کرێکاران و ستەملێکراوانی جیهان لە هەلومەرجێکدا پێشوازی لە ئەوەڵی مانگی مەی، ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی چینی کرێکار دەکەن کە نیزامی سەرمایەداری، جیهانی بەرەوڕووی هەژاری و نەهامەتی، قەیران و ئائەمنی، ئاوارەیی و بێسەرپەنایی، کێبەرکێی ئیمپریالیستی و شەڕی ماڵوێرانکەر کردووە و کرێکاران لە باروودۆخێکی کۆمەڵایەتی و بژێویی یەکجار نالەباردا بەسەر دەبەن. ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی یەکجار نالەبارتر بووە و چەوسانەوە و دیکتاتۆری و بێمافی بەوپەڕی خۆی گەیشتووە.
قەیرانی گشتگیری کۆرۆنا پتر لە ٦ ملیۆن کەسی کردووەتە قوربانی، بێکاری و بێماڵوحاڵی بەرۆکی ملیۆنان کرێکار و زەحمەتکێشی لە سەرتاسەری جیهان گرتووە، مەودای نێوان هەژاری و سەروەت زیاتر لە هەموو کاتێکە و بۆشایی چینایەتی بەرینتر بووەتەوە و لە یەک کەلامدا ژیانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی جیهان پتر لە ڕابردوو کەوتووەتە مەترسییەوە و لەناوچووە. ئەگەرچی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ٩٩ لەسەدی حەشیمەتی جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو هەژارتر بوون، بەڵام سەروەت و سەرمایەی دەوڵەمەندە گەورەکانی جیهان لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر زیادی کردووە. قەیرانی کەشوهەوا، شەڕ و کێشمەکێشی دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان لە ئۆکراین و شەڕی نیابەتی لە ناوەندە قەیراناوییەکان، جیهانی بەرەو باروودۆخێکی خۆفناک و کارەساتبارتر بردووە و نەهامەتیی ئابووری و کۆمەڵایەتیی بێئەژماری بەسەر چەوساوەکان و بێبەشانی جیهاندا سەپاندووە.
ئەگەرچی هێرشی نیزامیی دەوڵەتی ئیمپریالیستیی ڕووسیە بۆسەر ئۆکراین، هێمای گۆڕانکاریی هاوسەنگیی هێز لەئاستی نێونەتەوەیی و هەوڵ بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی جیهانە لە نێوان بلۆکە ئیمپریالیستەکاندا، بەڵام ئەم شەڕە هاوکات کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵیشی لەسەر ژیانی زۆربەی کرێکاران و بێبەشانی جیهان داناوە. تێکهەڵکێشراوبوونی ئابووریی جیهانی سەرمایەداری باروودۆخێکی خوڵقاندووە کە ئەم شەڕ و ناسەقامگیرییانە بووەتە هۆی چوونەسەرەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی سووتەمەنی و خۆراک و باقیی کاڵا ئەساسییەکانی دیکە و باروودۆخی ژیانی ملیاردها ئینسانی ڕەنجدیتووی لە سەرتاسەری جیهان خراپتر کردووە. لەئاکامدا، تێچووی ژیانی بۆ چینی کرێکار و هەژارانی کۆمەڵگە بەجۆرێک بردووەتە سەرێ کە توندبوونەوەی هەژاری و فەلاکەتی لێ کەوتووەتەوە. هاوکات کێبەرکێی تەسلیحانی لەنێوان دەسەڵاتەکانی سەرمایەداری و تەرخانکردنی سەدان ملیارد دۆلار بە کەرەستەی نیزامی و ئەنبارەکانی شەڕ و پەرەسەندنی بێوێنەی فەزای میلیتاریستی، پانتاییەکی هەوسارپچڕاوی بەخۆی گرتووە. ئاشکرایە کە ئەم بوودجە بەرینە نیزامی و تەسلیحاتییانە لە ژیانی کرێکاران و بێبەشانەوە دەدرێت و لە بەرامبەردا تێچووی خزمەتگوزاری و خۆشبژێویی زۆربەی چەوساوەکانی کۆمەڵگە کەم دەکرێتەوە.
کرێکاران و ڕەنجبەرانی جیهان شەڕ و کوشتار، برسیەتی و بێبەشی و چەوسانەوەی سەرمایەدارییان بۆ تەحەمول ناکرێت و لەدژی خۆڕاگری و خەبات ڕێک دەخەن. لە جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدا و لە کاردانەوە بەم باروودۆخە فەلاکەتبارەدا، شەپۆلێکی تازە لە ڕاپەڕینی ناڕەزایەتیی کرێکارن و بێبەشان سەری هەڵداوە و شەقام سەرلەنوێ بووەتە گۆڕەپانی خەبات دژبە هەژاری و نەهامەتیی و بێعەداڵەتیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکاندا.
لەم ڕووەوە، ئەمساڵیش کرێکاران شەقامەکان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاردا دەکەنە گۆڕەپانی پەیکاری چینایەتی و هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران و ستەملێکراوان دژبە سەرمایەداران و دەوڵەتانی سەرمایەداری و دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکان. با لەم مارشە چینایەتییە جیهانییەدا چالاکانە بەشداری بکەین و بە دەنگی ڕەسا ڕایگەیەنین کە شەڕ لە ئۆکراین، شەڕی سەرمایەداران و ئیمپریالیستەکانە و هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندی کرێکاران و ستەملێکراوانی ئەم وڵاتانەوە نییە. لەو جێگەوە کە ڕیزبەندیی و شەڕخوازیی ئیمپریالیسمی ڕووسیە و دەسەڵاتە ئیمپریالیستەکانی بلۆکی ناتۆ بۆ زۆربەی خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمێلکراوی جیهان بێجگەلە کوشتار و وێرانی و وەحشیگەری هیچ ئاکامێکی نەبووە و ناشیبێت، ئەرکی مێژوویی و خەباتکارانەی چینی کرێکار، خەڵکی ئازادیخواز و هێزە چەپ و سۆسیالسیتەکانی سەرتاسەری جیهان ئەوەیە کە بە کۆبوونەوە لە ڕیزی سەربەخۆ و چینایەتیی خۆیاندا، ئەم شەڕە بکەنە پەیکاری چینایەتی دژبە دەوڵەتانی سەرمایەداری لە وڵاتانی خۆیان و دژبە هەموو لایەنە ئیمپریالیستەکان.
هەڵسووڕاوانی چەپ و کۆمۆنیستی ئێرانی و ئەندام و لایەنگرانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران لە دەرەوەی وڵات پێویستە بە بەشداریی چالاکانەیان لەم مارشە جیهانییەدا، لە خواست و داخوازیی ڕەوای کرێکارانی ئێران و ئازادیی هەڵسووڕاوانی کرێکاریی بەندکراو و بەندکراوانی سیاسیی ناو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی دیفاع بکەن و هاوپشتیی ئەنترناسیۆنالیستیی هاوچارەنووسانیان بەرەو خۆیان ڕابکێشن.
بژی هاوپشتیی نێونەتەوەیی کرێکارانی جیهان
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٢١ی ئەپریلی ٢٠٢٢
١ی گوڵانی ١٤٠١