بەیانی هەینی ١٩ی مانگی گوڵان حاکمانی ئینسانکوژ و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی بە ئێعدامی بەندکراوانی سیاسی مەجید کازمی، سەعید یەعقوبی و ساڵح میرهاشمی لاپەڕەیەکی نگریسی دیکەیان بە پەروەندەی پڕ لە تاوان و دەڕندەیی خۆیان زیاد کرد.
هەواڵی کورت بەڵام دڵتەزێنی ئێعدامی ئەم تێکۆشەرە بێ دیفاعانە لە حاڵێکدا بڵاوکرابووەوە کە شەپۆلی پەرەستێنی تووڕەیی و ئینزجاری جەماوەری خەڵکی ئێران بەتایبەت لە شارەکانی ئیسفەهان و کوردستان و شوێنەکانی تری ئێران هاوڕێ لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایەتیی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دژبە ئەشکەنجە و ئێعدام، بەرەو ئەو مەسیرە دەڕۆیشت تا کۆماری ئیسلامی بخاتە تەنگناوە.
شەپۆلی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی لەماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا بەردەوام خێراتر بووەتەوە. بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان، ڕژیم لەماوەی یەک مانگدا نزیکەی سەد کەسی لە شارەکانی ئێران ئێعدام کردووە.
سزای ئێعدام وەک قەتڵی عەمدی دەوڵەتی و جەنایەتی سازماندراو لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا یەکێک لە پایە ئەساسیەکانی درێژەی دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە. درێژە و پەرەپێدانی کوشتاری زیندانیان و بەتایبەت زیندانیانی سیاسی کاردانەوەی جنوناویی ئەو نیزامەیە کە لەوپەڕی بێتوانایی لە دابینکردنی سەرەتاییترین ماف و داخوازیی خەڵک و لە ترسی ڕووخانی دەسەڵاتەکەی، ڕووی کردووەتە ئەشکەنجە و ئێعدام و سەرکوتی نەیارانی.
شەپۆلی مەزنی ئیعتڕاز و مانگرتنی کرێکاران، ژنان، خوێندکاران و باقیی جەماوەری زەحمەتکێشی خەڵک هەروا بەردەوامە. سیاسەتەکانی ڕژیم بەرانبەر بە ژنانی بێ حیجاب و هەروەها هێرشی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان بەرەوڕووی شکست بووەتەوە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی ڕەوای خانەنشیان و کرێکارانی نەوت و پێترۆشیمی بەشێوەی جۆراوجۆر ئیدامەی هەیە و ترسی گەشانەوەی دووبارەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک، گشت نیزامی داگرتووە. ئێعدامەکانی هەتا ئێستا کاردانەوەی هەمیشەیی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامییە وەک کردەوەیەکی پێشگرانە بۆ داسەپاندنی ترسی و وەحشەت و بێدەنگکردنی جەماوەر.
کۆماری ئیسلامی بەباشی دەزانێت کە دەسەڵاتەکەی دەڕووخێت. جەماوەری کرێکار و خەڵکی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕی ئێران دەمێکە بۆ ڕووخاندنی ئەم دەسەڵاتە عەزمیان جەزم کردووە. ڕژیم باش دەزانێت کە بەم جەنایەتانە ناتوانێ شەپۆلی خرۆشاوی جەماوەری وەگیانهاتوو ڕابگرێت. بەڵام بەم حاڵەوە هەوڵ دەدات بەم تاکە بژاردەیەی، چەند ساتێکی تر بە تەمەنی نگریسی دەسەڵاتەکەی زیاد بکات.
بێگومان خەڵکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی ئێران، جەماوری کرێکار و زەحمەتکێش، ژنان، خوێندکاران و هەموو ئەوانەی وا چیتر حازر نین ئەم گشتە جەنایەت و دڕندەیی و بێعەداڵەتییە تەحەمول بکەن، وڵامی ڕژیم بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی خۆیان دەدەنەوە.
کۆمیتەی دەەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو ئینسانێکی تێکۆشەر و ئازادیخواز دەکات یەکپارچە و یەکدەنگ لە هەر شوێنێکی جیهان کە هەن، ببنە دەنگی ڕەسا و دادخوازیی زیندانیانی سیاسیی ئێران. سەرانی ڕژیم دەبێ وڵامی پێویستیان پێ بدرێتەوە. بە هەر شێوەیەک کە دەکرێ، بە ئاکسیۆن و بە خۆپیشاندان و بە مانگرتن، بە ناردنی نامە و دیدار لەگەڵ ناوەند و کەسانێک کە داکۆکیکاری مافی ژیان و دژی ئێعدام و زیندان و ئەشکەنجەن، پێویستە کۆماری ئسیلامی لە دەرەوەی وڵات بخرێتە ژێر گوشارەوە. ڕاگرتنی ئەشکەنجە و ئێعدام، ئازادیی کرێکارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی و عەقیدەتی، ئازادی هەموو دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایانە و خواستی مەحکوومکردنی ڕژیم لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت دەرکردنی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەم ناوەندانە، پێویستە خواستی سەرەکیمان بێت.
بەندکراوی سیاسی دەبێ ئازاد بکرێت!
ئەشکەنجە و ئازار و ئێعدامی بەندکراوان لە ئێران پێویستە دەستبەجێ ڕابگیرێت!
بڕووخێ کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٩ی مەی ٢٠٢٣