فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی”
یەکشەممە ۱۸-۰۶-۱۴۰۳   |  08-09-2024

بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران بەدژی ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا لە دووهەمین ساڵیادی قەتڵی دەوڵەتیی ژینا (مەهسا) ئەمینی نزیک دەبێتەوە کە شەپۆلەکانی مانگرتنی کرێکاری لە ناوەندە سەنعەتییەکانی نەوت و گاز و پێترۆشیمی، ناڕەزایەتیی شکۆمەندی هەزاران پەرستار لە سەرتاسەری وڵات، ناڕەزایەتیی موعەلیمان، خانەنشینان و خۆڕاگریی پڕ گڕوتینی بەندکراوانی سیاسی، ژنان و باقیی جەماوەری وەگیانهاتوو و ناڕازی بەرامبەر بە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی درێژە هەیە.

لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ڕژیمی تاوانکاری ئیسلامیی ئێران بە پەرەپێدانی سەرکوت، دەرکردن، زیندان و ئێعدامی ناڕازییان، هەوڵی داوە بەر بە گەشەی ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بگرێت. دەسەڵاتێک کە لەسەر بنەمای چەوسانەوە، هەژاری، نەهامەتی، هەڵاواردن و گەندەڵی دامەزراوە، لەڕێگەی ئەشکەنجە، سەرکوت و پێکهێنانی بەربەستی زیاتر بۆ کرێکاران، ڕووناکبیران، هونەرمەندان و نووسەران و جەماوەری ناڕازیی دیکە، لە هەوڵی کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازیی خەڵکدایە. بەڵام هیچ کام لەم هەوڵانە نەیتوانیوە عەزم و ئیرادەی قایمی خەڵک بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە لاواز بکات.

دووهەمین ساڵیادی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، کە بە کوشتنی مەهسا ئەمینی دەستیپێکرد و لەدرێژەدا زیاتر لە ٦٥٠ کەس لە ناڕازییان گیانیان بەختکرد، هاوکاتە لەگەڵ ٣٦هەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی زیندانیانی سیاسی لە هاوینی خوێناوی ساڵی ٦٧ی هەتاوی. کۆماری ئیسلامی بە تاوانی ترسناکی کوشتنی هەزاران بەندکراو دەیهەویست خەبات و موقاومەت تێکبشکێنێت و بزووتنەوەی ئازادیخوازی لەناوبەرێت. ئەگەرچی ئەو کوشتارە وەحشیانەیە برینێکی قووڵی لەسەر جەستەی بزووتنەوەی ئازادی و بەرابەری بەجێهێشت، بەڵام هەرگیز نەیتوانی ئیرادەی پۆڵایینی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی و سۆسیالیزم لاواز بکات. خەباتی ئێستا لە ئێران شایەد و بەڵگەی زیندوویە بۆ درێژە و گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لەپێناوی ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاوانکاری کۆماری ئیسلامی.

لە دووهەمین ساڵیادی ئەم بزووتنەوەیەدا، ئێرانییە ئازادیخواز و تێکۆشەرەکانی دەرەوەی وڵات هاوڕێ و هاودەنگ لەگەڵ بەندکراوانی سیاسی، بنەماڵە دادخوازەکان، کرێکاران و باقیی جەماوەری ناڕازی، گەلێک ئاکسیۆن و بەرنامەی خەباتکارانە و حمایەتییان ڕێکخستووە. کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانی لەم حەرەکەتانە، داوا لە هەموو هێزێکی خەباتکار، چەپ و کۆمۆنیست دەکات لەم بەرنامانەدا چالاکانە بەشدار بن و ڕژیمی ئینسانکوژ و تاوانکاری کۆماری ئیسلامی زیاتر لە ڕابردوو لەبەرچاوی خەڵکی جیهان ڕسوا بکەن.

پڕتوانا بێت بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران!

بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی

بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری!

کۆمیتەی ڕێکخراوی دەرەوەی وڵاتی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سێپتامبەری ٢٠٢٤