڕێکخراوە جەماوەرییە چەپەکان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و کۆمۆنیستە تاک و سەربەخۆکان دایە بەر باس و بڕیار درا کە لەم پێوەندەدا سیاسەتی دیاریکراو داڕێژرێت و لەڕێگەی بەڕێوەبردنی سیمیناری ئانلاین و حزووری، پەیوەندی قووڵتر و نزیکتر لەگەڵیان بکەوێتە دەستووری کارەوە. 

لە کۆتاییدا هەڵسەنگاندنی بەشداربووانی ئەم کۆبوونەوە یەک ڕۆژەیە ئەوە بوو کە باسەکان لە فەزایەکی سەمیمانە و هاوڕێیانەدا بەرەوپێش چووە و ڕەخنەی داهێنەرانەی بەشداربووان و هیواداربوون و ئامادەیی ئەوان بۆ پەرەپێدانی چالاکیی شۆرا و دەورونەخش نواندی چالاکانەتر لەپێناو ئەو ئەرکە گرنگانەی کە شۆرای هاوکاری وەک بەشێک لە بەرەی چەپی کۆمەڵگا بۆ خۆی دیاریکردووە، بەجیددی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.

شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان

٦ی ئاوریلی ٢٠٢٢

١٧ی خاکەلێوەی  ١٤٠١

واژۆکان: ئیتحادی فەداییانی کۆمۆنیست، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کاریگەری-حێکمەتیست، سازمانی راهی کاریگەر، سازمانی فەداییان(ئەقەلییەت) و هەستەی ئەقەلییەت